دیالۆگی سودان- سودان و ژنان... لە نێوان نرخی ململانێ و مافی ئاشتی

لەناو ململانێیەکدا کە سودانی وێران کردووە، ژنان قورسایی ئاوارەبوون و لەدەستدان و ئازاردانیان لە ئەستۆ دەگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە ڕۆڵێکی سەرەکی لە هەوڵەکانی فریاگوزاری و نێوەندگیری و بونیادنانی ئاشتیدا، داوای بەشداریکردنی ڕاستەقینە دەکەن.

میرفەت عەبدولقادر

 

سودان ـ لە ژێر ڕۆشنایی ئەو قەیرانە بوونییە بێ وێنەیەی کە سودان لە سەرەتای سەرهەڵدانی ململانێکانەوە تووشی بووە، بیرۆکەی "دیالۆگی سودان - سودان" وەک ڕێگایەکی ناوخۆیی سەریهەڵداوەتەوە بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی وڵاتەکە پێیدا تێدەپەڕێت.

 

ئەم دەستپێشخەرییە لە کاتێکدایە کە کارەساتی مرۆیی ڕۆژانە خراپتر دەبێت، بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئونچەر تا مانگی ئەیلوولی ٢٠٢٦، ژمارەی ئاوارە و پەنابەرانی ناوخۆ ١١ ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.

 

لە دڵی ئەم دۆخە ترسناکەدا ژنانی سودان وەستاون، نەک تەنها وەک ئامارێک، بەڵکو وەک یاریزانە سەرەکییەکان کە قورسترین باجیان داوە و بەردەوامن لە پێدانی، لە هەمان کاتدا، نموونەی ناوازەی خۆڕاگری و دەستپێشخەری و بونیادنانی ئاشتییان پێشکەش کردووە و بەردەوامیشیان هەیە.

 

تەنها ژمارەکان بەسە بۆ ئەوەی قەبارەی کارەساتەکە دەربخەن، لە ٦٠٪ی ئاوارەکانی ناوخۆ لە ناوخۆی سودان و دەرەوەی وڵات ژن و منداڵن، زیاتر لە ٢.٣ ملیۆن ژن ڕووبەڕووی نائاسایشی خۆراکی توند دەبنەوە، لە کامپی تەویلە لە باکووری دارفور هەماهەنگی گشتی کامپەکانی ئاوارەکان هاتنی ١٩٣ خێزانی نوێی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە کۆردۆفان و ناوچەکانی تری دارفورەوە ڕاگەیاند، کە پەیوەندی بە هەزاران کەسەوەیە کە لە ئێستاوە لە بارودۆخێکدا دەژین کە سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان نییە، وەک خۆراک، دەرمان، ئاوی پاک و شوێنی نیشتەجێبوون.

 

لە هەمان کاتدا سوپای ڕزگاریخوازی سودان برسێتی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕاگەیاند، لە کاتێکدا کەمیی بودجە بۆ وەڵامدانەوەی مرۆیی نێودەوڵەتی گەیشتە زیاتر لە ٦٥٪، ئەم ژمارانە نەک هەر چیرۆکێکی مەینەتی دەگێڕنەوە، بەڵکو پرسیارێکی ڕاستەوخۆش دەخەنە ڕوو، چۆن دەتوانین باس لە داهاتوویەک بۆ سودان بکەین بەبێ ئەوەی ژنان، کە گەورەترین بارگرانی هەڵدەگرن، هاوبەش بن لە داڕشتنی ئەو داهاتووە؟

 

