ئێدنا ئۆبراین نووسەری ئێرلەندی لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

ئێدنا ئۆبراین، نووسەر و پێشەنگی وێژەی ئێرلەندی کە شێوازە جیاوازەکەی دەنگی بە ژنان بەخشی، لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێدنا ئۆبراین، نووسەری ئێرلەندی کە یەکەم ڕۆمانی بە ناوی "کچانی وڵات" سووتێندرا، دوای ململانێ لەگەڵ نەخۆشی کۆچی دوایی کرد.

 

دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتوکی فابەر لە بەیاننامەیەکدا کە دوێنێ ٢٨ی  تەمووز لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکرایەوە، کۆچی دوایی ئێدنا ئۆبراین کە بە یەکێک لە گەورەترین نووسەران دادەنرێت، دوای ململانێیەکی درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی ڕاگەیاند.

 

ئێدنا ئۆبراین لە ساڵی ١٩٣٠ لە خێزانێکی کاسۆلیکی لە ویلایەتی کلێر لە ڕۆژئاوای ئێرلەندا لەدایکبووە و لە قوتابخانەیەکی ئاینی و دواتر لە دبلن خوێندوویەتی و لە ساڵی ١٩٥٠ بڕوانامەی دەرمانسازی بەدەستهێناوە.

 

لە ماوەی نزیکەی ٦٠ ساڵدا دەیان ڕۆمان و کۆمەڵە چیرۆک و کورتە چیرۆکی نووسیوە، لە ساڵی ١٩٦٠ لە پەرتوکی "کچانی وڵات" دەستی بە کارەکانی کردووە، کە باس لە ململانێی سۆزداری دوو کچە ئێرلەندی دەکات کە لە پەروەردەی ڕۆمانی کاسۆلیکی ڕاپەریون.

 

کاتێک نووسینەکانی بۆ یەکەمجار بڵاوکرانەوە، بە پێشەنگێکی وێژە دادەنرا، بەو پێیەی شێوازە جیاوازەکەی دەنگێکی بەو ژنانە بەخشی کە پێشتر هەستەکانیان بەو شێوەیە ڕاستگۆیانە وێنا نەکرابوو، زیاتر لە ٢٠ ڕۆمان و شانۆنامە و ژیاننامەی خۆی نووسیوە و زۆرێک لە ڕۆمانەکانیشی باسی خەباتی ژنان بووە.

 

 لە کۆتاییدا کارەکانی سەرنجی زۆرێک لە ڕەخنەگرانی ڕاکێشا: لە ساڵی ٢٠٠١ خەڵاتی دەستکەوتی تەمەنی PENی ئێرلەندی وەرگرت و لە ساڵی ٢٠١٨خەڵاتی PEN/Nabokov بۆ دەستکەوت لە وێژەی نێودەوڵەتی وەرگرت.