کارکردنی ژن تاوانە؟
رۆزا دڵشاد مەریوانی- نووسەر

لە دانیشتنێکدا ژنێک لەپڕ هەڵیدایە و وتی «ئەو رۆژە قوڕ کرا بەسەر ژندا کە وتیان ژن و پیاو یەکسانن، کە ژن ئیشی کرد و ئۆتۆمبێلی لێخوڕی و..هتد» جگە لە دواکەوتوویی ئەو گفتوگۆیەی لەوێدا کرا، کە هەستمدەکرد ئەگەر زیاترم گوێلێبێت ئاستی رۆشنبیرییم دادەبەزێت، بەڵام بەداخەوە ئەو قسانە هێشتا لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا دەکرێن، وەک ئەوەی تاوان بێت ژن دەخوێنێت و داوای مافەکانی دەکات و لە ماڵ دەچێتە دەرەوە. هاوکات ئەو قسانە ئەگەر بە وردی وەڵامبدرێنەوە بە چەندین وتار کۆتایی نایەت، بەڵام ئەگەر لە رووی ئابوورییەوە لێکی بدەینەوە پێش هەموو شتێک گۆڕانی سەردەم و ئاڵۆزبوون و گرانبوونی ژیان، بەشێکی سەرەکیی هۆکاری ئەوەن ژن جگە لە ماڵ لە دەریشەوە کار بکات، چونکە زۆربەی پیاوان بە تەنیا ناتوانن خەرجییەکانی ماڵ دابین بکەن. دەوترێت نەخێر پیاو ناچارە ژن و خێزانەکەی بەخێو بکات، کەواتە چاکەی ژنە لە حەوانەوەی خۆی دەبورێت بۆ هاوکارییکردنی مێردەکەی لە دەرەوەی مـــــــاڵ کاردەکات (ئەمە دوور لە مەسەلەی سەلماندنی خـــودی خۆی وەک مرۆڤێک)، لەسەر ئەو بنەمایەی هەردووکیان وەک مرۆڤ یەکسانن و خاوەن بەرپرسیارێتین. لەبەرامبەردا ئەوە خراپیی پیاوە کاتێک ژنەکەی لە ماڵەوە و دەرەوەی ماڵ ماندوو دەبێت، بەڵام ئەو لە کاری ماڵدا هیچ هاوکارییەکی ناکات.
تاوانی ژن نییە خەریکە دەبێت بە پیاو، بەڵکو تاوانی ئەو پیاوانەیە کە ئاستی پیاوەتیی تێیاندا دابەزیووە و هەموو بەرپرسیارێتییەکیان خستووەتە ئەستۆی ژنەکانیان.
هاوکات ئەی ئەو ژنانەی پیاوەکانیان بەرپرسیارێتی خەرجیی خۆیان و منداڵەکانیان هەڵناگرن، کەسێکیش نییە خەرجییان بکێشێت، بۆیە ئەگەر ژن خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە یان کارێکی خۆی بێت پەکی ناکەوێت و چاوەڕێی دەستی باوک و برا و کەسوکار ناکات، لێرەدا دەزانین ئابووریی سەربەخۆ چ سوودێکی دەبێت بۆ ژن و هەر ئەو کاتە ئەوەی گاڵتەی بە ژن دەکرد کە وەک پیاو کاردەکات دەستخۆشی لەو ژنە دەکات کە توانیویەتی سەربەرزانە بژی، لێرەشدا تاوانبار ئەو پیاوەیە کە نەیتوانیووە لە ئاست بەرپرسیارێتی ژن و منداڵ و خێزانەکەیدا بێت.
کەواتە تاوانی ژن نییە خەریکە دەبێت بە پیاو، بەڵکو تاوانی ئەو پیاوانەیە کە ئاست و کوالێتیی پیاوەتیی تێیاندا دابەزیووە و هەموو بەرپرسیارێتییەکی ماڵ و منداڵیان خستووەتە ئەستۆی ژنەکانیان. ئەوە باشیی و قوربانیدانی ژنە بۆ ماڵ و منداڵ و خێزانەکەی تا ئەوپەڕی خۆی ماندوو دەکات، تەنانەت ئەگەر پێشی بوترێت بووە بە پیاو.