لە پەراوێزەوە بۆ ناوەند

ڕفقە عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووسی سودانی باسی لە بەشداریی ژنان لە دیالۆگەکانی پێشوو و بەشداریکردنیان لە چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا کرد و وتی: ژنانی سودان ڕۆڵێکی بەرچاو و کارایان لە زۆر ڕووداو و بە درێژایی مێژووی سودان بینیوە، بەتایبەت لە شۆڕشی کانوونی دووەمدا کە ڕۆڵیان زۆر کاریگەر بووە، بە هەمان شێوە لە ئێستا دا، دوای سەرهەڵدانی ململانێکان، ئامادەیییەکی جیاواز و ڕۆڵێکی دیاریان هەیە لە کامپەکان بۆ ئاوارەکان و لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بوونی ژنان لە هەموو بۆنەکاندا، بەشداریکردنیان لە ئاستی دانوستان و گفتوگۆدا لە خوار ئاستی پێویستەوە دەمێنێتەوە و زۆرجاریش بوونیان لە دانوستان یان کۆڕبەندی سیاسیدا تەنها ئاماژەییە.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەزموونی سودان لەگەڵ گفتوگۆ نیشتمانییەکان درێژخایەن و بەرفراوانە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنی ئاشتی گشتگیر، لە ڕێگەی بەڵگەنامەی دۆحە، تا ڕێککەوتنی ئاشتی جوبا لە ساڵی ٢٠٢٠ ژنان ئامادەبوون، بەڵام زۆرجار پەراوێزخراون، وتی: ێککەوتنی جوبا چەند بڕگەیەکی دیاریکردبوو کە پێویستە نوێنەرایەتی ژنان لە ٤٠٪ کەمتر نەبێت، بەڵام جێبەجێکردنی لەسەر زەوی لە ١٠٪ تێنەپەڕی، کاتێک پرۆسەکە بەرەو گفتوگۆ و کردەوەی سیاسی ڕۆیشت، ڕۆڵیان زۆر لاواز بوو.

 

ڕەفقە عەبدوڵا جەختی لەوەش کردەوە  کە هەرچەندە یەکێک لە بناغەکانی شۆڕشی کانوونی یەکەم داوای مافی دادپەروەری و نوێنەرایەتی ژنان بوو، بەڵام نوێنەرایەتیان لە بڕیاردان لاواز بوو و لەگەڵ ئەو ڕۆڵە ڕاستەقینەیەدا نەدەگونجا کە بینییان.

 

لەگەڵ دەستپێکردنی "دیالۆگی سودان - سودان"، هیوا و ترسەکان لە یەک کاتدا نوێ دەبنەوە، گرنگییەکەی لەوەدایە کە دیالۆگەکە خۆی وەک بژاردەیەکی تەواو سودانی پیشان دەدات، دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، بەڵام مەرجەکانی سەرکەوتنی ئەمجارە جیاوازن، ئیتر گشتگیری ناتەواو قبوڵکراو نییە، ژنان چیتر داوای کورسییەکی ئاماژەی ناکەن، بەڵکو داوای کورسییەک دەکەن وەک بەشداربووانی شایستە.

 

ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی ژنان دیارە، سەرەڕای ململانێکان، تا ئێستا لە هەوڵەکانیان نەوەستاون، دەستپێشخەریی "نا بۆ چەوساندنەوەی ژنان" لە یەکەم دەستپێشخەرییەکاندا بوو کە تاوانەکانی توندوتیژی سێکسی بەڵگەدار کرد و هاوپەیمانی ژنانی سودان بۆ ئاشتی و ئاسایش کە زیاتر لە ٥٠ ڕێکخراوی ژنان لەخۆدەگرێت، پێشنیارێکی ڕوونی پێشکەش بە دیالۆگەکە کرد و داوای نوێنەرایەتی ٤٠٪ی پابەندکەری لەسەر هەموو لیژنەکانی دیالۆگ و بەدواداچوون و جێبەجێکردن دەکرد.

 

هەروەها داوای بەشداریکردنی ژنانی ئاوارە و پەنابەریشیان کردووە، دەنگی ژنێک لە کامپەکانی زمزم یان تەویلە لە بازاڕەکانی پۆرت سودان، باشترین دۆخە بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی گەڕانەوەی خۆبەخشانە و قەرەبووکردنەوە بخاتەڕوو.

