ساڵی ڕابردوو ٤٢٠ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون

بەپێی ڕاپۆرتێکی ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی سامەر، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا ٤٢٠ ژن لە باکووری کوردستان و تورکیا کوژراون، هەروەها ٥٠٨ ژنیش لە بارودۆخێکی گوماناویدا گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ناوەندی توێژینەوەی مەیدانی سامەر، ئامارێکی سەبارەت بە کوشتن و توندووتیکییەکان لەسەر ژنان، لە ساڵی ٢٠٢٥ـدا لە باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوەو ئاماژەی بەوەکرد، بە ناوی “لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی توندوتیژی دژی ژنان لە ١ـی کانوونی دووەمەوە تا ٣١ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥” سامەر ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە ماوەی یەک ساڵدا لایەنیکەم ٤٢٠ ژن کوژراون، ٥٠٨ ژنیش بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.

 

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ٦٦٢ ژن ڕووبەڕووی توندوتیژی جەستەیی بوونەتەوە، هەزارو ٨٩ ژن بە زۆر لەشفرۆشیان پێکراوە، ١٣٠ ژن هەراسان کراون و ٢٥ ژنیش ڕووبەڕووی دەستدرێژی بوونەتەوە.

 

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەشکراوە، ٩٦ ژن هەڕەشە و سووکایەتییان پێکراوە و ١٧٠ منداڵیش دەستدرێژییان کراوەتە سەر.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە ٦٠٪ـی ناسنامەی تاوانباران دیاری نەکراون، بەڵام دەرکەوتووە لەناو تاوانباراندا هاوژین و برا و باوک هەبوون، کە پەیوەندییەکی نزیکیان هەبووە.


هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە ١٥٪ کوشتنەکان لە ئیستەنبوڵ ڕوویانداوە، ئیستەنبوڵ پێشەنگ بووە لە ڕووداوەکانی دەستدرێژی و هەراسانکردنی سەر منداڵان.

 

لە کۆتایشدا ناوەندەکە ئەوەی خستەڕوو کە داتاکان تەنها ئەوانەن، کە لە ڕاگەیەندراوەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی ڕاستەقینە لەوانەیە زۆر زیاتر بێت.