دەروونێکی تەندروست، جەستەیەکی تەندروست بەرهەم دەهێنێت

سەلوە عامر، پزیشکی دەروونی ڕایگەیاند، هۆکاری زۆرێک لە نەخۆشییە جەستەییەکان نەخۆشییە دەروونییەکانن، بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین.

ئیخڵاس حەمرونی

 

تونس- ژنان و بەتایبەت ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە کە زیان بە تەندروستی دەروونی و جەستەییان دەگەیەنێت، ژنان کە بناغەی کۆمەڵگەن، ناتوانن کێشە جەستەیی و دەروونییەکانی خۆیان ڕوون بکەنەوە و بێدەنگ بن، لەم بابەتەدا گرنگترین ئەرک دەکەوێتە سەر شانی نزیکترین کەسانی ناو خێزان، خۆشگوزەرانی و ئاسوودەیی بنەمای تەندروستی گشتییە، بەڵام ژنانی گوندنشینەکان ئاگاداری ئەو ڕاستییە گرنگە نین و لایەنی دەروونییان کاریگەری لەسەر ژیانیان هەیە بەڵام پشتگوێ دەخەن بۆیە کاریگەری لەسەر جەستەشیان دروست کردووە.

 

سەلوە عامر، پسپۆڕی دەروونناس، لە شاری سەدیی بوزێد لە تونس کار دەکات و ئەندامی شاندی گەلی شار و خێزانە ڕایگەیاند، بنەمای تەندروستی جەستەیی ژنان لە تەندروستی دەروونیەوە دەستدەکەوێت.

 

هۆکارەکانی پشتگوێخستنی تەندروستی ژنان چین؟

سەلوە عامری ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکاندا دەژین، تەندروستی خۆیان پشتگوێ دەخەن و هۆکارەکانیشی ڕوونکردەوە و وتی: بەهۆی کاری ماڵەوە، بەخێوکردنی منداڵ، کارێک کە بە درێژایی ڕۆژ ئەنجامی دەدەن، ماندوێتی و کارکردن لە بواری کشتوکاڵدا، دەبێتە هۆی خراپی تەندروستی دەروونیان، بەڵام بەهۆی هیلاکییەوە پشتگوێی دەخەنە و ئەمەش کاریگەری خراپ لەسەر جەستەیان دروست دەکات.

 

"نەخۆشی جەستەیی و دەروونی کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی هەیە"

سەلوە عامر ڕایدەگەیەنێت، تەندروستی جەستەیی، دەروونی و کۆمەڵایەتی پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: ئەم سێ قەوارەیە بە گشتی کەسایەتی مرۆڤ پێکدەهێنن، ئەگەر تەندروستی جەستە خراپ بوو، تەندروستی دەروونیش خراپ دەبێت، کاتێک هەردووکیان خراپ دەبن، کاریگەرییان لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دەبێت، کاتێک ژنان لە ڕووی دەروونییەوە ماندوو دەبن، نیشانەکانی لە جەستەدا دەردەکەون وەک دڵەڕاوکێ، ئازاری گەدە و سەرئێشە، کەمی سەرنج، لەبیرچوونەوە، ترس، لەبیرچوونەوە و کاردانەوەی هاوشێوەی سترێس ڕوودەدات، لە ژیانی هاوسەرگیریدا، مامەڵەی خراپی پیاو بەرامبەر بە ژن کاریگەری زۆری لەسەر تەندروستی هەیە.

 

"ئەو ژنانەی تووشی کێشەی دەروونی دەبن ناتوانن ڕوونکردنەوە بدەن"

سەلوە عامر ئاماژەی بەوەدا کە زۆربەی ژنان لەڕووی کێشەی دەروونییەوە پارێزگاری لە خۆیان ناکەن، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: بەپێی لێکۆڵینەوەکان، ژنان زیاتر لە پیاوان دەچنە لای پزیشکی دەروونناس، چونکە زیاتر فشاریان لەسەر، پیاوان تەنها لە دەرەوەی ماڵەوە کارە دیاریکراوەکانیان هەیە، بەڵام ژنان دەبێت ڕۆژانە زۆر شت لە ناو ماڵ و دەرەوەی ماڵدا ئەنجام بدەن، لە لایەکی ترەوە لە کاتی دووگیانی و دوای دووگیانی، لەبەر ئەوەی هۆرمۆنەکانی ژنان خراپ دەبن، باری دەروونییان خراپ دەبێت ئەو ژنانەی کە کێشەی دەروونییان هەیە ناتوانن بە کەسوکاریان بڵێن و کاتێک کێشەیان هەیە کەس لێیان تێناگات، بۆیە هەوڵی شاردنەوەی دەەدەن و ئەمەش نەخۆشییەکە زیاتر دەکات.

 

"بەدەستهێنانی مافی ژنان وەک پیاوان پێویستی بە کارکردن هەیە"

سەلوە عامر لە کۆتایدا وتی: کەسانێک هەن باوەڕیان بە ماف و یەکسانی ژنان هەیە، بەڵام ڕێژەیان کەمە، بۆ یەکسانی ژن و پیاو، پێویستە ئاستی هۆشیاری زیاتر بێت،  بۆ ئەمەش پێویستە کار بکرێت، داوا لە ژنان دەکەم ئاگاداری تەندروستی دەروونی خۆیان بن، کاتێک ماندوو بوون یان نەخۆش بوون، ڕاوێژ بە پزیشکی دەروونناس بکەن و چاودێری دۆخەکەیان بکەن و هەوڵی چارەسەری بدەن.