 

ژنانی سودان چییان لەم گفتوگۆیە دەوێت؟

ژنانی سودان ڕەتیدەکەنەوە ئامادەبوونیان لە گفتوگۆی داهاتوودا تەنها فەرمی یان ئاماژەی بێت، ئەوان داوای هاوبەشی چالاک دەکەن لە داڕشتنی داهاتووی وڵات و کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

 

ڕەفقر عەبدوڵا لە سێ خاڵدا وەڵامی ڕوون بۆ ئەم پرسیارە دەداتەوە: یەکەم، نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە بە ڕێژەی ٤٠٪ وەک لە ڕێککەوتنەکاندا هاتووە، دووەم، دانانی پرسە تایبەتەکان لەسەر مێز: دادپەروەری ڕەگەزی، ئاسایشی ئابووری و بەهێزکردنی ژنانی ئاوارە، تەندروستی و پەروەردە لە ناوچە ئاوارەییەکان، سێیەم: میکانیزمی جێبەجێکردن و چاودێریکردنی سەربەخۆ، کێشەکە نەبوونی ڕێککەوتنەکان نەبوو، بەڵکو نەبوونی ئیرادەی جێبەجێکردنیان بوو.

 

هاوکات مونا بلە، بەرپرسی فەرمانگەی بیناسازی و ڕێکخستن لە تۆڕی ژنانی سودان، داواکارییەکانی خۆی دەخاتە ڕوو و وتی: یەکەم، دەبێت ململانێ بوەستێنرێت؛ دووەم، دەبێت دەستڕاگەیشتن بە هاوکارییەکان ئاسانکاری بۆ بکرێت، سێیەم، دەبێت پرۆسەیەکی سیاسی کە بەرەو ئاشتییەکی هەمەلایەنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها دەبێت گفتوگۆ لە ژینگەیەکی تەندروستدا ئەنجام بدرێت و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات ئامانجیەتی شەرعیەتدان بە بوونی یەک لایەن و دابەشکردنی سودان بە دیفاکتۆ.

 

وتیشی: یەکەم ناڕەزایەتی بوێرانەی سەرەتای ململانێکان لە ناوچەی نیلی شین بوو، کە لەلایەن بزووتنەوەی دایکانی سودانەوە ڕێکخرابوو، یارمەتیدەر بووم لە دامەزراندنی، هەروەها شەڕ لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ دەستیپێکرد، یەکەم خۆپیشاندانیشمان لە ٢٣ی نیسان ئەنجامدا، لە ڕووباری نیلی شین لەنێو شەڕدا ژیاوین و گەورە بووین، گەورەترین ئازاریش کەوتە سەر ژنان، کە هاوژین و منداڵیان لەدەستدا و ئاوارەبوون.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنان هەمیشە پێشەنگ بوون لە دۆزینەوەی چارەسەر، ئەوان خاوەن توانان، زۆربەی ماڵەکانی سودان بەهۆی ژنانەوە یەکگرتوو و خۆڕاگر دەمێننەوە، ئەم چالاکییە بنەڕەتییە بووە هۆی ئەوەی مونا بلە و هاوکارەکانی "تۆڕی ژنانی سودان" دابمەزرێنن، بە ئامانجی یەکخستنی زۆرترین ڕێکخراوی ژنان و ژنان لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، یەکەمایەتی ئەوان ئەوەیە: چۆن شەڕەکە بوەستێنین؟ چۆن ئاشتی لە سوداندا هەبێت؟ چۆن کاربکەین بۆ یەکێتی سودان، چ خاکەکەی و چ گەلەکەی؟

 

دەستپێشخەری ژنان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

لە دارفور و کۆردۆفان و باشووری نیل شین، ژنانی ئیدارە نەریتییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان سەرکردایەتی زیاتر لە ٧٠٪ی دەستپێشخەرییەکانی ئاشتەوایی ناوخۆیییان کرد کە سەرکەوتوو بوون لە ڕاگرتنی شەڕی خێڵەکییەکان و گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارە بۆ گوندەکانیان.

 

دەستپێشخەرییەکانی "ژن بۆ ئاشتی" نموونەیەکی سەرنجڕاکێش بوو، چونکە ژنانی خێڵە جیاوازەکان توانیان پێکەوە لە چادرەکاندا دابنیشن و تەنانەت لە لوتکەی پێکدادانەکاندا پەیماننامەی نادەستدرێژیکردن واژۆ بکەن، لە سەردەمی شۆڕشی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا، "کانداکا" کەسایەتییەکی دیار بوو.

