لە سودان ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکان و کۆرپە لە زیادبووندایە

ژیانی ئەو ژنانەی بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی سودان ئاوارە بوون لە مەترسیدایە، ڕوەیدە عەلی، پزیشکی ژنان داوای کرد ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ژنان دەستیان بە خزمەتگوزاری منداڵبوون بە سەلامەتی بگات.

میرڤەرت عەبدولقادر

 

سودان- لە ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، هەزاران کەس ئاوارە بوون، بەتایبەتی ئەو ژنانەی دووگیانن ناتوانن دەستیان بە ئاوی پاک و خۆراک و چاودێری تەندروستی بگات.

 

لە ماوەی دووگیانیدا کۆچبەر بووە

یەکێک لەو ژنە دووگیانانە بە ناوی نیعمەت عەلی، کە لە مانگی هەشتەمی دووگیانیدا لە شاری سنجە، باسی ئەو سەختییانەی کرد کە تووشی بووە، وتی: لە یەکەم ڕۆژی شەڕدا ئاوارە بووین لە کاتی کۆچکردندا لە چەند ڕۆژێکدا بە چەندین گونددا تێپەڕین، تەندروستیم لە دۆخێکی خراپدا بوو تا گەیشتینە پارێزراوترین پارێزگا و ئازارەکانم دەستیان پێکرد، پێویستم بە دەستوەردانی پزیشک بوو، بەڵام بەهۆی ئەو بارودۆخە سەختەی کە تێیدا دەژیام، نەمتوانی بە پزیشک بگەم، بە کاتە زۆر سەختەکاندا تێپەڕین و هێشتا لەو کاتانەداین.

 

بەهۆی بەدخۆراکییەوە منداڵەکەی لەدەست دەدات

منداڵێک بە ناوی 'جوود' بەهۆی بەدخۆراکی دایکییەوە بەر لە لەدایکبوونی گیانی لەدەستدا، دایکی منداڵەکە ئەمیرە ئیبراهیم باسی لە گیان لەدەستدانی کۆرپەکەی کرد و وتی: دوای ئازارێکی زۆر لە پارێزگای جەزیرە کۆچمان کرد و گەیشتینە شاری بۆرتسودان، لە مانگی حەوتەمدا بووم باری خراپی من و هاوژینەکەم ڕێگەی نەدا پزیشکەکان ئاگاداری تەندروستیم بن، ڤیتامین و خۆراکی پێویستم نەخوارد، بۆیە تووشی بەدخۆراکی بووم و کۆرپەکەم بەهۆی ئەمەوە گیانی لەدەستدا.

 

"بەهۆی نەبوونی دەرمانەوە ژمارەی گیانلەدەستدان لە زیادبووندایە"

ڕوەیدە عەلی، بەرپرسی کۆمەڵەی پلاندانانی خێزان و منداڵ و پزیشکی ژنان ڕایگەیاند، زیادبوونی ژمارەی ئەو ژنانەی کە کۆچیان کردووە لە ناوچە جەنگییەکانیش پێداویستییە پزیشکییەکانیان زیاد دەکات، کە لەم ماوەیەدا دۆزینەوەیان ئەستەمە و بەردەوامی ئەو بارودۆخ و شەڕانەی کە وڵات پێیدا تێدەپەڕێت، گیان لەدەستدانی دایکان و کۆرپە لە زیادبووندایە.

 

ڕێژەی گیان لەدەستدانی دایکان و کۆرپەلە  بۆ٧٠% بەرز بووەتەوە

میرا نەبیل، بەرپرسی یەکەی تەندروستی یونیسێف لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە سودان لە دەیان هەزار لەدایک بوونی زیندوودا ٢٧٠ دایک گیان لەدەست دەدەن، لە هەر هەزار منداڵێکی زیندوو  ٢٦ منداڵی تازە لەدایکبوو لە مانگی یەکەمدا گیان لەدەست دەدەن، هەروەها ٣٧ منداڵ لە ساڵی یەکەم و دووەمدا دەمرن، هەروەها ٥٢ منداڵ پێش تەمەنی ٥ ساڵی دەمرن.

 

سەبارەت بە چارەسەری بەپەلە وتی: ژنانی دووگیانی کۆچبەر پێویستیان بە چاودێری تەندروستی هەیە پێش منداڵبوون و دوای منداڵبوون، دوای ئەوە گرنگی سەرەکی لەسەر منداڵە تازە لەدایکبووەکانە پێویستە ئەو خزمەتگوزارییانە بەباشی پێشکەش بکرێن و بێ بەرامبەر بن.

 

لەهەمان کاتیشدا ئاماژەی بەوەدا کە ژنە کۆچبەرەکان ئەو شوێنانە نازانن کە خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن، بۆیە پێویستە ئاگاداربکرێنەوە و شوێنی جیاوازی خزمەتگوزارییان پشانبدرێت، لەگەڵ زیادبوونی نائاسایشی خۆراک، زۆرێک لە ژنان ڕووبەڕووی بەدخۆراکی دەبنەوە، بەتایبەتی کەمخوێنی کە زیانبەخشە بۆ ژنێکی دووگیان، بۆیە پێویستە پشتگیری بۆ ژنان بکرێت.

 

ڕێژە مەترسیدارەکانی یونیسێف

ماری لویس، جێگری نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان لە سودان ئاماژەی بەوەکرد ئامارەکان دەریدەخەن کە ٢٤ ملیۆن کەس پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی بەپەلەیە، هەروەها زیاتر لە ١٧ ملیۆن کەس برسی بوون، منداڵان ڕووبەڕووی مەترسی زۆر دەبنەوە، چونکە زیاتر لە ملیۆنێک منداڵ بەدەست بەدخۆراکییەکی توندەوە دەناڵێنن، خراپترین شت ئەوەیە کە ٧٣٠ هەزار منداڵ بەدخۆراکییان هەیە و ئەگەر چارەسەر نەکرێن لە هەر ساتێکدا گیان لەدەست دەدەن.

 

لێژنەی دەستبەکاربوونی سەندیکای پزیشکانی سودان هۆشداری دەدات لەوەی زیاتر لە ١٦٠ هەزار ژنی دووگیان کە کۆچیان کردووە ڕووبەڕووی برسێتی و تینوێتی و خراپی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بوونەتەوە.