تەندروستی جیهانی هۆشداری لە ئەنجام نەدانی وەرزش دەدات

تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات لەوەی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەس بەهۆی ئەنجام نەدانی وەرزش، ڕووبەڕووی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییە کوشندەکان دەبنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری دەدات کە هەر سێ کەسێک یەک کەس وەرزشی کەم ئەنجام دەدات یان نایکات ، ئەمەش تەندروستییان دەخاتە مەترسییەوە.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، وەرزش نەکردن نزیکەی یەک ملیار و ٨٠٠ ملیۆن کەسی پێگەیشتوو لە سەرانسەری جیهاندا دەخاتە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک و شێرپەنجە و بیرچوونەوە، پێویستە هەفتانە لانی کەم ٢.٥ کاتژمێر وەرزشی مامناوەند ئەنجام بدەیت، تەنها ٢٢ خولەک لە ڕۆژێکدا، بەڵام ٣١%ی خەڵک شکست دەهێنن لەم کارە.

 

ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە، ئاستی ناچالاکی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٠ بۆ ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٥% بەرزبووەتەوە، ئەگەر بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ئاستی ناچالاکی بگاتە ٣٥%، ئەمەش مەترسی زیاتری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانی وەک جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک، شەکرەی جۆری دوو، خەمۆکی و شێرپەنجەکانی وەک مەمک و قۆڵۆن زیاد دەکات.

 

تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، جێگەی نیگەرانییە لە ئەنجامەکان ئەوەیە کە هێشتا جیاوازی لە نێوان ڕەگەز و تەمەندا هەیە، ناچالاکی جەستەیی لەناو ژناندا زیاترە لە جیهاندا بە بەراورد بە پیاوان، جگە لەوەش ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵەوەیە، کەمتر چالاکن ئەمەش جەخت لەسەر گرنگی پێشخستنی چالاکیی جەستەیی بۆ کەسانی بەساڵاچوو دەکاتەوە.

 

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی داوا لە وڵاتانی جیهان دەکات کە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی چالاکیی جەستەیی باشتر بکەن.