پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە عێراق و کوردستان...١

چەوساندنەوە و توندوتیژییەکانی سەر چالاکوانانی مافی مرۆڤ ڕۆژانە لە هەڵکشاندایە، بەڵام ئەمانە نەبوونەتە ڕێگر لەبەردەم هەوڵی چالاکوانان بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵک، چالاکوانێکیش دەڵێت: دەسەڵات ترسی لە دەنگی گەل هەیە بۆیە سەرکوتی چالاکوانانیش دەکات.

شنیار بایز

 

سلێمانی- بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو وڵاتانەی لە ئاستی سەرەوەی ڕیزبەندی پێشێلکارترین وڵاتەکانن، ئاماژە بەوەکراوە، سەروەر نەبوونی یاسا، سەربەخۆ نەبوونی دادگاکان، باڵادەستی حزب لە حکومەتەکان، گەندەڵی و نەبوونی ئازادی ڕادەربڕین هۆکاری سەرەکی نەبوونی ژیانێکی سەربەخۆ و ئازادانەیە لە وڵاتدا، حکومەتەکان بەرگی دیکتاتۆرییان لەبەردایە و عێراق و هەرێمی کوردستان یەکێکن لەو وڵاتانەی لەسەر دەربڕینی ڕاوبۆچوون لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هاوڵاتی دەستگیر دەکەن و هەمیشە لە دژی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان کار دەکەن، چونکە پێیانوایە بە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە ناتوانن درێژە بە گەندەڵی و قۆرخکردنی دەسەڵات بهێنن.

 

"لە عێراق و کوردستان یاسا کاری پێناکرێت یاخود بۆ بەرژەوەندی بەکاردەهێنرێت"

سرود ئەحمەد، چالاکوانی مافی مرۆڤە و دانیشتووی شاری کەرکوکە، باس لە ڕەوشی کۆمەڵگەی عێراق و باشووری کوردستان دەکات لە ڕووی هەبوونی مافی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەکرد ڕاپۆرتی دەزگای مافی مرۆڤ کە دەربارەی کوردستان و عێراق هەڵسەنگاندن دەکات، ڕاستییەکانی خستەڕوو، ڕەنگە دۆخەکە لەوەش خراپتر بێت، وتیشی: لە ناوەند و خوارووی عێراق تا دەگاتە کوردستان ناوچەیەکی چەکدارییە و تیایدا یاسا سەروەر نییە، ئەوانەی یاساش جێبەجێ دەکەن ئەجێندای خۆیان هەیە و بێ لایەنی نییە، ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر ژینگەی مافی مرۆڤ، کە نائارامە و چالاکوانان لەگەڵ بەرزبوونەوەی دەنگیان دەمکوت دەکرێن و لە کونجی زیندانەکاندا خۆیان دەبیننەوە.

 

"دەستی دەرەکی لە کوردستان و عێراق بڕیاردەرە"

سرود ئەحمەد باسی لەوەکرد، "لە عێراق و کوردستان ئازادی بۆ هیچ کەس و تاکێک نییە، لە منداڵێکەوە بیگرە تا دەگاتە ژنانیش، کە هیچکات ڕێگەیان پێنەدراوە ئازادانە داوای مافەکانیان بکەن، دۆخەکە تا دێت خراپتر دەبێت، چونکە ئەجێندای نێودەوڵەتیش هەیە و دەستێوەردان دەکات لە ناوخۆیی کوردستان و عێراقدا، زیاتر ژینگەگە تێکەدەدات و نائارامی دەکات، بەرەو ژینگەیەکی دەبات کوشتن و جێبەجێنەکردنی یاسا تیایدا سەروەرە، چالاکوانان لە ناوەند و خواری عێراق کاتێک چالاکی ئەنجام دەدەن بە گولە وەڵامیان دەدرێتەوە و هێرشیان دەکرێتە سەر، دەستگیر دەکرێن، چالاکوانان وەک دوژمن تەماشا دەکرێن نەک دڵسۆزی مرۆڤ و کۆمەڵگە".

