نەتەوە یەکگرتووەکان: لە غەززە یەک ملیۆن کەس بێماڵ و پەناگەن
نوسینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی ڕایگەیاند، دۆخی خەڵکی غەززە لە زستاندا زۆر خراپە، یەک ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دوو ساڵی ڕابردووەوە بێماڵ و پەناگەن و هیچ جیگەیەکیان نییە بۆ مانەوە.
ناوەندی هەواڵ
لە بەرەبەیانی ڕۆژی ٧ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ چەکدارانی حەماس زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکیان ئاڕاستەى ئیسرائیل کرد و لە زەمینیشەوە هێرشیان کردە سەر خاڵە سەربازییەکانى سوپای ئیسرائیل، لە ڕۆژانى دواتردا ئیسرائیل هێرشێکی فراوانى بۆ سەر غەززە دەستپێکرد و جەنگی دوو ساڵەی غەزەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەهۆیەوە کەرتەکە بوو بە وێرانە و هەزاران قوربانی لێکەوتەوە.
نوسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی، سەبارەت بە بارودۆخی خەڵکی غەززە و شوێنی مانەوەیان لە پاش جەنگ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوەو تێیدا هاتووە: یەک ملیۆن کەس بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دوو ساڵی ڕابردووەوە بێماڵ و پەناگەن و هیچ جیگەیەکیان نییە بۆ مانەوە، ئەو فەڵەستینییانەشی کە بە هۆی شەڕەوە لە چادر و پەناگە کاتییەکاندا دەژین، بەهۆی با و باران و شەپۆلی دەریاوە چادر و پەناگەکانیان زیانیان پێگەیشتووە.
نوسینگەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ڕێگەی تیمەکانمانەوە بەردەوامین لە هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام بە سەدان هەزار فەڵەستینیی لە چادرە کاتییەکاندا دەژین و بارودۆخیان خراپە و لە ئێستاشدا یەک ملیۆن فەڵەستینی بێماڵ و بێپەناگەن.
ئەوەشخرایەڕوو، لە دوای ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە تیمەکانمان لە غەزە مانگانە بە هەزاران تۆن پاشماوەی شەڕ لە کەرتەکە لادەبەن، تا ژیان لە ناوچەکە بەرەو ئاساییبوونەوە بچێت.