ڕوکەن ئەحمەد: دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لەبەردەم هەڕەشەی گەورەدان

ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندی و هاوپشتی سیاسەتی دیموکراتیکی کۆنگرەی ستار ڕایگەیاند، دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان لەبەردەم هەڕەشەی جیددیدان، تەنها لە ڕێگەی خەباتی سیاسی و ڕێکخراوەوە مسۆگەر دەکرێن.

نەغەم چاچان

 

قامیشلۆ- لە قۆناغی نوێی سووریادا، ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بە چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری بەدەستیان هێناوە، ڕووبەڕووی چەندین کێشە و هەڕەشە دەبنەوە، بۆیە پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان تەنها داوایەک نییە، بەڵکو یەکێکە لە پرسە سەرەکییەکان بۆ داهاتووی ژنان و بونیادنانی سووریایەکی دیموکراتی.

 

لەم چوارچێوەیەدا، ڕوکەن ئەحمەد، ئەندامی لیژنەی پەیوەندی و هاوپشتی سیاسەتی دیموکراتیک لە کۆنگرەی ستار هەڵسەنگاندنێکی بۆ ئاژانسەکەمان سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر دەستکەوتەکانی ژنان و پێویستی پاراستنیان پێشکەش بە ئاژانسەکەمان کرد.

 

ڕوکەن ئەحمەد بیری هێنایەوە کە ژنان لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا دەستکەوتی زۆریان بەدەست هێناوە و وتی: شۆڕشی ژنان بووەتە شۆڕشێکی سیمبولی لەسەر ئاستی جیهانی، شۆڕشی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کراوە، بەڵام جیاوازی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەوە بوو کە چەندین شۆڕشی جیاواز لەناو ئەو شۆڕشەدا پێکەوە ئەنجامدران، لە ئەنجامی ئەم شۆڕشەدا ژنان لە زۆر بوارى جیاوازدا دەستکەوتى گرنگیان بەدەستهێناوە، لە سیستەمى هاوسەرۆکایەتی و خودموختاری ژنان لە دامەزراندنى بوار و ڕێکخراوە تایبەتەکانى ژنان، تا پێشکەوتن لە بوارەکانى مافە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکانى ژنان، ئەگەر ژنان لەم شۆڕشەدا بەشداری و تێکۆشانییان نەبوایە، بناغەی ئەم شۆڕشە ڕووبەڕووی کەلێنێکی گەورە دەبووەوە.

 

”ڕۆڵی ژن لە شۆڕشە مێژووییەکاندا ناوەندی بوو”

ڕوکەن ئەحمەد ڕایگەیاند، کە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان لە زۆرێک لە شۆڕشە مێژووییەکان گێڕاوە وتی: لە بوارەکانی مێژوو و زانست و بایۆلۆژیدا دەتوانین سوود لە ئەزموونەکانی خەباتی ژنان لەسەر ئاستی جیهانی وەربگرین، بۆ ئەوەی بتوانین بناغەیەک بۆ ئەو ئەزموونانە بونیاد بنێین و ببینە هیوایەک بۆ خەباتی ژنان لە ئەمڕۆ و داهاتوودا، لە زۆرێک لەو شۆڕشانەی کە لە مێژوودا کراون، ژنان ڕۆڵی پێشەنگ و بەشداری کارایان لە بوارەکانی وەک شەڕ و دامەزراندنی سیستەمی نوێ و بڕیارداندا بینیوە، هەرچۆنێک بێت، لە زۆر حاڵەتدا، دوای کۆتاییهاتنی شۆڕشەکان، ژنان لە مەیدانی بڕیاردانی سیاسی دوورخراونەتەوە و جارێکی دیکە بێ ڕۆڵ ماونەتەوە.

