ڕزگاربوویەکی عێراقی ترسناکییەکانی زیندانەکانی داعش دەگێڕێتەوە
هەیفا خەلەف بە دەنگێکی گریاناوییەوە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و باس لەو ساتە دەکات کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندراو ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی درا.

رەجا حەمید ڕەشید
عێراق-لەنێو ئەو ساڵانەی شەڕ و وێرانکاریدا کە عێراق لە کاتی کۆنترۆڵکردنی چەند شارێکی داعشدا شاهیدی بوو، چیرۆکی ئازاربەخشی قوربانیانی مەدەنی سەریهەڵدا، کە کاریگەرییە دەروونی و کۆمەڵایەتییەکانی تا ئەمڕۆش ماونەتەوە، لەنێو ئەم چیرۆکانەدا شایەتحاڵی هەیفا خەلەف، یەکێک لەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە ڕفێندرا و زیندانی کرابوو، ئەم شایەتحاڵە وەک بەڵگەیەکی زیندوو کاردەکات لەسەر ڕادەی ئەو ئازار و مەینەتیانەی کە هاوڵاتیانی مەدەنی و بەتایبەت ژنان لەم قۆناغە سەختەدا بەرگەی دەگرن.
هەیفا خەلەف تا ئێستاش بەدەست کاریگەرییەکانی ئەو ئەزموونە سەختەیەوە دەناڵێنێت کە لەکاتی دیلبوونیدا لەلایەن داعشەوە پێیدا تێپەڕیوە، هێشتا نەیتوانیوە بەسەر ئەو یادەوەرییە ئازاربەخشانەدا زاڵ بێت کە لە هەموو ساتێکدا هێرشیان کردووەتە سەری، پەنا بۆ دەرمانی هێورکەرەوە دەبات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ترس و ناڕەحەتییە دەروونییەی کە لە ئەنجامی ئەو قۆناغە سەختەوە دێتە ئاراوە.
هەیفا خەلەف باسی وردەکاری ئەو ئەزموونەی کرد، دەنگی بە فرمێسک و ئازارەوە، هەرگیز لەبیرم ناچێتەوە کە بە چیدا تێپەڕیم، خراپترین ئەزموونی ژیانم بوو، ئەو ڕۆژەی لە ٢ی ئایاری ٢٠١٦ لەلایەن داعشەوە ڕفێندرام، بارودۆخەکە لە ڕادەبەدەر سەخت بوو. هاوژینەکەم و کوڕی ھاوژینەکەم و سێ براکەم لە ماڵەکەمانەوە بردراین، هیچم لەبارەی منداڵەکانم و خێزانەکەمەوە نەدەزانی.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە پشتبەستن بە سکاڵای ئەندامانی داعش یان کەسانی ناوچەکەمان دەستگیرکراوم، لەڕاستیدا کۆمەڵێک ژنی شاری رمانە خۆپیشاندانیان دژی داعش ئەنجامدا، ئەمەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی زیندانیکردنمان، بە توندی لەلایەن ژنانی داعشەوە لێمدرا تا لە مانگی پێنجی دووگیانیمدا لەئەنجامی ئەو ئەشکەنجەیەدا لەبارچووم.
ڕوونیشیکردەوە، ژنانی ناوچەکانی قائیم و رومانە لەلایەن داعشەوە ڕفێندران، جا موسڵمان بن یان ئێزدی، لەسەر بنەمای بانگەوازی بەدخوازانە یان تۆمەتی هەڵبەستراو، ئەو ژنانەی جلی فەرمان پێکراوی داعشیان لەبەر نەکردبوو، لە شەقامەکاندا دەگیران.
لەگەڵ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق لەلایەن داعشەوە، وەک قائم و رمانە، زۆرینەی ئەو ژنانەی بەرپرسیارن لە بەڕێوەبردنی زیندانەکان هاوڵاتیانی ناوچەی سنووری بوکمال لە سووریا بوون، ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەلایەن داعشەوە لەم ناوچانە دەستگیرکراون گەیشتە نزیکەی ٥٠٠ ژن.
