ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شەش ڕۆژە بەردەوامە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شاهیدی شەپۆلێکی بەربڵاوی توڕەییە بە هۆی تێکچوونی باری گوزەران و بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی بەهای تمەن، ئەمە جگە لە داواکارییە سیاسییەکان کە لە لایەن چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەوە بۆ ماوەی نزیکەی هەفتەیەک وروژێنراون.
ناوەندی هەواڵ
پێکدادانی کوشندەی نێوان بزووتنەوەکانی گەل و هێزە ئاسایشییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کوژراوی لێکەوتووەتەوە، لە کاتێکدا خۆپیشاندانەکان بۆ زانکۆکان، بازاڕەکان و گەڕەکەکانی نیشتەجێبوون بڵاوبوونەتەوە، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی توڕەیی گشتی بەرامبەر بە سیاسەتەکانی حکومەت.
بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، ناڕەزایەتییەکان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ شەشەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامن، ئەوەش دوای پێکدادانێکی خوێناویی نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئاسایشییەکان کە بەهۆیەوە ٩ کەس کوژراون.
ناڕەزایەتییەکان بە مانگرتن و خۆپیشاندانی خاوەن دوکانەکان لە تاران دەستیپێکرد، زانکۆکان و چەندین شاری گەورە و بچووکی گرتەوە، بە بەشداریی خوێندکاران، بازرگانان، ژنان و گرووپە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان، کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی پەرەسەندنی ناڕازیبوونە لە سیاسەتە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان.
چەندین زانکۆ لە تاران و شارەکانی دیکە شایەتحاڵی خۆپیشاندانی خوێندکاران بوون، لەو ماوەیەشدا دروشمی ''خوازیاری ئازادکردنی دەستبەسەرکراوان و ڕەتکردنەوەی سیاسەتەکانی حکومەت'' وترایەوە، کە بەشێک لە بەشەناوخۆییەکانی زانکۆکان بوونە شوێنی کۆبوونەوە، پێش ئەوەی لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانەوە گەمارۆ بدرێن و دەروازەکانیان دابخرێت.
لە شارەکانی وەک قەزوین، کەرەج، قوم، خۆپیشاندەران شەوانە ڕژانە سەر شەقامەکان و دروشمیان دژی دەسەڵات وتەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران ئاگریان لە شەقامەکان و کۆنتێنەرە کانزاییەکاندا بەردا، وەک جۆرێک لە ناڕەزایەتی لێدەدەن.
"بەشدارییەکی بەرچاوی ژنان"
ژنان لە ناڕەزایەتییەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبوو، کۆمەڵێک لەوان لە شەقامەکانی شاری کەرەج دەرکەوتن و بە هەڵپەڕکێ و گۆرانی ناڕەزایەتییان پێشکەش کرد و دروشمیان دەوتەوە، هەروەها لە نێو ڕەخنەی بەرفراوان لە سنووردارکردنی ژنان لە وڵاتدا بەشداریان کرد.
ناڕەزایەتیەکان بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دەستگیرکردن و پێکدادان لە نێوان هێزە ئاسایشییەکان و خۆپیشاندەران دەستیپێکرد، کە لە ئەنجامی ڕووبەڕووبونەوەی نێوانیان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، هەروەها دەسەڵاتداران بە بیانووی کەشوهەوای سارد و پاراستنی وزە داخستنی دامەزراوە گشتییەکانیان سەپاند، ئەمەش هەنگاوێکە چاودێران بە هەوڵێکیان زانی بۆ سنووردارکردنی کۆبوونەوەکان.
"پشتگیری لە ناڕەزایەتییەکان"
دامودەزگا و کەسایەتییە دیارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پشتیوانی خۆیان بۆ خۆپیشاندەران دەربڕی، لەوانەش دەزگای نێرگس کە لەلایەن نێرگس محەمەدی خاوەن خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی دامەزراوە، وتی: وەستان لەگەڵ خەڵک ئەرکێکی مرۆڤدۆستانە و ڕەوشتییە.
هەروەها هونەرمەندی ناسراوی ئێرانی گوڵشیفتە فەرهانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هیوای خۆی بۆ "ئێرانێکی ئازاد و سەربەخۆ" دەربڕیوە، ئاماژەی بە ئازارەکانی هاوڵاتییان کردووە بەهۆی گەندەڵی و قەیرانە ئابوورییەکانەوە.
"دروشمی دەربڕینی خواستە سیاسییەکان"
ئەم ناڕەزایەتیانە لە کاتێکدایە کە هەڵچوونی بەرزی مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوودا گەیشتە ٥٢٪ ، بەپێی ئامارەکانی ناوەندی ئاماری ئێران، تەنانەت نرخی کاڵا سەرەتاییەکانیش گرانتر بووە، ئابووری ئێرانیش جگە لە قەیرانی ئاو و پیسبوون و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی، بەدەست گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و ساڵانێک لە خراپ بەڕێوەبردن دەناڵێنێت.