چیرۆکی ئەو ژنانەی سەربخۆیی خۆیان دروست کرد و ڕووبەڕووی تێڕوانینی کۆمەڵگەی تونس بوونەوە

زۆرێک لە ژنانی جیابووەوە دەست دەکەن بە گەشتێکی سەخت کە لە زاڵبوون بەسەر کاریگەرییەکانی توندوتیژی خێزانیدا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕوانگەیەکی کۆمەڵایەتی، بەدوای سەربەخۆیی ئابووریدا دەگەڕێن وەک ڕێگەیەک بۆ وەرگرتنەوەی متمانە.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس ـ لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای سیدی بوزید، ئازاری هەندێک لە ژنان کۆتایی نایەت بە دەرچوونیان لە بازنەی توندوتیژی خێزانی، چونکە خۆیان دەبیننەوە لە بەردەم ئاڵەنگارییەکی نوێدا کە خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی تێڕوانینێکی کۆمەڵگەییدا دەبینێتەوە کە هێشتا جیابوونەوە بە چەواشەکارییەوە دەبەستێتەوە لەبری ئەوەی بە دەستپێکێکی ڕێڕەوێکی نوێ، سەرەڕای قورسی فشارە کۆمەڵگەیی و ئابوورییەکان، هەندێک لە ژنانی جیابووەوە بڕیاریان دا ئەزموونەکانیان بگۆڕن بۆ خاڵی دەستپێک، لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک و دەستپێشخەری تاکەکەسییەوە کە توانای پێدان بۆ بەدیهێنانی سەربخۆیی ماددی و مەعنەوی، سەلماندنی ئەوەی کە جیابوونەوە کۆتایی ڕێگا نییە، بەڵکو ڕەنگە سەرەتایەک باش بێت بۆ گەڕاندنەوەی کەرامەت و دروستکردنی داهاتوویەکی جیاواز.

 

پڕۆژەیەکی بچووک دەرگای هیوا دەكاتەوە

لە یەکێک لە گوندەکانی بەڕێوەبەرایەتی رەقاب لە پارێزگای سیدی بوزید، جیابوونەوە بۆ مەروا جابللی کۆتایی چیرۆکێکی پڕ ئازار نەبوو، بەڵکو دەستپێکی ڕێڕەوێکی درێژ بوو کە گرتییەبەر بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی و بونیادنانی داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ خۆی و سێ منداڵەکەی، دوای ساڵانێک لە توندوتیژی و فشاری کۆمەڵگەیی.

 

مەروا جابللی، کە زیاتر لە پێنج ساڵە لە هاوژینەکەی جیابووەوە، وتی: تێڕوانینی کۆمەڵگەیی و دادوەری پێشوەختە بەدوایدا بوون وەک ژنێکی جیابووەوە، هەمووان چاودێری ڕفتار و جووڵەکانمیان دەکرد، هەموو کات قسەم دەبیست کاتێک دەچوومە دەرەوە بۆ بەدیهێنانی کاروباری منداڵەکانم یان بۆ گەڕان بەدوای هەلێکی کاردا، تا ئەو ڕادەیەی هەستم دەکرد وشەی (چیابووەوە) لە پێش ناوەکەمەوەیە لە هەر شوێنێک کە بچم.

 

ئاماژەی بەوەش کرد، کە تێڕوانینی کۆمەڵگەیی لەگەڵ جیانوونەوە بوو لە سەرەتادا ناچاری کرد بۆ گۆشەگیربوون و ترس لە ڕووبەڕووبوونەوەی کەسانی تر، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا تێگەیشت کە خۆبەدەستەوەدان بارودۆخی ناگۆڕێت، دەبێت خۆی ڕێگای خۆی دروست بکات، بۆیە بڕیاری دا ئەزموونێکی نوێ تاقی بکاتەوە لە بواری پیشە دەستییەکان و دروستکردنی شیرینی ماڵەوە، سەرەڕای سنوورداربوونی توانا و بەربەستەکانی لە سەرەتادا ڕووبەڕووی بوونەوە، وتی: دەستم کرد بە بەرهەمهێنانی بڕێکی کەم لە ناو ماڵەکەمەوە، پاشان پەیوەندیم کرد بە خولی ڕاهێنانەوە کە یارمەتیدان بۆ پەرەپێدانی لێهاتووییەکانم و باشترکردنی بەرهەمەکانم،  لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا، بازنەی کڕیارەکانم فراوانتر بوو، سوودمەند بووم لە دەرفەتە جیاوازەکان بۆ ناساندنی کارەکەم".

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە پڕۆژەکە خاڵی وەرچەرخان بووە لە ژیانیدا، چونکە متمانەی بەخۆی بۆ گەڕاندەوە، هەستی توانایی و سەربخۆیی پێبەخشی، دوای ئەوەی کە دەترسا لە دادوەری کەسانی تر و لێدوانەکانیان، بووە کەسێک کە گرنگی بە خۆی بدات لەسەر پەرەپێدانی کارەکەی، تا ڕەخنەکانی سەرەتای بگۆڕێن بۆ وشەی ڕێز و هاندان دوای ئەوەی سەرکەوتنی خۆی سەلماند.

 

ڕوونیکردەوە، گواستنەوەی لە ژنێکی جیابوەەوە و سنووردارکراوی کۆمەڵگەییەوە بۆ ژنێکی سەربەخۆ کە پشت بە خۆی دەبەستێت ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر منداڵەکانیشی، وتی: تەنها بارودۆخی من نەگۆڕا، بەڵکو منداڵەکانیشم گۆڕان، ئەوان بوون بە کەسانی کراوەتر و خواستی زیاتریان بۆ ژیان هەبوو، هانیان دەدام بۆ بەردەوامبوون لە پڕۆژەکەم و هەستیانبە شانازییان دەکرد بەوەی بەدیمهێناوە، هەروەها پەیوەندی لەگەڵیاندا بووە بە نزیکتر و گەرموگوڕتر دوای ئەوەی ڕزگارم بوو لەو فشارە دەروونیانەی کە ڕێگر بوون لە دەربڕینی هەستەکانم بەرامبەریان.

