کژار: تێکۆشانی ژنان بەرامبەر زهنییەتی دەسەڵاتداری لە ئێران بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە

کۆمەڵگەی ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"، سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕاگەیەنەدراوێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت: تێکۆشانی ژنان بەرامبەر زهنییەتی دەسەڵاتداری لە ئێران بەدرێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵگای ژنانی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "کژار"  سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، کە لە ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە دەستی پێکردووە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

دەقی راگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

“تێکۆشانی ژنان بەرامبەر بە زیهنییەتی دەسەڵاتداری لە ئێران بە درێژایی مێژوو تا ئەمڕۆ بەردەوام بووە

ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە، کە لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگەدا ژنان خاوەن پێگەیەکی مێژوویین، بە تایبەت لە ڕێبازی چارەسەری کێشەکاندا بەردەوام لە هەموو بوارەکاندا لەنێو هەوڵدانی بێوچاندا بوون. بەڵام لە درێژەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئێران دا، لە جێگەی ئەوەی ڕێگە بۆ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان هەمووار بکرێت، بەپێچەوانەوە لە ئاکامی زیهنییەتی نادیموکراتیکی ئەم ڕژێمە کە هەڵگری ئایدۆلۆژیای نەتەوەپەرەستی، ڕەگەزپەرەستی و ئاینپەرەستییە، بەردەوام هەوڵ بۆ ئەوە دراوە کە داخوزییە دیموکراتیکەکان سەرکووت و هەوڵەکانی چارەسەری بێکاریگەر بکرێن.

 

ئەوڕۆکە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەوەی هەڵگری ئایدۆلۆژیای ڕەگەزپەرەستییە، کۆمەڵگای ڕووبەڕووی قووڵترین کێشەکان کردووەتەوە. ئەوەش پێشی گرتووە لە پێشکەوتنی سیاسەتێکی دیموکراتیک لە ئێران دا، هاوکات هەرچۆن نەیتوانیوە کێشە ناوخۆییەکان چارەسەر بکات بووەتە هۆکاری خوڵقاندنی دۆخێکی قەیراناوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

 

ئەو دۆخەش بووەتە هۆی وروژاندنی نارەزایەتی گەورە. لە دۆخێکی لەم چەشنەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بتوانێت لە بەرانبەر ئەو هەموو ناڕەزایەتییانە دەسەڵاتی خۆی بپارێزێت، پەنا دەباتە بەر هەرچەشنە کردارێکی ناڕەوا. بە هیچ چەشنێکیش لە گرتن، ئەشکەنجە، سەرکوت و لەسێدارەدان دەست ناپارێزیت و بە هەموو شێوەیەک دەیەوێت کۆمەڵگە چاوترسێن بکات. لەو چوارچێوەیەشدا و بۆ ڕەوایەتیدان بە سەرکوتکارییەکانی هەر ناڕەزایەتی و داخوازییەکی کۆمەڵگا ئەمنییەتی دەکات و بەجێگەی چارەسەری کێشەکان هەوڵی میلیتاریزەکردنی زیاتر دەدات.

 

هاوکات جیا لە قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، دەوڵەتی ئێران تووشی قەیرانێکی قووڵی ئابووری بووەتەوە. لە پاڵ قەیرانی ناوخۆیی، بە هۆی سیاسەتە هەڵە و پاوانخوازەکانی لە دەرەوەش ڕووبەڕووی کاردانەوەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بووەتەوە. لە ئاکامی ئەو کاردانەوانەشدا جارێکیتر وەگەڕکەوتنەوەی گەماروەکان لەسەر ئێران دۆخی ژیانی خەڵکی ڕووبەڕووی ئەستەمی زیاتر لە جاران کردووەتەوە. لە لایەکیترەوە کۆماری ئیسلامی ئێران هەموو ئیمکانە ئابووری و داراییەکانی وڵاتی ئێرانی خستووەتە خزمەت سیاسەتە سەربازیی و میلیتاریزییەکانی سوپای پاسداران. لەو ڕاستییەشدا بە بیانووی پاراستنی خۆی، بودجەی هێزە سەربازییەکانی زیاتر دەکات و خەڵکیشی لە دۆخی برسییەتی هێشتووەتەوە. هەموو ئەوانەش بووەتە هۆی بێزاری زیاتر لە جاران لە لایەن خەڵکەوە.

 

بە هۆی درێژەدان بەو سیاسەتانەش لە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی پێشتر، جارێکیتر لە ڕێکەوتی ٢٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ شەپۆلێکی نوێ لە ناڕەزایەتی و سەرهەڵدان لە شەقامی گەلێک لە شارەکانی ئێران دەستی پێکردووە و هەنووکەش بەردەوامە. هەرچەند ئەم ناڕەزایەتییانە بە بەردەوامی لە ئارادابوونە و درێژەشیان دەبێت، بەڵام ئەم شەپۆلە نوێیەی نارەزایەتی و سەرهەڵدان لە ئێران، لەناو ئەو دۆخەی کە ئیستا ناوچەکە تێدایەتی، خاوەن تایبەتمەندی خۆیەتی و هەنگاوێکی نوێیە کە پێویستی بە خاوەندارییکردن لێی هەیە.

 

هاوکات دەوڵەتی ئێران بە هۆی ئەو قەیرانە فرەرەهەندەی کە لەناوخۆ خوڵقاندوویەتی، چیدی ناتوانێت وەک پێشوو لە ژێر بیانووی دەستی دەرەکی لە پشت نارەزایەتییەکانە، بەئاسانی پێش لەم سەرهەڵدانانە بگرێت. خاڵی سەرەکی و گرنگ ئەوەیە کە بە زیهنییەتێكی دیموکراتیک و گوێگرتن لە گەل و داخوازییەکانی کۆمەڵگا ئەم کێشانە چارەسەر بن. ئەگەر ئەم کێشانە بە ڕێبازی دیموکراتیک چارەسەر نەبن، گەڵانی ئێران خاوەن ئەو هێز و تێگەیشتنەن تا خۆیان بڕیاری چارەنووسساز بۆ چارەنووسی خۆیان بدەن. بێگومان دیموکراتیکترین ڕێگاش ئەوەیە کە گەل بگات بە ئاستێک لە تێگەیشتن، بەبڕیاربوون و هێزی خۆبەڕێوەبردن.”