 

”هەموو بوارەکانی ژیان کراوە بوون بۆ ژنان”

ڕوکەن ئەحمەد ڕوونیکردەوە، کە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ساڵانێکە لەسەر بنەمای ئازادی ژنان و دیموکراتی و پێکەوەی گەلان دەژی و هەموو بوارەکانی ژیان کراوە بوون بۆ ژنان، وتی: ئامانج لەم هێرشانە نەهێشتنی ئەو دەستکەوتانە و دوورخستنەوەی ژنانە لە ڕۆڵی سیاسی و کۆمەڵایەتییان، بۆیە ئەو سیستەمەی کە ساڵانێکە بونیاد نراوە، ئێستا لە بواری سیاسی و یاساییدا ڕووبەڕووی هەڕەشەی گەورە بووەتەوە.

 

”دەیەوێت بە سیستەمێکی ئیسلامی حوکمڕانی سووریا بکات”

ڕوکەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەتی کاتی بە جێبەجێکردنی سیستمێکی ئیسلامی ماف و ئیرادەی ژنان پێشێل دەکات وتی: ژنانی سووریا لەم شۆڕشەدا گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری و سیاسی، بەڵام دوای هاتنی حکومەتی کاتی، دۆخێکی نەرێنی بەسەر ژناندا سەپێنراوە، ئەم حکومەتە بە هۆشیارییەکی سەلەفی و جیهادی و ڕادیکاڵەوە لە ژنان نزیک دەبێتەوە و دەیەوێت بە سیستەمی ئیسلامی حکومڕانی سووریا بکات، ئەزموونەکان لە زۆرێک لەو وڵاتانەی کە سیستەمی ئیسلامییان تێدا جێبەجێ کراوە، نیشانی دەدات کە یەکێک لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی ئەم سیستەمە دەستدرێژیکردنە سەر دەستکەوتەکانی ژنان و سنووردارکردنی ئیرادەیان، نزیکەی دوو ساڵ بەسەر هاتنی حکومەتی کاتی لە سووریا تێپەڕیوە و ماف و ئیرادەی ژنان پێشێل کراوە

 

”حکومەتی کاتی ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان دوور دەخاتەوە”

ڕوکەن ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە، کە هەموو ژنانی سووریا ڕووبەڕووی مەترسی جیددی دەبنەوە و وتی: نەک تەنها ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە، بەڵکو هەموو ژنانی سووریا ڕووبەڕووی ئەو مەترسیانە دەبنەوە، لە زۆر شوێنی سووریا ژنان ڕفێنراون و دەستدرێژییان کراوەتە سەر و کوژراون، لە هەمان کاتدا حکومەتی کاتی بە شێوازی جیاواز ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیان دوور دەخاتەوە، هەروەها ماف و ڕۆڵەکانیان سنووردار دەکات.

 

ڕوکەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکرد، کە لە ٢٩ی کانوونی دووە هاوپەیمانیەک لە نێوان قەسەدە و حکومەتی کاتی واژۆ کراوە و بیری هێنایەوە: ئەو هاوپەیمانیە لە دۆخێکی ئارامدا واژۆ نەکرا بۆ ئەوەی بەڕاستی بنەمایەک بۆ چارەسەری سیاسی دروست بکرێت، بەڵێ ئەو هاوپەیمانیە لە هەلومەرجی تایبەتدا واژۆ کرا، بۆ ئەوەی ئێمە تووشی قڕکردنێکی تر نەبین، لەو سەردەمەدا پێویست بوو زۆرێک لە وردەکارییەکان بە وردی باس بکرێن، هەر ئەمەش وایکردووە ئەمڕۆ لەبەردەم چەندین ئاستەنگدابین.

 

ڕوکەن ئەحمەد وتی: ئەگەر پڕۆسەی ئەنتیگراسیۆن بە شێوەیەکی دیموکراتی ئەنجام نەدرێت، ژنان جارێکی دیکە بەرەوڕووی ئەەقڵیەتی پیاوسالاری و ئایینی و ناسیۆنالیستی دەبنەوە.

