دەنگی ژن، بناغەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر
بەسۆز تۆفیق عەبدول- نووسەرو ڕۆژنامەنووس
					ئێستا، عیراق و هەرێمی کوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییدان، گۆڕەپانی سیاسی گەرموگوڕیی هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی پێوە دیارە و چاوەڕوانی رۆژێکی چارەنووسساز دەکرێت، لەم قۆناغە هەستیارەدا، کاتی ئەوە هاتووە وەک ژنێک، دایکێک، وەک خوشک و هاووڵاتییەکی بەرپرسیار، بگەینە ئەو باوەڕەی دەنگمان هێزێکە بۆ گۆڕانکاری، بناغەیەکی پتەوە بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی رووناک، ماوەیەکی کەم ماوە تا رۆژی یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردن، بۆئەوەی ئێمەی ژنانی ئەم خاکە، بتوانین رۆڵێکی یەکلاکەرەوە و چارەنووسساز ببینین لە داڕشتنی پەرلەمانێک کە نوێنەرایەتی راستەقینەی خواست و داواکارییەکانمان بکات.
بەشداریی ژنان لە پرۆسەیەکی وا دیموکراسیدا تەنها ژمارەیەک نییە لە سندوقەکانی دەنگداندا، بەڵکو مانا و پێگەیەکی قووڵتر و فراوانتر دەبەخشێت بە کۆمەڵگە، کاتێک ژنان دەنگ دەدەن، ئەوان تەنها نوێنەرایەتیی خۆیان ناکەن، بەڵکو نوێنەرایەتی خێزانەکانیان، منداڵەکانیان و هەموو ئەو چین و توێژانە دەکەن کە پێویستیان بە دەنگ و بڕیاردەرێکی راستەقینە هەیە لە ناوەندەکانی دەسەڵاتدا. ئێمەین زۆرجار راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی ژیان و گوزەرانی رۆژانەدا دەکەین، لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانەوە تا پەروەردەی منداڵان و پاراستنی مافەکانیان. کەواتە، کێ لە ئێمە باشتر دەتوانێت نوێنەرایەتیی پێداویستییە راستەقینەکانی کۆمەڵگە بکات و هەست بەو ئازار و کێشانە بکات کە ژنان و پیاوانی ئەم وڵاتە بەدەستییەوە دەناڵێنن؟
دەنگی ژن، نوێنەرایەتی دیدگا و پێداویستییەکانی نیوەی کۆمەڵگە دەکات، بێ بەشداریی کارا و چڕی ژنان، پەرلەمانێک دروست دەبێت کە ناتوانێت بە تەواوی رەنگدانەوەی هەمەجۆریی و پێکهاتەکانی کۆمەڵگە بێت، کاتێک ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا دەبن، دەتوانن دڵنیا ببنەوە لەوەی یاسا و پڕۆژەکان لە بەرژەوەندی خێزان و منداڵان و مافەکانی ژناندا دەبن، کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش لە گۆشەنیگایەکی فراوانترەوە دەبینرێن و چارەسەر دەکرێن، دیموکراسیی راستەقینە ئەو دیموکراسییەیە هەموو هاووڵاتیان، بە ژنان و پیاوانەوە، هەست بەوە بکەن کە دەنگ و بۆچوونەکانیان گرنگە و کاریگەریی هەیە. بەشداریی ژنان، دیموکراسی لە وڵاتەکەماندا بەهێزتر دەکات و پایەکانی پتەوتر دەکات.
با دەنگدانەکەمان تەنها ئەرکێک نەبێت، بەڵکو دەرفەتێک بێت بۆ گۆڕانکاری، کاتێک کچەکانمان دەبینن دایکان و خوشکەکانیان بەشداریی چالاکانەیان لە دروستکردنی داهاتوودا هەیە، ئەوان هاندەدرێن متمانە بە تواناکانی خۆیان بکەن و لە داهاتوودا ببنە پێشەنگ و بڕیاردەر، ئەمە تەنها دەنگدان نییە، بەڵکو پەروەردەکردنی نەوەیەکی نوێیە کە باوەڕی بە ماف و ئەرکەکانی خۆی هەبێت لەناو کۆمەڵگەدا.
ئەم هەڵبژاردنە هەلێکی زێڕینە، بۆئەوەی بڕیارێکی گرنگ بدەین سەبارەت بەو کەسانەی نوێنەرایەتیمان دەکەن، داوا لە هەموو ژنانی عیراق و کوردستان دەکەم بە پەرۆشەوە، متمانە بە تواناکانیان و هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی بکەن و بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، بەدواداچوون بۆ بەرنامەی کاندیدەکان بکەن، بەتایبەتی کاندیدە ژنەکان، کە زۆرجار نزیکترن لەو کێشانەی ژنان رووبەڕوویان دەبنەوە، دەبێت بە ژیرانە بڕیار بدەین، چونکە دەنگی ئێمەی ژن، هێزێکە بۆ گۆڕانکاریی، دەنگی ئێمە بناغەی داهاتوویەکی باشترە، با دەنگەکانمان یەکبخەین و داهاتوویەکی شایستەتر بۆ خۆمان و بۆ نەوەکانی دوای خۆمان بنیاتبنێین، ئێمە هێزین و دەنگمان گۆڕانکارییە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەین و دەنگمان بۆ سبەینێیەکی باشتر بەکاربهێنین، سبەینێیەکی پڕ لە دادپەروەری، یەکسانیی و خۆشگوزەرانی.