ژنانی وەرزشکاری ئەفغانستان ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە دوورخستنەوەیان

ژمارەیەک لە وەرزشوانانی ژن کە ئەندامی تەڤگەری ناڕەزایەتی "ژنانی بەهێزی ئەفغانستان"ن، سەبارەت بە قەدەغەکردنی وەرزش لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ڕایانگەیاند، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دوورخستنەوەی ژنان لە وەرزش و کۆمەڵگە و پەروەردە شەرمەزارکەرە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئاژانسی هەواڵی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، ژمارەیەک لە وەرزشوانانی ژن، ئەندامانی تەڤگەری ناڕەزایەتیی "ژنانی بەهێزی ئەفغانستان"، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بەو سنووردارکردن و قەدەغەکردنانەی کە بەسەر چالاکییەکانی ژنان لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا سەپێندراون.

 

بەگوێرەی ئاژانسەکە، لە ٢٨ی تەمووز ئەم وەرزشوانە ژنانە بە کۆبوونەوە لە شوێنێکی داخراو، ناڕەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر بە بەشداری نەکردن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کە لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەڕێوەچوو.

 

جەخت لەوەکرایەوە، بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە دوورخستنەوەی ژنان لە وەرزش و کۆمەڵگە و پەروەردە "شەرمەزارە و هاوبەشیکردنە لەگەڵ تاڵیبان".

 

ئاماژەیان بەوەکرد، لەکاتێکدا تاڵیبان ژنانی لە هەموو بوارەکاندا دابڕاند و هێرشیان کردە سەر مافە سەرەتاییەکانی ژنان بەتایبەت وەرزشوانان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگ بوو.

 

بەگوێرەی ئاژانسەکە، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، ڕێوشوێنی جددی بگرنەبەر بەرامبەر ئەو سنووردارکردنانەی کە تاڵیبان بەسەر ئازادی ژناندا سەپاندوویەتی.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی تەنها ٦ وەرزشکاری ئەفغانی بانگهێشت کردووە کە سێ ژنیان لە دەرەوەی وڵات دەژین بۆ بەشداریکردن لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد کە لە پاریس بەڕێوەچوو