 

”ئاواتمان سیستمێکی ناناوەندییە”

ڕوکەن ئەحمەد سەرنجی بۆ ئەو یاسایانە ڕاکێشا کە لە ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن خۆبەڕێوەبەریەوە دەرچووە، کە ئامانجیان پاراستنی مافەکانی ژنان و خێزان بوو، وتی: لە ساڵی ٢٠١٤دا خۆبەڕیوەبەری یاسایەکی دەرکردووە کە مافی ژنان و خێزان دەپارێزێت، بەڵام ئەو یاسا و دەستوورانەی کە لە لایەن حکومەتی کاتییەوە دەرچووە لەسەر بنەمای ئیسلامی ئامادە کراون، ئەمەش ناتوانێ مسۆگەری ئەو ڕۆڵە بکات، ماف و بوونی ژنان، خواستی ئێمە سیستەمێکی لامەرکەزییە، چونکە ئەوە تایبەتمەندی هەرێم بووە لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا و ئەمەش مافی ژنان و پێکهاتەکانی پاراستووە.

 

”دەستوور پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە”

باسی لە گرنگی پاراستنی مافەکانی ژنان لە دەستووردا کرد و وتی: لەبەرئەوەی دامودەزگاکان و حکومەتەکان و دەستە فەرمییەکان پشت بە یاسا دەبەستن بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیان، ئەگەر یاسا ڕێگە بە توندوتیژی و جیاکاری لە نێوان ڕەگەزەکاندا بدات، ئەوە مەترسی گەورە بۆ ژنان دروست دەکات، بەڵام تا ئێستا هیچ یاسایەک نییە کە بە شێوەیەکی دروست مافەکانی ژنان بپارێزێت، بارودۆخەکە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا وەک خۆی بوو و ئەمڕۆش ئەم دۆخە دووبارە دەبێتەوە، مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان هەیە و پێویستە بە ڕوونی ماف و دەستکەوتەکانی ژنان لە یاسا و دەستووردا بپارێزرێت.

 

ڕوکەن ئەحمەد جەختی لەسەر ڕۆڵی ژنان لە پەرلەمان کردەوە و وتی: پێویستە نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان زیاد بکرێت، ئەگەر ڕێژەی ژنان لە پەرلەمان زیاد بکات، ئەوا دەتوانن باشتر نوێنەرایەتی ماف و داواکارییەکانی ژنان بکەن و ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن لە پرۆسەی بڕیاردان.

 

ڕوکەن ئەحمەد جەختی لە ناوازەیی سیستەمەکەمان کردەوە، ئەویش ئەوەیە کە ژن و پیاو پێکەوە لە پێگەی بڕیاردان و وتی: ئێمە ئێستا چووینەتە قۆناغێکی پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان، لە ڕاستیدا پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەست هێنراون قورسترە لە بەدەستهێنانی، ئەو سیستەمەی پێشتر دامەزراندبووین تایبەتمەندی خۆی هەبوو و لە کۆمەڵگەشدا قبوڵکراو بوو، هەروەها لە کۆمەڵگەدا ئازادی و بەشداری ژنان لە بڕیاردان وەک بنەما سەیر دەکرا، چیتر پیاوان نەیاندەتوانی بە تەنها بڕیار بدەن و ژنان لە بڕیاردان دوور بخەنەوە.

 

”لەم پرۆسەیەدا چەندین سەختی و کێشەی گەورە هەیە”

ڕوکەن ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا، کە حکومەت سیستمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ ناکات و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: حکومەتی کاتی سیستمی هاوسەرۆکایەتی قبوڵ ناکات و بەشێوەیەکی گونجاو بەشداری ژنان لە ئاستە جیاوازەکانی بڕیاردان قبوڵ ناکات، بۆیە ئێمە چووینەتە قۆناغێکی نوێ، پێویستە بەردەوام بین لە خەباتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیمان لەگەڵ دەوڵەت، بێگومان لەم پڕۆسەیەدا چەندین سەختی و گرفتی گەورە دروست دەبێت، ئامانج لێی درێژەدان بە خەباتە لە ڕێگەی ڕێکخستن و دەسەڵاتی ژنان و لە پرۆسەی سیاسی ئەمڕۆدا جێگەیەک بۆ ژنانی سووریا هەبێت، دەبێت دەنگ و بۆچوون و داواکارییەکانی ژنان بە ڕوونی و کاریگەرانە دەرببڕدرێن.