بێدەنگی دۆخی مرۆیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خراپتر دەکات

ئاهین سوێد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای هەڵسەنگاند و ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە دەیان سەرچاوە لە کار کەوتوون و بێدەنگی دۆخەکە خراپتر دەکات.

عەبیر محەمەد

 

قامیشلۆ-لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستی پێکردووە و بەهۆیەوە ٤٨ کەس کە دووانیان منداڵن گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوە، دەوڵەتی تورکیا ١٧ سەرچاوەی نەوت، ١١ وێستگەی وزە، دوو ناوەندی تەندروستی، ناوەندێکی نان، ٤٨ قوتابخانە و زیاتر لە ۱۰ دامەزراوەی پیشەسازی لە کارگە و کۆمپانیاکانی کردووەتە ئامانج.

 

ئاهین سوێد، جێگری هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکاری خۆبەڕێوەبەری هەرێمی جزیرە، سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بارودۆخی مرۆیی، کە لە مەترسیدایە، وتی: لە سەرەتای شۆڕشی ١٩ی تەمووز دامەزراندنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لهلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوه هێرشیان کراوەتە سەر، بەڵام لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرشی قورس ئەنجام دراوە، ژێرخانەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و سەرچاوەکانی ژیان کرانە ئامانج.

 

سیاسەتی تێکدانی سەقامگیری و شەپۆلی کۆچ

ئاهین سوێد ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیا سیاسەتی شکستپێهێنانی سەقامگیری و هاندانی کۆچ پەیڕەو دەکات و وتی: ئامانجی هێرشەکان لە دوو خاڵی ڕووندا لێکدەدرێنەوە، لە ئاستی یەکەمدا، شکستپێهێنانی دۆخی ئاسایشە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها دەیەوێت شەپۆلێکی نوێی کۆچ دروست بکات، چونکە کاتێک هەموو سەرچاوە زیندووەکان لەناو دەچن، خەڵک دەبێت لە ناوچەکەیانەوە کۆچ بکەن، لە هەمان کاتدا، ویستی دەوڵەتی تورکیا بریتییە لە تێکشکاندن و لەناوبردنی سیستمی هەموو پێکهاتەکان کە لەژێر چەتری دیموکراسیدا کۆبوونەتەوە.

 

"دەستکەوتی گەل لەناودەبات"

ئاهین سوێد، ئاماژەی بەوەکرد دەستکەوتەکانی گەل کە لە ڕێگەی خەباتێکی گەورەوە بەدەستیان هێناوە کرانە ئامانج و وتی: وەک دەزاندرێت شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە گەلەوە دەستیپێکرد، گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لە نەبوون بوونیان دروستکرد، دەوڵەتی تورک بۆ ماوەی ١٢ ساڵە دەستکەوتەکانی گەل دەکاتە ئامانج و لەناوی دەبات، دەوڵەتی تورکیا لە هەموو بوارو پلانێکدا شکستی هێناوە، ڕێگا نوێیەکەی ژێرخان و پێداویستییەکانی ژیانە.

 

ئەنجامی هێرشەکان

ئاهین سوێد ئاماژەی بە زیان و دەرئەنجامەکانی هێرشەکە کرد و وتی: لە ئەنجامی ئەو هێرشە توندوتیژانەدا، زیانی زۆر هەبوو، ١٧ سەرچاوەی نەوت، ١١ وێستگەی وزە، دوو ناوەندی تەندروستی، ناوەندێکی نان، ٤٨ قوتابخانە، زیاتر لە ١٠ دامەزراوەی پیشەسازی لە کارگە و کۆمپانیاکانەوە بە توندی کرانە ئامانج، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە تەواوی زیانیان بەرکەوت، ناوچەی جزیرە زۆرترین زیانی بەرکەوت، چونکە سەرچاوەی سەرەکی کارەبا و بیرە نەوتییەکانە، تا ئەمڕۆش خەڵکەکە بەبێ کارەبا و ئاو ماونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان لەناوچوون و خزمەتگوزاریی وەستاوە.

 

"بێدەنگی جیهانی هاوکاری تاوانی مرۆڤایەتییە"

ئاهین سوێد ئەوەیخستەڕوو گەورەترین ئازار بۆ ئەوان، بەتایبەتی وەک خۆبەڕێوەبەری، ئەکادیمیای ڕاهێنانی ئەندامانی بەشی ئاسایش دژی ماددە هۆشبەرەکان بوو کە کەایە ئامانج و وتی:  وەک خۆبەڕێوەبەری باوەڕمان وایە کە گەورەترین زیان بەئامانجگرتنی ئەندامانی ئەکادیمیای ئاسایشی ناوخۆی بەشی دژی ماددە هۆشبەرەکانە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٢٩ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و ٢٨ کەسیش بریندار بوون. ئەندامانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ئەکادیمیاکە کۆبوونەوە بۆ پەرەپێدانی زانیاریەکانیان و کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و پاراستنی گەلەکەیان، وەک خۆبەڕێوەبەری بە سەختی کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی ئەم بەشە.

 

"هاوپەیمانان وەڵامی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیان نەدایەوە"

ئاهین سوێد ڕایگەیاند هێزەکانی هاوپەیمانان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی کردەوە و تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیایان نەدایەوەو ئەو بێدەنگییە وەک هاوکارییەک دەبینن و وتی: هێزەکانی سوریای دیموکراتیک چەندین ساڵە لەبەردەم داعش و چەتەکاندا شەڕیان کردووە و بەرخۆدانیان کردووە، هەروەها هاوپەیمانان هاوبەشن لەم ڕووەوە، بەڵام نە ئەوان و نە لایەنە نێودەوڵەتییەکان وەڵامی تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیایان نەدایەوە، ئەم بێدەنگییە وەک هاوکاری لەگەڵ تاوانەکانی تورکیا دەبینین.