لەیەمەن سنووردارکردنی جلوبەرگ و قەدەغەکردنی گەشتکردنی ژنان بەردەوامە

ئەو شەڕەی کە ماوەی ١٠ ساڵە لەیەمەن بەردەوامە، زۆرترین کاریگەری لەسەر ژیانی ژنان هەیە، لە سنووردارکردنی جلوبەرگەوە تا قەدەغەکردنی گەشتکردن، ژنان لە هەموو بوارەکانی تەندروستی و پەروەردە دوور خراونەتەوە.

هالە حاشدی

 

یەمەن-لەیەمەن ماوەی ١٠ ساڵە شەڕی نێوان هێزەکانی حکومەت و حوسییەکان بەردەوامە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژنان زۆرترین زیانیان بەربکەوێت، ئەو ژنانەی لە کۆمەڵگە دوورخراونەتەوە، لە ماڵەکانیاندا زیندانی دەکرێن هەرچەندە شەڕ بەردەوامە، بەڵام ژنان واز لە گرنگیدان بە خۆیان ناهێنن خەبات بۆ ئازادی و یەکسانی دەکەن.

 

"ژنان دژی پێشێلکارییەکان تێدەکۆشن"

هوەیدا فەزلی، پێشکەشکاری بەرنامە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی ژنان لەیەمەن کرد و ڕایگەیاند، ژنانی یەمەن بەهۆی ئەو شەڕەی کە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی بوونەتەوە.

 

ڕوونیکردەوە، سیستمی پەروەردە لە سەنعا بە پێی ئایدۆلۆژیای حوسییەکان داڕێژراوە و وتی: ژن چۆن فێر دەبێت لە سیستمێکی پەروەردەیی کە هەر لە سەرەتاوە هەڵەیە؟  بەتایبەت ژنانی دانیشتووی شاری سەنعا بە هۆکاری بێ بنەما تووشی بارودۆخی ڕفاندن و دەستبەسەرکردن دەبن، بەڵام ژنان لە دژی ئەو پێشێلکارییانەی کە تێیدا دەژین خەبات دەکەن.

 

"فشاری دەروونی کاریگەری لەسەر هەموو لایەنەکانی ژیان هەیە"

 

بەیان تەیار، بێژەر ئاماژەی بەوەکرد، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، ژنان ڕووبەڕووی چەندین کۆت و بەند و فشار دەبنەوە بە جۆرێک لە سەرەتای ئەو سنووردار کردنانەدا، کاتێک ژنان گەشتیان دەکرد، پێویستبوو پیاوێکیان لەگەڵدا بێت، ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر زۆر بوار هەیە، لە پەروەردەوە تا تەندروستی، وتی: سنووردارکردنەکان و بەربەستەکان تەنها بۆ گەشتکردنی ژنان نەبوو بە تەنها بەڵکو جلوبەرگ بووە بەشێک لە ڕێگرییەکان.

 

ڕوونیشیکردەوە، خوێندن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان سنووردارە، بەو پێیەی ڕێگری لە ژنان دەکرێت ناویان تۆمار بکەن لە زانکۆکان، ڕەنگە بەشێک لەژنانی گەنج واز لە خوێندنی زانکۆ بهێنن بەهۆی ئەو کارانەی حوسییەکان دژی ژنان ئەنجامی دەدەن.

 

"ژنان ناتوانن داوای مافەکانی خۆیان بکەن"

بەیان تەیار، ئاماژەی بەوەشکرد حوسییەکان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بابەتی پەروەردەیی و بابەتی دیکە بڵاودەکەنەوە کە بەهای پیاوان بەرز دەکەنەوە و ژنان بە بوونەوەرێکی وابەستە و هەمیشە ناتەواو دەزانن کە کیانێکی جیای تایبەت بە خۆیان نییە، ئەمەش هەستی لایەنگری لە ناو ژناندا دروستکرد، وای لێکردن هەست بە قەتیسبوون بکەن لە گۆشەیەکی دیاریکراودا، ئەمەش پیاوسالارییە و تەنها ڕۆڵی پیاوان لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر دەکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حوسییەکان، ژنان ناتوانن ڕەخنە لە هیچ کەسێک بگرن و داوای مافەکانی خۆیان بکەن، چونکە ئەو پاڵپشتیەی کە پیاوان وەریدەگرن، لە دەسەڵاتەوە دێت هیچ کەسێک و لایەنێک نییە پاڵپشتی ژنان بکات.