 

"حزب و گەندەڵی ڕەوشی مافی مرۆڤی لە عێراق و باشووری کوردستان خراپکردووە"

ئەو چالاکوانە ڕوونیکردەوە، لە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندی حزبی باڵی بەسەر ڕەوشی کۆمەڵگەدا کێشاوە، هەروەها بوونی گەندەڵی وایکردووە کۆمەڵگە بەرەو کۆمەڵگەیەکی نائازاد بچێت، تیایدا هیچ کەس و لایەنێک مافی دەربڕینی ڕای ئازادی نەبێت، ژینگەی مافی مرۆڤیان نائارام کردووە، وتی: لە عێراق و هەرێم یاسایەک نییە دەسەڵات و کۆمەڵگە پێکەوە پەیڕەوی بکەن. بەڵکو دەسەڵاتداران بۆ خۆیان یاسایەکیان هەیە و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤیش یاسایەکی تریان هەیە، تەنانەت دادگا و دادپەروەرانیش لەلایەن دەسەڵات و حزبەوە ئاڕاستە دەکرێن و سەر بە ئەوانن، لەسەر کەیسێک کە خۆیان ئامانجیانە کپی بکەن، چەندین چاوپۆشی دەکەن، بەڵام بۆ کەیسی ماف پەروەرێک چەندین لێپێچینەوە دەکەن، ئەمەش دەیسەلمێنێت دادگا و پۆلیس و ئاسایش لەم ناوچەیەدا بێ لایەن نین و بۆ خەڵکی کار ناکەن، بەڵکو بۆ حزب و دەسەڵات و کوتلەی سیاسی کار دەکەن.

 

"چالاکوانان ڕووبەڕووی کوشتن و سوتاندن دەبنەوە"

سرود ئەحمەد بە گرنگی دەزانێت چالاکوانان و ئەو کەسانەی بۆ مافی مرۆڤ کار دەکەن، لەلایەن کۆمەڵگە و دەسەڵاتەوە ڕێزی تایبەتیان لێبگیرێت، چونکە داکۆکیکاری تەواوی خەڵکن و کار بۆ مافەکانیان دەکەن، بەڵام دەسەڵات و حکومەت سەرکوتیان دەکات تا کەسی دیکە نەبێتە چالاکوان و دەنگی لێوە نەیەت، بەردەوام هەوڵ دەدەن چاوترسێنیان بکەن، ئەو نمونانەیان بێننە بەرچاو کە لەناویان دەبەن و توندوتیژیان بەرامبەر دەکەن، سەبارەت بە خوارووی عێراقیش دەڵێت: چالاکوان هەیە بە ماڵەکەیەوە سووتاندویانە، بەتایبەت لە خوارووی عێراق هیچ یاسا و ڕێسایەک نییە بەڵکو چەک، کوتلەی سیاسی و ئەقڵیەتی دواکەوتووی کۆمەڵگە لەم ناوچانەدا کار دەکات، بۆیە دۆخی ژیانی کۆمەڵگە و مافی مرۆڤ گەیشتووەتە ئەو ئاستە.

 

"پێویستە چالاکوانانی مافی مرۆڤ بە بەڵگەوە کار بکەن"

سرود ئەحمەد ئاماژەی بەوەدا ئەو کەسانەی کار دەکەن بۆ مافی مرۆڤ پێویستە بەردەوام بەڵگەیان هەبێت، هەمیشە وەڵامیان پێبێت بۆ ئەو کەیسانەی دەستی دەدەنێ تا بتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن، لە هەموو لایەنێکەوە لێکۆڵینەوەی لێبکەن بۆ ئەوەی داکۆکیکارێکی ڕاستەقینە بن، نەک تەنها لەیەنێکی ببینن و بێنە دەنگ لەسەری، ئەگەر وابێت ناتوانن داکۆکیکارێکی باش بن.

 

"ژنانی چالاکوان و ڕۆژنامەنووسان زیاتر بەر هێرشی توندوتیژی دەکەون"

سرود ئەحمەد باس لەوە دەکات، تا ڕۆژنامەنووسێک و چالاکوانێک دروست دەکەیت کە بەڕاستی کار بۆ مافی مرۆڤ بکات، زۆر دەخایەنێت، بەڵام لای دەسەڵات و حزبەکان ئاسانە ڕۆژانە لێیان بکوژرێت و توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت، بۆیە ئەوەی گرنگە بەردەوامی چالاکوانانە، نەوەستانیانە لە کارەکانیان، بیسەلمێنن بۆ دەسەڵات و حزبەکان کە بەربەستەکان نایانوەستێنێت.

 

لە کۆتایدا سرود باسی لەوەکرد، کۆمەڵگە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارە، ئەمەش وایکردووە دۆخەکە بۆ ژنان قورستر بێت، بۆیە کاتێک ژنێک دەبێتە چالاکوان چەندین تۆمەت و بوختانی بەدوادا دەخەن لەو پێناوەی بێدەنگ بکرێت، یاخود ژنان بە ئاسانتر لە چالاکوانانی دیکە ڕووبەڕووی هەراسانکردن و کوشتن دەبنەوە، هەندێک کاتیش هێرش بۆ سەر خێزانەکانیان دەکرێت، "هەمیشە پێیانوایە بە وەستاندنی ژنان و کوشتنیان، دەتوانن کۆنتڕۆڵی دۆخەکە بکەن، بەڵام لە ڕاستیدا وانییە".