ژنانی کۆچبەری کامپی تل سەمین ڕووبەڕووی سەختی دەبنەوە

ژنانی کۆچبەر لە کامپی تل سەمین بە چەندین سەختی ژیاندا تێدەپەڕن، سەرەڕای ئەمەش هێشتا لە تێکۆشاندان و هیوادارن بگەڕێنەوە سەر خاکی خۆیان.

سیبیلیا ئیبراهیم

 

ڕەققە-لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردە سەر شارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی و لە ئەنجامدا هەردوو شارەکە داگیرکران، زۆر کردەوە و پێشێلکاریی نامرۆڤانە بەرامبەر خەڵک ئەنجامدرا کە بەهۆیەوە ناچاربوون کۆچ بکەن.

 

کامپی تل سەمین لە ساڵی ٢٠١٩ دامەزراوە و کۆچبەرانی گرێ سپی تێدایە، ٤٠ کیلۆمەتر لە شاری ڕەققەوە دوورە زیاتر لە ٦ هەزار و ٦٠٠ کەس بە زۆر ئاوارە بوون تێیدا نیشتەجێن، هەرچەندە ٥ ساڵ بەسەر داگیرکردنی گرێ سپی تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا ئازارەکانی کۆچبەران کۆتایی نەهاتووە، بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ژیانی کۆچبەران لە ژێر چادرەکاندا قورستر کردووە.

 

"بە زۆر ئاوارە بووین"

مەها وەیس، تەمەن ٣٨ ساڵ خەڵکی سیلوک لە گرێ سپی، وتی: بەهۆی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لە ماڵ و حاڵی خۆمان ئاوارە بووین، دەوڵەتی تورک موڵک و ماڵی ئێمەی تاڵان کرد، هەرگیز ماڵەکانمان بەجێنەهێشت، بەڵکو بەهۆی تۆپبارانەکە بوو کە چۆڵمانکردن، ئێستاش لە کامپەکاندا لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژین هەلی کار نییە زۆر جار لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی دەرەوەی کامپ کار دەکەین بۆ ئەوەی بژێوی خێزانەکەمان دابین بکەین و ڕێکخراوە مرۆییەکان هاوکاریمان ناکەن، ئەمەش ئازارەکانمان زیاد دەکات، هیوادارین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ دۆخی کۆچبەران بکەن.

 

"تا گەڕانەوە بۆ خاکی خۆمان تێدەکۆشین"

جەواهیر عیسا یەکێکە لەو ژنانەی بە زۆر ئاوارە بووە و وتی: منیش وەک هەموو کۆچبەرێکی دیکە لەم کامپەدا ئازار دەچێژم، نە زستانمان زستانە و نە هاوینمان هاوینە، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش هاوکاریمان ناکەن، هەر بۆیە هەوڵ دەدەم، بۆ ئەوەی پشت بە خۆم ببەستم و لە کێڵگەکاندا کار بکەم تا دەگەڕێینەوە سەر خاکەکەمان تێدەکۆشین.

 

"دەمەوێت مافی خوێندنم هەبێت"

هالە محەمەدی تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی گرێ سپی وتی: وەک منداڵی ناو کامپەکان مافی خوێندنمان لێ زەوت کراوە لە مانگەکانی هاویندا پلەکانی گەرما زۆر بەرزن و هیچ خزمەتگوزارییەکی سەرەتایی تێدا نییە، تەنانەت لە وەرزی زستانیشدا زۆربەی خوێندکارەکان نەچوونەتە خوێندنگە، چونکە ترسیان هەبوو سۆپاکە بتەقێتەوە، ئێمە وەک منداڵ دەمانەوێت مافی خوێندنمان هەبێت و هیوامان ئەوەیە بگەڕێینەوە بۆ خاکەکەمان.

 

"کۆچبەران مافی گەڕانەوەیان هەیە بۆ سەر خاکەکەیان"

عەزیزە حەسەن، هاوسەرۆکی کامپی تل سەمین ڕایگەیاند، کۆچبەران بەتایبەتی ژنان و منداڵان بە بارودۆخی سەختدا تێدەپەڕن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کۆچبەرانی کامپی تل سەمین بە بارودۆخی سەختی مرۆڤایەتیدا تێدەپەڕن، هەرچەندە لەوێ  کێشەیەکی تەندروستی هەیە، پزیشک نییە و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکانیشمان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کارناکەن..

 

عەزیزە حەسەن لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: منداڵان ناتوانن بە ئازادی لە کامپەکاندا یاری بکەن، لە کامپەکەدا لە نێوان ٢٥٠-٣٠٠ منداڵ هەن ناتوانن بە ئازادی یاری بکەن، هیوادارین ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەیری ڕاستی کامپی تل سەمین بکەن و پشتیوانی پێویست پێشکەش بکەن، چونکە کۆچبەران مافی گەڕانەوەیان هەیە بۆ سەر خاکەکەیان.