سارا ڕەزا: دەسەڵاتدارانی باشوور خەڵکیان سەرقاڵکردووە بۆ ئەوەی هەستی نیشتیمانیان نەمێنێت

ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی هەبوونی خۆبەڕێوەبەربوون و ئیرادەیەوە بەردەوام بووەتە ئامانجی داگیرکاری تورکیا، چالاکوانێکیش دەڵێت: گەلی باشوور دەبێت خاوەن هەڵوێست بن و وەک کۆبانێ و عەفرین داکۆکی بکەن لە گەلی ڕۆژئاوا.

شنیار بایز

 

سلێمانی- دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەم هێرشانەیدا نزیکەی ٢٢٣ ناوەندەی خزمەتگوزاری و گشتی و تایبەت کراونەتە ئامانج و ٤٧ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان بریندار هەیە، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا زیندووکردنەوەی دەوڵەتی عوسمانی و لەناوبردنی گەلی کوردە، بۆیە هێرش و پیلانگێڕیەکانی درێژە پێدەدات.

 

"لە ڕۆژئاوای کوردستان نەتەوەی دیموکراتیک تەواو بەرقەرارە بۆیە بووەتە ئامانجی دوژمن"

سارا ڕەزا، ئەندامی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان، دەربارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، دوژمنان هەمیشە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی کورد و کوردستان و بەتایبەت کوردێکی وڵاتپارێز بە ئامانج بگرێت، بۆ ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی و میساقی میللی زیندوو بکاتەوە، ڕۆژئاوای کوردستان لەناو جیهاندا، جیهانێکی بە ئیرادە و جیاوازە، کە لەوێ خۆبەڕێوەبەریەک هەیە و ژن پێشەنگایەتی دەکات، بۆیە بووەتە جێگای ئامانجی دوژمن.

 

هەروەها باسی لەوەکرد، لە ڕۆژئاوای کوردستان نەتەوەی دیموکراتیک تەواو بەرقەرارە و ڕەنگدانەوەی هەیە لەناو گەلەکەیدا، دوژمنی گەلی کورد و ڕۆژئاوا دەیەوێت لەو سەربەخۆییەی ڕۆژئاوا بدات، بەتایبەت لەم مانگەدا کە مانگێکی ڕەشە بۆ گەلی کورد، کە پیلانگێڕییەکی نێودەوڵەتی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ کرا، هەر بۆیە دەیەوێت زۆرترین کۆمەڵکوژی ئەنجام بدات.

 

"دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتە زلهێزەکان بۆ بەرژەوەندی سیاسی پێکەوە ڕێککەوتوون"

سارا ڕەزا ئاماژەی بەوەدا، دەوڵەتانی زلهێز بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بێدەنگیان هەڵبژاردووە، چونکە بەرژەوەندی سیاسی و ئابووریان هەیە، وتیشی:  ڕۆژئاوای کوردستان خاوەن گەلێکە بەپێشەنگایەتی ژن ئیرادە و هێز لە ناخیاندایە و تێکۆشان دەکەن، هەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا بە ئامانجی دەگرێت و لەناو جەرگەیدا لە خەڵکی مەدەنی دەدات و لە هەموو ڕوویەکەوە قەیرانی بۆ دروست دەکات، تورکیا ئەو هێرش و داگیرکاریانە دەکات لەپێناو ئەوەی گەلی ڕۆژئاوا زێدی خۆی بەجێ بهێڵێت، بەڵام سەرجەم پیلانەکان بە هێزی تێکۆشانی وڵاتپارێزان لە شاخەکانی کوردستان و ناو شار پوچەڵکراوەتەوە، خەڵکی ڕۆژئاوا نەک هەر خاکی خۆیان بەجێ ناهێڵن، بەڵکو دژی هێرشەکان دەوەستنەوە.

 

"گەلی باشوور پێویستە بڕژێنە سەر شەقام بۆ پاڵپشتیکردنی ڕۆژئاوا"

سارا ڕەزا لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەکرد، خەڵکی باشووری کوردستان بێ هەڵوێست بوون لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژی و هێرش و داگیرکاریەی کرایە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، بەڵام پێویستە ئەوەش بزانرێت چەندین کەسی خاوەن هەڵوێست و بە ئیرادە و وڵاتپارێز لە باشووری کوردستان هەن و دژی هێڵی خیانەت دەوەستنەوە و پاڵپشتی لە ئیرادەی گەلی ئازادیخواز دەکەن، دەشڵێت: ئەم پیلانگێڕیانەی دژ بە گەلی کورد دەکرێت، هەرگیز ناگاتە ئامانج چونکە گەلی کورد و ڕۆژئاوا گەلێکی بە ئیرادەیە.

 

ئەوەشی بە بیرهێنایەوە کە خەڵکی باشووری کوردستان لەو کاتەی هێرش و داگیرکاری لەسەر عەفرین و کۆبانێ هەبوو خاوەن هەڵوێست بوون، بەڵام لەم دواییانەدا پیلانگێڕیەکان هێندە زۆر بووە لە باشوور، وە دەسەڵاتداران هاوڵاتیان ئەوەندە خەڵکیان سەرقاڵ کردووە بە کێشەی سیاسی و ئابووری، ژن کوشتن و نەبوونی مووچە کە نەپرژێنە سەر هەستی نەتەوەیەتی و داکۆکی نەکەن لە مافی پارچەیەکی دیکەی کوردستان، ئەمانەش سەرجەمیان پیلانگێڕی حزبێکی دەسەڵاتدارە لە باشوور.

 

لە کۆتایدا داوا لە تاک بە تاکی گەلی باشوور دەکات بێدەنگ نەبن لە ئاست کورداندا لە چوارپارچەی کوردستان، دژی هێرش و داگیرکاریەکان بوەستنەوە و ژنان ڕۆڵیان هەبێت لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان، بەتایبەت لەم مانگەدا کە مانگی هەڵمەتی ئازاد کردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانە.