سزای سێ ساڵ زیندانی بەسەر سلێمان ئەحمەدی ڕۆژنامەنووسدا سەپێنرا

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دانیشتنی دادگای دهۆک لەسەر کەیسی سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس بەڕێوەچوو، دادگا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند.

ناوەندی هەواڵ

 

بەر لە ٢٧٩ ڕۆژ، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس، کە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە و لە بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز کاری دەکرد، لە کاتی گەڕانەوەی لە پرسەی باوکی لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە لە دەروازەی سنووری پێشخاپوور ڕفێندرا و لە زینداندا هێڵدراوە.

 

ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم دانیشتنی دادگای دهۆک لەسەر کەیسی دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد بەڕێوەچوو، دادگا سزای سێ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپاند، بە پێی زانیارییەکانیش دادگای دهۆک ڕێگەی نەدا کە نوێنەری یۆنامی لە دانیشتنەکەی دادگادا بەشداری بکات.

 

نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد، لە بارەی سزاکەوە ڕاگەیاند، دەبوایە بە یاسای ڕۆژنامەگەریی مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بکرایە، بەڵام بە ماددەی ١ـی ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە تۆمەتی ئەندامبوون لە “پارتی یەکێتی دیموکرات-پەیەدە” سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا، دانیشتنی دادگایەکە بە توندی بەڕێوەچوو، تەنانەت سەرەتا ڕێگە بە پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد نەدرا کە بەشداری دۆسییەکەی بن، دواجار لە ژێر فشاردا توانیمان بەشداریی بکەین.

 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشدا، لە دانیشتنی دادگاییەکەدا، سلێمان ئەحمەد لە بەردەم دادوەردا ڕەتیکردەوە، کە ئەو لێدوانەی ئامادەکراوە هی ئەو بێت، بەڵکو بە سۆرانی نووسراوە و تەنانەت نەیانخوێندووەتەوە بۆی، لەسەر داوای دادوەریش دوو شایەتمان ئامادەکردبوو و جەختیان لەوە کردەوە، کە ئەو تۆمەتانە دوورن لە ڕاستییەوە و سلێمان ئەحمەد لە ئاژانسی ڕۆژنیوز وەک ڕۆژنامەنووس ماوەی پێنج ساڵە کاری کردووە.

 

نەریمان ئەحمەد ڕاشیگەیاند، ئەو سزایە دادپەروەرانە نییە و بۆیە بڕیارەکە تەمیز دەکەنەوە.