مامۆستایان: کێشەکانمان چارەسەر نەبێت بایکۆتی دەوام دەکەین

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر مماۆستایان گردبوونەوە و دوا مۆڵەتیان بۆ حکومەتی هەرێم دانا، ئەگەر نا بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن.

ناوەندی هەواڵ
 
مامۆستایانی وانەبێژ لە شاری هەولێر گردبوونەوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەیان بەوەدا ئەگەر لە ماوەی ئەم مانگەدا بڕیاری دامەزراندنیان نەدرێت، دوای مانگێک خێمە لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیراندا هەڵدەدەن و بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن دەکەن، ڕاشیانگەیاند: ئەمڕۆ نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ لەسەرجەم شارەكانی كوردستان كۆبوونەتەوە و گەیشتونەتە ئەو بڕیارەی تەنها یەك مانگ مۆڵەت بدەنە حكومەت بۆ ئەوەی بڕیار لە دامەزراندینان بدرێت لە ١٦ی نیساندا ئەگەر داواکانیان جێبەجێ نەکرێت لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران خێمە هەڵدەدەن و ناچنەوە هۆڵەكانی خوێندن.
 
داواشیان لە سەرجەم مامۆستایانی وانەبێژ کرد، کە هاوهەڵوێست بن لەگەڵیاندا چونکە بڕیارەکە بە کۆدەنگی مامۆستایانی شارەکانی کوردستان دراوە.
 
لە هەرێمی کوردستانی نزیکەی ١٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ هەیە، هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە و بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەرنەچووە.
 
ت.پ