 

لە هەندێک ڕێپێواندا ژنان زیاتر لە ٧٠٪ی قەرەباڵغییەکانیان پێکهێناوە و بەرگەی دەستگیرکردن و لێدان و ئازاردانیان گرتووە و قوربانییان داوە، وتی: لە مانگی ئابی ٢٠٢٤ بەشداریم لە نێوەندگیری جنێڤدا کرد، بە ئیرادە گەیشتینە سەر مێزی نێوەندگیری و دەنگمان بیست، کاتێک ژنانی سودان باس لە کارەساتی وڵاتەکە دەکەن، بە هەمان قسەی سیاسیی ڕەقی پیاوان لێی نزیک نابنەوە، ژنان، بە سروشت، قووڵ دەبنەوە لە لایەنی مرۆیی و زۆر ڕاستگۆن لەو بارەیەوە.

 

جەختی لەوە کردەوە، کە بەشداریکردنیان لە دیالۆگەکاندا ئایدیاڵ نییە، بەڵام ئاواتەخوازن ئامادەبن و کاریگەر بن، ژنانی سودان بە هۆی ڕۆڵی کارایان لە شۆڕشی کانوونی دووەم و بەهۆی ئەو پێشێلکاریانەی کە لە کاتی ململانێکان بەرامبەریان ئەنجام دراون، مافی ئەوەیان هەیە ببینرێن.

 

ژنان چۆن پێشبینی داهاتووی گفتوگۆی سودان و سودان دەکەن؟

سودان لە مەیسانێکدایە کە توانای تاقیکردنەوەی شکستخواردووی زیاتری نییە، دیواری خۆڕاگری گەل، بەتایبەتی ژنان، بەبێ ئاسۆی سیاسی ناتوانێ بەردەوام بێت، بەڵام سەرکەوتن پەیوەستە بە سێ شتەوە: ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە، هێشتنەوەی دیالۆگ لە کۆتای حزبی و داننان بەوەی کە هەر ئاشتییەک کە ڕەگ و ڕیشەی پەراوێزخستن و مسۆگەری بەشداری ژنان و گەنجان نەکات، تەنها ئاشتییەکی کاتیە.

 

ڕەفقە عەبدوڵا هیوادارە ئەو دیالۆگی سودان - سودان کە لە خەرتوم بەڕێوەدەچێت سەرکەوتوو و کاریگەر بێت و پشتیوانی لە سەقامگیری وڵاتەکە بکات و ببێتە هۆی کۆتایی هاتنی ململانێکان، ئەو پێشنیاری پێکهێنانی لیژنە و چوارچێوەی سەرەکی دەکات کە مسۆگەری پتەو و ستاندار و بەڵگەنامەی پابەندکەریان هەبێت کە نوێنەرایەتی ژنان و بوونی کاریگەرانەیان لە پۆستەکانی بڕیاردان مسۆگەر بکەن.

 

مونا بلە هاوڕایەو وتی: پشتگیری لەو گفتوگۆیە دەکات کە ببێتە هۆی ئاشتییەکی ڕاستەقینە، هەروەها پرسیاری کرد، چۆن گفتوگۆ دەبێت لەکاتێکدا دەنگی تەقە بەردەوامە و هاوڵاتیان ئاوارە دەبن و ئازیزانیان لەدەست دەدەن؟

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوە کردەوە، کە ژینگەیەکی تەندروست پێویستە بۆ سەرکەوتنی هەر گفتوگۆیەک، ئەو گفتوگۆیەی کە لە نێوان دەنگی بەردەوامی تەقە و بۆردوومان و ئاوارەبوون و لەدەستدانی ئازیزاندا ڕوودەدات، گفتوگۆیەکە کە ئامانجی بەردەوامکردنی دۆخی ئێستا و دابەشکردنی سودانە، ئێمە ئەو گفتوگۆ دەستکردانە ڕەتدەکەینەوە کە پێوەریان نییە بۆ هەڵبژاردنی لیژنەکان و تێیدا توخمگەلێکی ئاسان کۆنترۆڵکراو دەهێنرێنە ناوەوە.