ڕۆژنامەنووس وەفا بوجواری: چونکە ژنم زەحمەتی زۆر دەبینم

ڕۆژنامەنووس وەفا بوجواری ئاماژەی بەوەدا، لە لیبیا سەرەڕای سەرکەوتنە گەورەکان لە ڕاگەیاندن، ژنان ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوەو پێویستە کاردانەوەیەک هەبێت بەرامبەر بە جیاکاری.

هندیە عەشیبی

 

بنغازی-ڕۆژنامەنووسانی ژنی لیبیا، بەهۆی ئەو شەڕەی کە ساڵانێکە لەو وڵاتەدا بەردەوامە، لەلایەک هەوڵی ئەنجامدانی کارەکانیان دەدەن، لەلایەکی دیکەشەوە نیگەرانی ئاسایشن، ژنانی ڕۆژنامەنووس لە کارەکانیاندا ڕووبەڕووی جیاکاری ڕەگەزی دەبنەوە، هەمیشە لە دژی ئەو هەڵوێستانە تێکۆشان دەکەن و هەوڵی دەربڕینی خۆیان دەدەن.

 

 وەفا بوجواری، یەکێکە لە ژنە ڕۆژنامەنووسە ناسراوەکانی لیبیا، کە لە ساڵی ١٩٩٧ لە زانکۆی ڕاگەیاندنی بنغازی دەرچووە، وتی: لە ماوەی ساڵانی زانکۆدا، پاڵپشتییەکی زۆرم لە بنەماڵە و مامۆستاکانم وەرگرت، دوای تەواوکردنی خوێندن دەستم کرد بە کاری ڕۆژنامەنووسی، نزیکەی ٢٥ ساڵ لە بواری ڕاگەیاندن کارم کردووە و لە سەرەتای کارەکەمدا پەیامنێری ڕادیۆ بووم، بە درێژایی هەفتەکە چالاکییەکانی شارەوانیم پەخش کرد و پەیوەندیم بە زۆرێک لە بەرپرسان و چالاکوانانی ڕاگەیاندنەوە دەکرد، لە زۆرێک لە شارەکان بەرنامەیەکی بیندراو و زانیاری پەیوەندیدار بە شارەوانی پێشکەش کرد، وەک ژنێک ئارەزووی زۆرم هەبوو بۆ سەلماندنی بوونی خۆم لە بواری ڕاگەیاندندا.

 

لەلایەن پیاوانەوە ڕەتکرایەوە

وەفا بوجواری وتیشی: لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ پۆستی بەڕێوەبەرم لە یەکێک لە کەناڵەکانی سەتەلایتی لیبیا وەرگرت، واتر دەستم بە کارکردن کرد لە ڕادیۆکان و بە پاڵپشتی هاوڕێکانم، ناوی خۆمم لە لیستی باشترین پیشەگەرەکانی ڕاگەیاندندا تۆمار کرد، هەروەها ٥ ساڵ لە کەناڵی مانگی دەستکرد لە لیبیا کارم کردووە. هەرچەندە بەشێک لە مێدیاکارانی پیاو بوونی منیان قبوڵ نەکرد، بەڵام بە پاڵپشتی زۆر کەس لە کەناڵەکاندا بەردەوام بووم لە کارەکانم.

 

هەوڵ دەدەن ڕێگری لە ژنان بکەن

وەفا بوجواری ئاماژەی بەوەشکرد، وەک زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسەکان، ئەویش تووشی چەندین سەختی بووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ژنان بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە ڕووبەڕووی سەختی زیاتر دەبنەوە، لە لیبیا هێشتا ژنان لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە ڕووبەڕووی بەربەست دەبنەوە، سەرەڕای پێشکەوتنە گەورەکان لە چالاکییە جیاوازەکاندا، بەشداری ژنان لەم کارانەداو چالاکییەکان بەهۆی تێڕوانینی کۆنەپەرستانەی کۆمەڵگەوە بەربەستیان بۆ دروست دەبێت، بەلام  ژنانی ڕاگەیاندنکار کە دەچنە بەرەکانی جەنگ و هەواڵ و زانیاری بڵاودەکەنەوە، هەموو ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنن و کارەکانیان بە باشی ئەنجام دەدەن.

 

"دەبێت کاردانەوەلە دژی جیاکاری نیشان بدرێت"

وەفا بوجواری باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان کرد لە هەردوو دامودەزگای حکومی و ئەهلیدا و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: هەندێک لە پیاوان پۆستی بەڕێوەبردن بۆ ژنان قبوڵ ناکەن، ڕەتیدەکەنەوە ڕێنمایی و فەرمان لە ژنێک وەربگرن، بەڵام لە هاوڕەگەزەکانیان وەریدەگرن، هەروەها ژنان لە بنەماڵەدا بەربەستیان هەیە، بەڵام ژنان لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنی و بوارەکانی تردا زۆر سەرکەوتوون، سەرەڕای ئەمەش خێزانەکان ڕێگە نادەن ژنان بگەنە ئامانجەکانیان، پێویستە کاردانەوەکان لە دژی ئەم جیاکاریانە نیشان بدرێن.