تەندروستی سلێمانی هۆکاری تووشبوون و نیشانەکانی ئاوڵەی مەیمونی بڵاوکردەوە

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى بڵاوىکردەوە، ئاوڵەی مەیمون ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە درووست دەبێت و نیشانە باوەكانی بریتییە لە هەوكردنی بەئازاری پێست، تا، سەرئێشە، ئازاری جومگەكان و پشت ئێشەی لەگەڵدا دەبێت.

ناوەندی هەواڵ

 

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى لە بارەى نیشانە و هۆكارەكانی تووشبوون بە ئاوڵەی مەیمون "ئیمبۆكس" ڕاگەیەندراوێکى بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە:

 

ئاوڵەی مەیمون (ئیمبۆكس) چییە؟

ئەم نەخۆشییە ڤایرۆسییە بەهۆی ڤایرۆسێكەوە درووست دەبێت و نیشانە باوەكانی بریتییە لە هەوكردنی بەئازاری پێست و نیشانەكانی بەردەوام دەبێت لە دوو هەفتە و تا چوار هەفتە، سەرئێشە، ئازاری جومگەكان و پشت ئێشەی لەگەڵدا دەبێت.

 

ئایا نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە؟

ئاوڵەی مەیمون لە مرۆڤێكەوە بۆ یەكێكی تر دەگوازرێتەوە لەڕێگەی تێكەڵاوبوونی جەستەیی كەسی تووشبوو یاخود دەست لێدان لە كەلوپەلی پیسبوو بەو ڤایرۆسە یان دەست لێدان لە ئاژەڵی تووشبوو.

 

هۆكارەكانی گواستنەوەی ئاوڵەی مەیمون چین؟

یەکەم- تێكەڵاوبوونی كەسانی تووشبوو لە ڕێگەی دەست لێدان و كاری سێكسی.

دووەم- دەست لێدان لە پێستی كەستی تووشبوو و ماچكردنی.

سێیەم- دەست لێدان لە دەمووچاو لەكاتی قسەكردن یاخود هەناسەدان.

چوارەم- دەست لێدان لە كەلوپەلی تووشبوو بە ڤایرۆسەكە.

پێنجەم- دەست لێدان لە ئاژەڵی تووشبوو لەڕێگەی ڕاوكردن و كەوڵكردن و بەكارهێنانی گۆشتەكەی.

 

ئەم ڤایرۆسە کەى دەرکەوتووە؟

ڤایرۆسی ئاوڵەی مەیمون بۆ یەكەمجار لەساڵی ١٩٥٨ لە دانیمارك دۆزرایەوە لەنێو ئەو مەیمونانەی بۆ مەبەستی تاقیكردنەوەی پزیشكی بەكاردەهێندران، لەساڵی ١٩٧٠ بۆ یەكەمجار تووشبوونی مرۆڤ بەو ڤایرۆسە لەوڵاتی كۆنگۆ لە ئەفریقا تۆماركرا.

 

نیشانەكانی ئاوڵەی مەیمون کامانەن؟

ئەم نەخۆشییە نیشانەكانی لە هەفتەیەكدا دەردەكەوێت تا چوار هەفتە دەخایەنێت و لای هەندێك كەس كە بەرگرییان لاوازە ماوەكەی درێژتر دەبێت و لە نیشانە باوەکانى ئەمانەن:

یەکەم- هەوكردنی پێست و هەوكردنی قوڕگ.

دووەم- تالێهاتن و سەرئێشە و بێهێزی.

سێیەم- ئازاری ماسولكە و ئازاری پشت.

چوارەم- ئاوسانی گرێ لیمفاوییەكان.

 

ئاوڵەی مەیمون لەشێوەی هەوكردنی پێست دەردەكەوێت و شوێنە تووشبووەكە پڕدەبێت لە شلەمەنی و دەبێتە هۆی خورانی زۆر و بەئازار، لەكاتی چاكبوونەوە پێستەكە ووشك دەبێتەوە و هەڵدەوەرێت و زۆرینەی تووشبووان لەماوەی دوو بۆ چوار هەفتە چاك دەبنەوە.

 

چەند ڕێنمایییەک بۆ كەسی تووشبوو بە ئاوڵەی مەیمون:

یەکەم- ئاگاداركردنەوەی هەر كەسێك بەم دواییە تێكەڵاویت كردووە.

دووەم- دووركەوتنەوە لە ئەنجامدانی كاری سێكسی.

سێیەم- مانەوە لەماڵەوە تائەو كاتەی پێستی تووشبوو نامێنێت و چینێك پێستی نوێ درووست دەبێت.

چوارەم- داپۆشینی شوێنە تووشبووەكان و بەكارهێنانی دەمامك كاتێك لەگەڵ خەڵكی تر دەبیت.

پێنجەم- شووشتنی دەستەكان بە ئاو و سابون و مەوادی پاكژكەرەوە بەتایبەت لە پێش و دوای دەستلێدان لە شوێنی تووشبوو.

شەشەم- دەست لێنەدان و برینداركردنی شوێنی تووشبوو و ئەوە دەبێتە هۆی خاوكردنەوەی چاكبوونەوە و گواستنەوەی بۆ شوێنی تری جەستە.

 

ساڵی ٢٠٢٢ ئاوڵەی مەیمون بەشێوەیەكی كتوپڕ لەسەرتاسەری ئەوروپا و هەردوو كیشوەری ئەمریكای باكوور و باشوور بڵاوبوەوە و لە ١١٠ وڵاتدا تووشبوونی ٨٧ هەزار كەس و ١١٢ حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆماركران، لەئێستادا ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاوڵەی مەیمونی وەك بارێكی لەناكاوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند و ئامادەكاریی دەكات بۆ ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە.