ئاگر لە گۆیژەی سلێمانی کەوتەوە و زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم پوش و پاوان سووتان

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٩ی تەمووز، ئاگر لە شاخی گۆیژە کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٢٠٠ دۆنم لە ڕووبەری پووش و دار سووتاون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرگری شارستانی سلێمانی بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاماژەی بەوەکردووە، لە کاتژمێر ٣:٣٠ بەرەبەیان لە ئاگر کەوتنەوە لە شاخی گۆیژە ئاگادار کراونەتەوە، دواتر توانیویانە کۆنتڕۆڵی بکەن، بەڵام بەهۆی ئەو ڕەشەبایەی سلێمانی گرتووەتەوە مەترسی دووبارە سەر هەڵدانەوەی هەیە.

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێشتا ڕووبەری سوتانەکە بە تەواوی نەخەمڵێندراوە بەڵام زیانێکی زۆر بەر شاخەکە کەوتووە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٢٠٠ دۆنمی سووتابێت، کە چەندین نەمامی تێدایە خزمەتدەکران بۆ ئەوەی گەورە ببن.

 

دەربارەی هۆکاری ئاگرەکە بەرگری شارستانی سلێمانی ڕایگەیاندووەک، هێشتا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییەو لەبەر مەترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە چەند تیمێکیان لەوێ جێگیر کردووە.

 

لە ڕۆژی ٢٨ی ئایاری ئەمساڵیشدا، ئاگر لە بەشێکی دیکەی شاخی گۆیژە کەوتەوە و بەهۆیەوە پوش و پاوان و ژمارەیەکی زۆر درەخت سووتان.