ئیسرائیل پلانی دەستبەسەرداگرتنی غەززەی پەسەند كرد
ئەمڕۆ نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویكردەوە، كابینەی ئەمنیی حكومەتی وڵاتەكەی پلانی ناتانیاهۆی بۆ دەستبەسەرداگرتنی تەواوەتی غەززە قبووڵ كردووە.

ناوەندی هەواڵ
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەززە بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە ١٥٥ هەزار كەسی دیكە برینداربوون.
ئەمڕۆ ٨ی ئاب، نوسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەبارەت بە پەسەندكردنی پلانی دەستبەسەرداگرتنی شاری غەززە ڕاگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوەو تێیدا هاتووە: زۆرینەی ئەندامانی كابینەی حكومەتی ئیسرائیل لە دوای كۆبوونەوەیەكی ١٠ كاتژمێری لەسەر پێنج مەرج ڕێككەوتوون بۆ كۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ حەماس، یەكێك لەو مەرجانە لەپێناو ئاسایشی ئیسرائیل دەستبەسەر كەرتی غەززەدا دەگرێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، مەرجەكانی دیكە بریتین لە چەكدانانی حەماس، گەڕانەوەی ٥٠ بارمتەی وڵاتەكەیان، لەنێویاندا ٢٠ بارمتەی زیندوو، چەكداماڵین لە تەواوی كەرتی غەزە و هەروەها، حكومەتێكی مەدەنی لە كەرتی غەززە پێكبهێندرێت، نە لەدەست حەماس بێت، نە لە دەست حكومەتی فەڵەستین.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ماوەی دەستبەسەرداگرتنەكە، ئیسرائیل یارمەتیی مرۆیی بۆ خەڵكی دەرەوەی ناوچەی شەڕ دابین دەكات.