وەرەقەی ئازادی و ئازادی مەرجدار
هەیفا خەلەف باس لە سەختترین ساتەکانی ژیانی دەکات، کە داعش هەوڵیدا گفتوگۆی لەگەڵ بکات سەبارەت بە بەخشینی گورچیلەکەی لە بەرامبەر ئازادکردنیدا، بڕیاربوو نەشتەرگەرییەکە دوای واژۆکردنی بەڵێننامەکە بێت، لە نەخۆشخانەیەک بەناوی "نەخۆشخانەی عائیشە"، دوای سێ ڕۆژ لە نەشتەرگەرییەکە دەگەڕێندرێتەوە بۆ خێزانەکەی.
دواتر هەیفا خەلەف ئازاد کرا، دوای ئەوەی هاوژینەکەی و براکەی لەگەڵ داعش گەیشتنە ڕێککەوتن، کە بریتی بوو لە بەدەستەوەدانی تەواوەتی کەلوپەلەکانیان - ماڵ و ئۆتۆمبێل و پارەکانیان - لە بەرامبەر ئازادکردنیدا، پاشان هەیفا خەلەف بە نووسراوی بەڵێننامەیەکی واژۆ کرد کە ناوچە ئازادکراوەکان چۆڵ نەکات، ٨ مانگ پێش ئازادکردنی شارەکانی عێراق لە دەستی داعش لە ساڵی ٢٠١٧ ئازاد کرا.
سەبارەت بە قۆناغی دوای ڕزگاری، ئاماژەی بەوەدا کە دوای ئازادکردنی، ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری بووەتەوە، تا ئەمڕۆش نەیتوانیوە ژیانێکی ئاسایی بژی، هەموو شتێکی لەدەستداوە: پارە و ماڵەکەی و سەقامگیرییەکەی، هاوژینەکەم و منداڵەکانم و خێزانەکەم بەدەست کاریگەرییە دەروونییە توندەکانەوە دەناڵێنن، لە کاتی ڕفاندنەکەمدا دوو برام لەدەستدا، تا ئەمڕۆش نەدۆزراونەتەوە.
پابەندبوون بە هیواوە سەرەڕای ئازارەکانیان
سەرەڕای ئازارەکانی، هەیفا خەلەف ئاماژە بەوە دەکات کە ڕزگاربووان بەردەوامن لە یەکتربینین، بە هیواوە لکێنراون، چاوەڕوانی قەرەبووکردنەوە و پشتیوانی دەکەین، بەڵام دەزانین هیچ بڕە قەرەبوویەک ئەو برینە دەروونییانە ساڕێژ ناکات کە هەڵیدەگرین، سەرەڕای ئەوەش هیوادارین بەسەر ئەو بارودۆخە سەختانەدا زاڵ بین، زۆرێک لە ئازیزان و خزم و هاوڵاتیانی ناوچەکەمان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر دەستگیرکراو هەن کە ناتوانن قسە بکەن، یان لە ترس یان لەبەر ئەوەی خێزانەکانیان ڕێگرییان لێدەکەن، ئێمە لە قائم و رمانە کەمینەیەکی کەمین کە توانیومانە قسە بکەین، ئێمە دەڕفێندرێین و زیندانی دەکرێین، نەک دیل، خوشکە ئێزدییەکانمان بە ئەزموونی زۆر سەختتردا تێپەڕیون، ئەوان تووشی دەستدرێژی و ئازاردان بوون، لە کاتێکدا ئێمە نەبووین، بەڵام هەر یەکێک لە ئێمە تۆمەتێکی دیاریکراومان هەبوو، ئەو ژنە بە بیستنی چیرۆکی ڕزگاربووانی ئێزدی، ئازارەکانی خۆی دەربڕی، بەو هیوایەی ئەم قۆناغە تاریکە لە مێژووی وڵاتدا هەرگیز دووبارە نەبێتەوە.
هەیفا خەلەف دۆخی شاری قائم و ناوچەکانی دەوروبەری بە یەکێک لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی ژیانیان پێناسە دەکات، بەو پێیەی خێزانەکان بە تەواوی بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە وێران بوون، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی فەرمی دەکات بۆ دووبارە لێکۆڵینەوە لە بارودۆخی هاوڵاتیانی قائم.
ئەم شایەتحاڵییە نوێنەرایەتی یەکێک لە دەیان چیرۆکی ترسناک دەکات کە چەوساندنەوەی داعش بۆ دەستگیرکراوەکان بەتایبەت ژنان ئاشکرا دەکات لە مامەڵەکاندا کە یاسا مرۆیی و ئایینییەکان پشتگوێ دەکەن.