مای ساتۆ: پێویستە دەسەڵاتدارانی ئێران واز لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئاشتیانە بهێنن

وتەبێژی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا دەربڕی.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتحاڵی ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بوون کە بۆ زۆرێک لە شارەکان درێژبووەوە، کە تیایدا چین و توێژە جیاوازەکانی دانیشتووان بەشدارییان لە ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە تێکچوونی بارودۆخی ئابووری کرد، کە لەو کاتەوە ئەم ناڕەزایەتیانە بەرەو توندوتیژی بوون و پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و ئاسایشدا ڕۆشت و ڕووبەڕووبەنەوە سەریهەڵدا.

 

مای ساتۆ، وتەبێژی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە پەیامێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، بە وردی چاودێری ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەکات و ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە زیادبوونی پێکدادانەکانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکان دەکەن، کە ئەمەش شێوازێکە لە سەرانسەری وڵاتدا بڵاودەبێتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕاپۆرتی نائارامکەری پێگەیشتووە کە بە لانیکەم ٨ خۆپیشاندەر کوژراون، داواش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات ڕێز لە مافەکانی ئازادی ڕادەربڕین و کۆبوونەوەی ئاشتیانە و کۆمەڵ گرتن بگرن و خۆیان لە بەکارهێنانی هێزی زیادەڕۆیی دژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخوازانە بەدوور بگرن.

 

مای ساتۆ جەختی لە دووبارە نەبوونەوەی ئەو سەرکوتکردنە توندوتیژانە کردەوە کە لە سەردەمی شۆڕشی گەل لە ٢٠٢٢دا ڕوویدا و هۆشداریدا لەوەی کە شوێنی مەدەنی زیندوو بۆ هەر کۆمەڵگەیەک پێویستە و دەبێت مرۆڤەکان بێ ترس لە تۆڵەسەندنەوە بتوانن ناڕەزایەتییەکانی خۆیان دەرببڕن.