لە شاری سلێمانی زەکی ئەلکان بەبیرهێنرایەوە

ژنانی گەنجی تێکۆشەر چالاکییە گیانفیداییەکەی زەکی ئەلکانیان بەبیرهێنایەوە، ئاماژەشیان بەوەدا ئەو شوێنەی پەیکەری ئەو گیانفیدایەی لێیە بووەتە شوێنی ڕابواردن و بارزگانیکردن بە ژنان.

ناوەندی هەواڵ
 
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شەقامی سەرچناری نزیک باخی سەرچنار لە شاری سلێمانی، ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە چالاکییەکدا مۆمیان لەسەر پەیکەری زەکی ئەلکان داگیرساند و وتەیەکی زەکی ئەلکانیان بە بیرهێنایەوە کە دەڵێت "نەورۆز بە ئاگر پیرۆز دەکرێت"، بانگەوازیشیان لە گەل کرد بە ڕۆحییەتی زەکی ئەلکان بەشداری لە نەورۆزی قەندیل بکەن.
 
بەیاننامەی ڕیکخراوی ژنانی گەنجی و لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی ڕێکخراوەکەوە خوێندرایەوە و ئاماژەی بەوەدا: زەکی ئەلکان ئەو ژنە کوردەی کە خەلکی باکوری کوردستان بوو لە شاری ئامەددا لە دژی سیاسەتی قڕکردن و قەدەغەکردنی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز لە باکوری کوردستان، بڕیار دەدات ئاگر لە جەستەی بەربدات و لە نەورۆزی ١٩٩٠دا بە ئاگری جەستەی نەورۆزی پیرۆزکرد.
 
لە شاری سلێمانی و لە شەقامی سەرچنار لە دوای چالاکییە گیانفیداکەیەوە پەیکەرێک بۆ زەکی ئەلکان دروستکراوە، کە ئێستا هەمان ئەو شوێنە بووەتە ناوەندی بازرگانی کردن بە جەستەی ژنەوە لەو بارەیەوە ژنانی گەنج لە بەیاننامەکەیاندا ڕایانگەیاند: ئێمە دەزانین خەڵکی باشوری کوردستان هەتا ئێستا وەفادارن بەرامبەر چالاکییە مەزنەکەی زەکی ئەلکان، بەڵام ئەوەی جێگەی ڕەخنەیە لەجیاتی ئەوەی دەوری پەیکەرەکە باخچە و مۆنۆمێنت بێت، لەلایەن دوژمنی جوانی و ژن و لەلایەن غەریزە پەرستانەوە کراوەتە جێگای ڕابواردن و ناوەندێک بۆ فرۆشتنی ژن بە پارە و سوکایەتی کردن بە کەرامەتی ژن.
 
لە کۆتایی بەیاننامەکەشدا بانگەوازییان لە گەلی باشوری کوردستان کرد کە زەکی ئەلکان لەبیرنەکەن و ئەم نەورۆزە بکەنە هەڵوێستی نەتەوەیی دژی سیاسەتی شەڕی تایبەتی دوژمن و ئازادکردنی ڕێبەری ئازادی گەلان و ئازادی ژنان، عەبدوڵا ئۆجالان.
 
ت.پ