 

مەروا جابللی جەختی لەوە کردەوە، کە سەربخۆیی ئابووری گرنگترین هۆکار بوو لە گۆڕینی ڕێڕەوی ژیانیدا، چونکە توانای پێبەخشی بۆ بڕیاردان بە ئازادی و گەڕاندنەوەی هەستی کەرامەت و متمانە، وتی: ژن تواناى تێپەڕاندنی سەختییەکانی هەیە کاتێک ئیرادەی هەیە و ڕێگا نادات دادوەری کۆمەڵگەیی داهاتووی دیاری بکات، هەروەها جیابوونەوە کۆتایی ژیانم نەبوو، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی پارێزراوتر و بەکەرامتتر بوو بۆ من و منداڵەکانم، دوای ئەوەی توانیم بازنەی توندوتیژی بشکێنم و ئازار بگۆڕم بۆ پڕۆژە و دەرفەتێکی نوێ بۆ ژیان.

دەستپێکی قۆناغێکی نوێ

فاتمە عەبدلی ئەزموونێکی هاوشێوەی تاقی کردەوە، لەو ماوەیدا ڕووبەڕووی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژنی جیابووەوە بووەوە، پێش ئەوەی لە پڕۆژەی تایبەتی خۆیدا ئامرازێک بدۆزێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی ژیانی و بونیادنانی سەربخۆیی و بەهێزکردنی متمانەی بەخۆی.

 

فەتیمە عەبدلی دەگێڕێتەوە کە هاوسەرگیرییەکەی ئەزموونێکی سەخت بوو کە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی پێناسەی دەکرد وتی: هاوژینەکەم بەردەوام هێرشی دەکردە سەرم، گەیشتە ئەوەی کە جارێک لە سەری دام و برینداری کردم بە شووشەیەک، تا ئەمڕۆش دەناڵێنم بەدەست کاریگەری ئەو برینەوە، هەر بۆیە  بڕیاری جیابوونەوەمدا، سەرەڕای سەختییەکەی، دەستپێک بوو بۆ ڕێڕەوێکی نوێ، بەڵام بێ ئاڵەنگاری نەبوو، چونکە خۆی بینیەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بارودۆخی بژێوی سەخت، لەگەڵ دادوەری کۆمەڵگەیی کە بەدوای ژنی جیابووەوە دەگەڕێن، کە ڕووبەڕووی ئەو قۆناغە بووەوە بە تەنها، بێ پشتگیری خێزانی، پشتبەستنی سەرەکی خۆی بوو و باوەڕی بە تواناى هەبوو بۆ تێپەڕاندنی کارەساتەکە، بڕیارم دا ئازارم بگۆڕم بە هێزێک کە پاڵم بنێت بەرەو پێشەوە، بۆیە دەستم کرد بە پشت بەستن بە خۆم ئابوورییەن، لە سەرەتادا پڕۆژەیەکی بچووکی فرۆشتنی نانم دەستپێکرد، پاشان پەرەم بە چالاکییەکەم دا دواتر فرۆشگایەکم کردەوە، پێش ئەوەی بگوازمەوە بۆ بواری بازرگانی ماددە پلاستیکییەکان.

 

فەتیمە عەبدلی ئاماژەی بەوەشکرد کار کردن خاڵی وەرچەرخانی ڕاستەقینە بوو لە ژیانیدا، چونکە سەربخۆیی و متمانەی بەخۆی پێبەخشی، توانای پێبەخشی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکانی بێ پشت بەستن بە کەسانی تر. بۆیە داوا لە ژنان دەکات کە سەربخۆیی خۆیان بونیاد بنێن و داهاتوویان نەبەستنەوە بە بونی کەسێکی ترەوە، پێش جیابونەوە کەسایەتیم لاواز بوو، بەرگەی بێڕێزی و توندوتیژیم دەگرت بێ توانایی لە بەرگریکردن لە خۆم، بەڵام ئەزموونەکە گۆڕیمی بە تەواوەتی، بووم بە کەسێکی بەهێزتر و متمانەدارتر، گۆێ نەدان بە قسەی کەسانی تر بکەم، چونکە باوەڕدارم بە تواناکانم و بە مافی خۆم لە ژیان لەگەڵ کەرامەتدا هەیە.

 

 پەیامێکی ئاراستەی ژنان کرد، تیایدا داوای کرد کە فشارە کۆمەڵگەییەکان بگۆڕن بۆ پاڵنەرێک بۆ سەرکەوتن، ڕێگا نەدان بە دادوەری پێشوەختە یان تێڕوانینی کەسانی تر بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوی ژیانیان، وتی: هێزی ژن لە متمانەی بەخۆی و توانای پشتبەستن بە خۆیەوە دەست پێدەکات.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا فاتمە عەبدولی وتی: بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە جیابوونەوە کۆتایی ئەزموونی نەبوو، بەڵکو خاڵی دەستپێک بوو بەرەو کەسایەتییەکی نوێ، دوای ئەوەی کە قورس بوو کە بەرگری بکات لە خۆی، ئەمڕۆ بووە بە کەسێکی توانادارتر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم، داواکردنی مافەکانی، پاراستنی کەرامەتی بە متمانەوە و بێ ترس.