سەرەڕای ڕێگرییەکان ٦٣٧ ئاوارە ناویان تۆمار کراوە بۆ گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق بڵاویكردەوە، سەرەڕای ڕێگرییەكان، لە كامپەكانی پارێزگای دهۆك، بەڵام ٦٣٧ خێزانی ئاوارە ناویان  تۆماركراوە، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە بارەی تۆماركردنی ناوی سەدان خێزان لە كامپەكانی سنووری پارێزگای دهۆكەوە بە مەبەستی گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوەو تێیدا هاتووە: سەرەڕای ڕێگرییەكان، لە كامپەكانی سنووری پارێزگای دهۆك، بەڵام ٦٣٧ خێزانی ئاوارە ناویان  تۆماركراوە، بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

 

ئاماژە بەوەشكراوە، هەوڵ دەدەن تیمەكانی وەزارەتەکە لە بەغدا، نەینەوا و سلێمانی بنێرن بۆ دهۆك، بە مەبەستی پاڵپشتیكردنی كارمەندانیان لە كامپەكانی سنووری دهۆك.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: دەمانەوێت وادەى کارکردنى كارمەندەكانمان لە كاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانی تا ٩:٠٠ی شەو درێژ بکەینەوە، بۆ ئەوەی ناوی ئەو ئاوارانە تۆمار بكەن، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، سەرەڕای بچووكی شوێنی كارمەندانی وەزارەتەکەمان لە دهۆك، بەڵام بە چڕی لە هەوڵداین بۆ ئەوەی بتوانین پێش پێش وادەى دیاریکراو کامپەکان دابخرێن و سەرجەم ئاوارەکان بگەڕێنەوەى زێدى خۆیان.

 

پێشتر وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕۆژی ٣٠ی تەمووزی ئەمساڵیان وەك وادەی داخستنی سەرجەم كامپەكانی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان دیاری كردبوو.