ژنان خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک ئامادە دەکەن

ژنانی زرگان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ساڵانێکە هێرشی دەوڵەتی تورکیای لەسەرە بە خوێندنەوەی مانێفیستۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، خۆیان بۆ پڕۆسەکە ئامادە دەکەن.

سۆرگۆڵ شێخۆ


زرگان-ڕۆژی ٢٧ی شوبات، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ، بانگەوازی بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بڵاوکردەوە، کە لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆییدا دەنگی دایەوە، بۆیە ئەمڕۆ ژنانی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەیانەوێت ئەم بانگەوازە بخوێننەوە و قووڵببنەوە لە وردەکارییەکانیدا، لە شاری زرگان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کە ساڵانێکە بەرەنگاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەبێتەوە، ژنان بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی ستار مانێفیستۆ بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەخوێننەوە.


ئەو ژنانەی بەشداربوون لە خوێندنەوەکەدا بۆچوونەکانیان خستەڕوو و ڕایانگەیاند کە بە خوێندنەوەی مانێفیستۆکە خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک ئامادە دەکەن.


"بۆ ئەوەی کۆمەڵگە دیموکراتیزە بکەین، پێویستە باوەڕمان بە دیموکراتیک هەبێت"
مەریەم قاسم، ئەندامی ئەنجومەنی دادپەروەری ژنان، ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ساڵانێکە لەبەرامبەر هەموو جۆرە هێرشێکی جەستەیی و دەروونییە بۆ سەر ئیمرالی بەرخۆدان دەکات و وتی: پێویستە پێشەنگایەتی خۆمان بەهێزتر بکەین، پێویستە ئەم پرۆسەی ئاشتییە لەسەر ئیمرالی لە مەیدانەکاندا پێشەنگایەتی بکەین، ئەگەر کۆمەڵگە بونیاد نەنرێت و ڕێک نەخرێت، بەدڵنیاییەوە دیموکراتی نابێت، بۆیە دەبێت لە ململانێیەکی بەردەوامدا بین و کۆمەڵگەکەمان دیموکراتیزە بکەین، سەرەتا دەبێت کەسانی ئازادمان هەبێت کە باوەڕیان بە دیموکراتی هەبێت، ئەگینا جێبەجێکردنی پرۆسەکە بەدڵنیاییەوە پەککەوتە دەبێت.


"پێویستە هەموو کەسێک جێگەی خۆی لە پرۆسەکەدا بگرێتەوە"
مەریەم قاسم ئاماژەی بەوەدا کە گۆڕینی هۆشیاریش بەشداریکردنە لەو پرۆسەیەدا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کۆمەڵگە بە هەموو چین و توێژ و نەتەوە و ئایین و پێکهاتەکانیەوە دەبێت ڕێکبخرێت و گۆڕانکارییەکی ڕاستی ڕووبدات، بۆ ئەوەی تاکی دیموکراتی دروست ببێت، دەبێت واتای دیموکراتی بزانرێت دەبێت مرۆڤەکان دابمەزرێنن و گۆڕانکاری دەست پێبکات، ئەم کارە کارێکە کە کاتێکی زۆری دەوێت بۆ تەواوکردنی، گۆڕینی هۆشیاری و بیروباوەڕەکان ئاسان نییە و دەبێت هەمووان بەشداری پرۆسەکە بکەن.


"ژنان پێویستیان بە زیادکردن و بەهێزکردنی هێزی سەربازی خۆیانە"
ئاڵا حەمید، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی کۆنگرەی ستار، ڕایگەیاند، ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتی: ئەوانەی شەڕ دەکەن خۆیان ئاشتی دێنن، ئێستا کاتی زانیارییە، ئێستا پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی و سیاسەت دەستی پێکردووە، هەریەکەیان بەپێی پرۆسەکە بەکاردەهێنرێت، بۆیە دەبێت سەرەتا ژنان خۆیان پەروەردە بکەن، بەشداری خولی پەروەردەیی بکەن و بتوانن بەرەنگاری عەقڵیەتی پیاوسالاری بن، ئازادی خۆیان بەدەستبهێنن هەروەها دەبێت هێزی سەربازی خۆیان بەهێز بکەن و خۆیان پڕچەک بکەن و خۆیان بۆ ڕۆژانی سەختتر ئامادە بکەن.


"ڕێکخستن و بەردەوامی بە ڕێپێوانەکە"
ئاڵا حەمید جەختی لە گرنگی ڕێکخستن کردەوە و باسی لە بەرگریکردن لە پرۆژەی دیموکراتی کرد: بارودۆخەکە هەرچییەک بێت، مەحاڵە ئێمە دەستبەرداری پرۆژەکەمان بین، هێشتا شەڕ کۆتایی نەهاتووە، ناسەقامگیری بەردەوامە، ئەوەی پێویستە لەم کاتەدا بکرێت ئەوەیە کە کۆمەڵگە خۆی پەروەردە بکات و چەکداری بکات و ڕێکخستنەکەی بەهێز بکات، بۆ ئەوەی خۆی لە کوشتن و دەستدرێژی و پێشێلکردنی مافەکان بپارێزێت، بۆیە ژنان پێویستە ئەزموونی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەنە نموونە، ئێمە بە ڕێپێوان لەسەر بیرۆکە و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا یۆجالان بەهێزتر دەبین، پێویستە شوێن ڕاستی بکەوین و بزانین کێین و چی خوازراوە.