ئەو ژنانەی شێرپەنجەی منداڵدانیان هەیە توانای چارەسەرکردنیان نییە

دەوڵەتی تورکیا ڕێگە بە هیچ کەسێک نادات شارەکانی ناوچە داگیرکراوەکان بەجێبهێڵێت هەر بۆیە ئەو ژنانەی شێرپەنجەی ملی منداڵدانیان هەیە ناتوانن بچنە شار بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هەروەها ناچارن موڵک و ماڵی خۆیان بفرۆشن بۆ چارەسەرکردن.

هەدیل عومەر

 

ئیدلیب- دوای شێرپەنجەی مەمک، شێرپەنجەی ملی منداڵدان لە ئیدلیب زیاتر دەبێت، ئەو ژنانەی تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بوون لە ئیدلیب زۆر ئازار دەچێژن، هیچ دەرمانێک بۆ شێرپەنجە نییە و زۆر ئەستەمە بگەنە شوێنی مەبەست بۆ چارەسەر چونکە دەوڵەتی تورکیا ڕێگری دەکات.

 

"من توانای ئەوەم نییە چارەسەری نەخۆشییەکەم بکەم"

سەحەر مەروش، تەمەنی ٣٨ ساڵە، هەرچەندە ٣ مانگ پێش ئێستا تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووە، بەڵام ناتوانێت چارەسەر وەربگرێت، چونکە باری دارایی زۆر خراپە.

 

سەحەر مەروش، کۆچبەرێکە و لە کامپەکانی مەشهەد ڕوحین لە باکووری ئیدلیب دەژی، سەبارەت بە دۆخی خۆی وتی: من لە چادردا دەژیم، هیچم نییە، ناتوانم بژێوی خۆم دابین بکەم، هاوژینەکەم لە بواری بیناسازیدا کار دەکات و مووچەکەی زۆر کەمە، بۆ من بەرگەی ئازاری نەخۆشییەکەم ناگرێت و ناتوانم چارەسەرەی پێ دابین بکەم.

 

سەحەر مەروش ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانی بۆ تێپەڕبوون بۆ خاکی تورکیا بەهۆی یاسا و بڕیارەکانی دەوڵەتی تورکیا سەبارەت بە نەخۆشەکان سەرکەوتوو نەبوون و وتی: پێویستە کەسانی نەخۆش بتوانن بگەنە ناوچەی سەلامەت بۆ ئەوەی چارەسەر وەربگرن، هەروەها پێویستە بیمەی چارەسەری بێبەرامبەر هەبێت یان ئەگەر نا پێویستە پارە هەبێت بۆ چارەسەرکردن ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردووە و پەسەندکراون، دەبێت بۆ ماوەی ٤ مانگ چاوەڕێی نۆرەی خۆیان بکەن، بەپێی داتا ناوخۆییەکان نزیکەی چوار هەزارو ٣٠٠ نەخۆشی تووشبووی شێرپەنجە لە ئیدلیب دەژین، زۆربەیان ژن و منداڵن هەروەها پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

 

ماڵەکەی فرۆشت بۆ چارەسەر

ڕانیا حەمادی تەمەن ٣٨ ساڵ کە تووشی شێرپەنجەی ملی منداڵدان بووە، بۆ ئەوەی پارەی چارەسەرەکەی بدات، ناچاربوو خانووەکەی لە ئیدلیب بفرۆشێت و لە کامپێکی سنووری نێوان سووریا و تورکیادا بژی، وتی: نەبوونی دەرفەت و هەڵبژاردن وای لێکردم خانووەکەم بفرۆشم و لە کامپەکاندا بژیم، هەر ژەمێکی چارەسەری کیمیایی ١٢٥ دۆلاری ئەمریکییە، پزیشکەکان پێیان وتم ئەگەر چارەسەر وەربگرم، ئەوا بە تەواوی چاک دەبمەوە، نەبوونی دەرمان یەکێکە لەو سەختییانەی کە ڕووبەڕووم دەبێتەوە، دەرمان لە دەرمانخانەکان و بنکە تەندروستییەکان بەردەست نییە بەهۆی ئەوەوە، کاتێک لە باکووری سووریا بەردەست نییە، من لە ناوچەکانی تورکیا دەیکڕم.

 

"پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسیارێتی هەڵبگرن"

عایشە سلێمان، پزیشکی ژنانە دەربارەی ئەو پرسە وتی: لە ئیدلیب بڵاوبوونەوەی شێرپەنجەی ملی منداڵدان دوای شێرپەنجەی مەمک، لە پلەی دووەمدایە لە ڕێژەی چارەسەری ئەم نەخۆشییە دەگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی دۆزینەوەی نەخۆشییەکە و نەبوونی ئامادەکاریی پزیشکی، ئەو گەمارۆدانەی کە دەوڵەتی تورکیا بەسەر نەخۆشەکاندا دەیسەپێنێت یەکێکە لە کێشە گەورەکان.

 

پزیشک عایشە سلێمان جەختی لە گرنگی دۆزینەوەی چارەسەری خێرا بۆ تووشبووانی شێرپەنجە بە گشتی کردەوە و داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بەرپرسیارێتی بگرنە ئەستۆ.