"پێویستە لە ئاستی جیهانیدا هاوکاری لە نێوان ژناندا هەبێت"

لەیلا مەجدولی، چالاکوانی یاسایی تیشکی خستە سەر زیادبوونی توندوتیژیی دژی ژنان و وتی: پێویستە هەماهەنگییەکی هاوبەش لە نێوان هەموو پێکهاتەکانی بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهاندا هەبێت بۆ ئەوەی هەموو ژنان بپارێزرێن.

حەنان حارت

 

مەغریب- ژنان لە هەموو وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەبات بۆ مافەکانیان دەکەن، لە بەرامبەر خەباتی ژندا، لە بەرامبەردا ئەقڵیەتی پیاوی سەردەست خۆی زیاتر زاڵ دەکات، بەمەش فشارەکان لەسەر بوون و ئیرادەی ژن لە توندوتیژی جەستەییەوە بۆ دەروونی، لە هیندستانەوە تا مەغریب، لە تونسەوە تا یەمەن زیادی کردووە، ڕێکخراو و بزووتنەوە و چالاکوانانی ژنان کار و چالاکی زۆریان بۆ کۆتایی هێنان بە توندوتیژی دژ بە ژنان ئەنجام داوە.

 

لەیلا مەجدولیی مەغریبی و چالاکوانی یاسایی، یەکێکە لەو ژنانەی ساڵانێکە دژی توندوتیژی لەسەر ژنان وەستاوە و لە بواری یاساییدا پاڵپشتیی دەکات بە مەبەستی هۆشیار کردنەوەی ژنان، لەیلا مەجدولی باسی لە گرنگی هاودەنگی ژنان لە سەرتاسەری جیهان کرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و وتی: ئەو بابەتە لە ئاستی توندوتیژی تێپەڕیوە، توندوتیژی نەک تەنها بووەتە جەستەیی یان دەروونی، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی کوشتنی ژنان و ئەمەش دیاردەیەکی مەترسیدارە، کۆمەڵگەی مەدەنی مەغریب چالاکە و توندوتیژی شەرمەزار دەکات، لە هەر شوێنێک بێت ژنانی مەغریب بە لێدوان و ڕێکخستنی خۆپیشاندان ئیدانەی توندوتیژی و پشتیوانی هاودەنگی خۆیان لەگەڵ خەڵکدا نیشان دەدەن بۆ ئەوەی ئەم دیاردانە بوەستێنن.

 

"دەبێت بێدەنگی کۆتایی بێت"

لەیلا مەجدولی لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کردەی کوشتنی ژنان دیاردەیەکی جیهانییە و تەنها پەیوەندی بە یەک کۆمەڵگەوە نییە، پێویستە هەموو بەشێکی کۆمەڵگە بەشداری بزووتنەوەکان بکەن بۆ ڕاگرتنی ئەو توندوتیژییانە، هەروەها دەبێت بێدەنگی کۆتایی پێبێت، بەهۆی ئەو بێدەنگییەوە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بووەتە پرسێکی گرنگ بۆ هەموومان و دەبێت لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کار لەسەر ئەم دیاردەیە بکەین، هەروەها دەبێت هەماهەنگی لە نێوان هەموو بزووتنەوەکانی ژنان لە جیهاندا هەبێت و لە هەر شوێنێکدا بن ژنان بپارێزرێن.

 

"پێویستە بۆچوونی کۆمەڵگە بگۆڕدرێت"

لەیلا مەجدولی ئاماژەی بەوەشکرد، کاری کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان پیرۆزە، بەڵام ئەوەی پێویستە حکومەت بەردەوام بێت لەسەر ئەم کارە لەپێناو دابینکردنی پاراستنی پێویست بۆ ژنان و وتی: ناتوانین بەتەنها پشت بەخۆمان ببەستین، دەبێت یاساکان بۆ پاراستنی ژنان بن، هەروەها کارکردن لەسەر گۆڕینی بۆچوونی کۆمەڵگە گرنگە و ڕۆڵی ئەرێنی دەبێت.

 

"پێویستە یاسای توندتر و جددیتر هەبێت"

لە کۆتایی قسەکانیدا لەیلا مەجدولی سەرنجی بۆ کوشتنی ژنان ڕاکێشا و ڕایگەیاند، زیادبوونی ئەم حاڵەتە زۆر مەترسیدارە و دەشڵێت: ئەگەر دۆسیەی توندوتیژی دژی ژنان بە توندی و بە جددی وەربگیرێت، ئەوا ژمارەی ئەو ژنانەی دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان کەم دەبێتەوە، هیوادارین یاسای پارێزەر و سەلامەتتر بۆ ژنان دابنرێت بۆ ئەوەی دەستێوەردانێکی بەپەلە بکرێت بۆ پاراستنی ژنان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.