سلێمانی، ڕۆژی جیهانی شانۆ بەرز ڕاگیرا

بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان ڕۆژی جیهانی شانۆ بەرز ڕاگیرا، شانۆییەک نمایشکرا، شانۆکارانیش باسیان لە هۆکاری کەمی شانۆ و ئاستەنگەکانی بەردەمیان کرد، بۆ ئەم ساڵیش وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ لەلایەن ژنێکەوە نوسرا

.

ناوەندی هەواڵ

 

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕۆژی جیهانی شانۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی لە درێژەی چالاکییەکانی هەفتەی ڕۆشنبیری سلێمانیدا، لەلایەن بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانییەوە مەراسیمێک بۆ ئەو ڕۆژە ڕێکخرا.

 

ڕۆژی جیهانی شانۆ لە دوای ١٩٦١ لە وڵاتی فەڕەنسا دیاریکرا، ئەمەش لەبەر ئەوەی لەو ڕۆژەدا فیستیڤاڵێکی تایبەت ڕێکخراو سێ شانۆی بەناوبانگ بە بەشداری کۆمەڵێک هونەرمەندی ناودار ئەنجام درا، دوای ئەو ڕۆژە کرایە ڕۆژی جیهانی شانۆ، ساڵانە لەم ڕۆژدا وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ لەلایەن شانۆکارێکەوە  دەنوسرێت، بۆ ئەمساڵیش لایەن هەڵەن مێرن شانۆکاری بەڕیتانیەوە وتارەکە نوسراوە.

 

هاوکات لە شاری سلێمانی بۆ ڕۆژی جیهانی شانۆ مەراسیمێک لەلایەن بەشی هونەری شانۆی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانیەوە بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و خوێندکارانی هونەرەجوانەکان ڕێکخرا.

 

لە سەرەتایی مەراسیمەکەشدا لەلایەن تاهیر عەبدوڵا بەڕێوەبەری بەشی شانۆی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری سلێمانی خوێندرایەوە، تێیدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد شانۆکاری کورد، نەک تەنها قەیرانی پەتایی بەڵکو کۆمەڵک قەیرانی دیکەی وەک گرنگیپێندان و نەبوونی بودجە بەرۆکی گرتوون، هەرچەندە بێ هیوابوون لە پاڵپشتیکردنی شانۆ بەڵام هێشتا هەوڵ بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان دەدەن.

 

دواتر لەلایەن ئەیوب ڕۆستەم نوێنەری وەزارەت وتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و هونەری هەرێمی کوردستان پێشکەشکرا، باسی لەوەکرد شانۆ خزمەتی زۆری بە گەلی کورد کردووە، ڕۆژگارێک هاوشێوەی پێشمەرگایەتی کارێکی پیرۆزبووە و پەیامی خۆشەویستی نەتەوەیی گەیاندووە.

 

پاشان لەلایەن کوێستان ڕەئوف فەرمانبەری بەشی هونەری شانۆ وتاری ڕۆژی جیهانی شانۆ خوێندرایەوە، کە ئەم ساڵ لەلایەن ژنە ئەکتەری بەڕیتانی "هەڵەن مێرین" نوسراوە، دەقی وتارەکە: ئەمە کاتێکی زۆر سەخت بوو بۆ نمایشی زیندوو، زۆر هونەرمەند، تەکنیشن و ئەو ژن و پیاوانەی کاری دەستیی دەکەن، لە پیشەیەکدا خەباتیان دەکرد کە خۆی لێوانلێوە لە مەترسیی.

ڕەنگە ئەو مەترسییە هەمیشەییە یارمەتی دابن تا بە زیرەکی و ئازایەتییەوە لەم پەتایە ڕزگاریان بێت لەم هەلومەرجە نوێیانەدا، توانییان ئەندێشەکانی خۆیان سەبارەت بە پەیوەندیکردن بگۆڕنە سەر چەندین شێوازی داهێنەرانە و چێژبەخش و کاریگەر بۆ ئەنجامدانی بەشێکی گەورەی ئەمەش، دەبێت سوپاسی ئینتەرنێت بکەین.

مرۆڤەکان، لەوەتەی لەسەر ئەم هەسارەیەن هەمیشە چیرۆکیان بۆ یەکتر گێڕاوەتەوە، تا لەسەر ئەم هەسارەیەش بمێنین کەلتووری جوانی شانۆ هەر بەردەوام دەبێت.

ئارەزووی داهێنەرانەی نوسەران و دیزاینەر و سەماکار و گۆرانیبێژ و ئەکتەر و موزیکژەن و دەرهێنەرەکان هەرگیز خەفە ناکرێت، لە داهاتووییەکی زۆر نزیکدا ئەو ئارەزووە بە وزەیەکی نوێ و تێگەیشتنێکی نوێی هەموومانەوە بۆ جیهان، جارێکیتر دەگەشێتەوە.

 

دواتر شانۆیی "بەڕێکەوت مردنی ئانارشستێک" پێشکەشکرا، کە لە جۆری کۆمیدیای ڕەشە، شانۆکە پێنج ئەکتەر ڕۆڵیان دەبینی، ماوەی نزیکەی دوو مانگ پڕۆڤەییان کردووە، پەیامی شانۆکە نیشاندانی گەندەڵییەکانی دەسەڵاتە بەرامبەر هاوڵاتی.

 

زنار نزار، یەکێک لە ئەکتەرانی بەشدار لە شانۆییەکەدا بۆ ئاژانسی ژنها، باسی لەوەکرد شانۆی کوردی ئێستا لاوازە، لەبەرئەوەی بودجەی بۆ تەرخان ناکرێت، خەڵکیش بە زۆری دەزانێت بڕێک پارەی کەم لەبەرامبەر شانۆکەدا بدات، بێ ئاگان لە پەیام و کاریگەرییە گرنگەکانی شانۆ.

 

ڕووبار عەلی، ماوەی زیاتر لە ٣٥ ساڵە کاری شانۆی دەکات، سەرباری ئەوەی چەندین جار وەک ئەکتەر و ژنێک کێشەی بۆ دروستکراوە، بەڵام هێشتا بەردەوامە، هیواخوازە، کە ئیتر پشتگوێخستنی شانۆ نەمێنێت، پەراوێزخستنی یەکێک لە کۆنترین جۆرەکانی هونەر هیچ جێگیرەوەیەکی نییە.

 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هیچ کەسێک خەمخۆری شانۆ نییە، هەمووان خەریکی ململانێ حزبییەکانن،  هیچ کاتێکیش تێکەڵی سیاسەت نەبووە، هونەرمەندان هاوبەشی خەمی شانۆکارە ژنەکانن.

 

ئەم چالاکییانەی بۆ ڕۆژی شانۆ ئەنجام دەدرێت بەردەوام دەبێت، سبەینێ هەمان شانۆ بەردەوام دەبێت، ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ی مانگ شانۆیی "ڕەنگی باران" نمایش دەکرێت، ڕۆژانی ٢٨ و ٢٩ مانگ شانۆی  "تابوت"نمایش دەکرێت، ڕۆژی ٣٠ی مانگ شانۆی "کەسێک نییە باوەشم پیا بکات" نمایش دەکرێت.

 

ت.پ