ئێران لە دوای خامنەیی؛ قۆناغێکی گوازراوە لە ئارادایە و قەیرانی دەسەڵات قووڵتر دەبێتەوە

چالاکوان سۆزان ڕاخش دەڵێت: تیرۆرکردنی ڕێبەری گەورەی کۆماری ئیسلامی بووە هۆی داڕمانی پێکهاتەی دەسەڵات لە ڕۆژهەلاتی کوردستان وئێران و سەرهەڵدانی دووبەرەکی توندی ناوخۆیی.

شەهلا محەمەدی

 

ناوەندی هەواڵ-لە ڕۆژی ٢٨ی شوبات ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران شایەتی پەرەسەندنێکی بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی بە دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە سەرکردایەتی و شوێنە سەربازییەکانی ناو وڵاتەکەی کردە ئامانج، هێرشی یەکەم بە پێی سەرچاوە ئەمریکی و ئیسرائیلییەکان، عەلی خامنەیی، سەرکردەی گەورەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندەی باڵای ئێران، کوژران.

 

کاربەدەستانی واشنتن و تەلئەبیب لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پشتڕاستیان کردۆتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئامانجیان هێنانەدی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە لە هەیکەلی ڕژێمی ئێران، بە نەبوونی سەرکردایەتی نەریتی تاران لە دوای مردنی خامنەیی و کەسە نزیکەکانی، پرسیارێکی سەرەکی سەبارەت بە داهاتووی دیمەنی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە قۆناغی داهاتوودا، لە نێوان نادڵنیایی و گێژاوی زاڵدا کێ کۆنتڕۆڵیی بگرێتە ئەستۆ، ئەم چاوپێکەوتنەمان لەگەڵ سۆزان ڕاخش، کۆمەڵناس و چالاکوانی فێمینیست لەسەر ئەم بابەتە ئەنجامدا.

 

چۆن دەکرێت لە یەکەم هێرشەکانی سەر تاران، کە گوایە ئەمنترین شارە، سەرۆک کۆماری ئێران کرابێتە ئامانج و کوژرابێت؟ بە لەبەرچاوگرتنی مێژووی هەڕەشەکان و ئەزموونی شەڕی ١٢ ڕۆژە، کە لەو ماوەیەدا چەندین سەرکردە کوژران، بۆچی ڕێوشوێنی خۆپارێزی کاریگەر نەگیرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە ڕووداوێکی لەو شێوەیە؟

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئەمڕۆ وتارێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باس لەوە دەکات، کە ماوەیەکە جموجۆڵەکانی عەلی خامنەیی لە ژێر چاودێریدایە و ئیسرائیلیش چەندین جار ڕایگەیاندووە کە لە چوارچێوەی سەرکردایەتیدا کاریگەری و هەواڵگری هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئاسایشی سەرکردەی کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە ناوخۆی وڵاتدا سەقامگیر نەبووە، تاقمێکی گەورە لەناو سپای پاسداران هاوکاری ئیسرائیل دەکەن و لە وەڵامی پەیامەکەی ترامپدا زۆرێک ڕایانگەیاند کە ئامادە نین شەڕ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران بکەن.

 

خامنەیی بە تەواوی پارێزراو نەبوو، پێشتر پێدەچێت خۆی شاردبێتەوە، بەڵام دەرکەوت لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەی گەورەی ئینقلابی ئیسلامی بووە، کە کراوەتە ئامانج، لە هێرشەکەدا زاوا و هاوژینەکەی کوژراون و تا ئێستاش کۆی گشتی قوربانییەکان نادیارە، زیانەکان زۆر بوون و شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەی گەورە بە تەواوی وێران بووە.

 

هێرشەکە شوێنی کۆبوونەوەی فەرماندەکانی سوپای ئێران و سپای پاسدارانی کردە ئامانج، پێدەچێت محەمەد باقر قالیباف و عەلی لاریجانیش لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەببووبن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک سەبارەت بە برینداربوونیان نییە.

 

پەرەسەندنی ڕیتۆریکی محەمەد باقر قالیباف دوای تیرۆرکردنی خامنەیی تا چەند ڕاستەقیینەیە و چۆن کاریگەری لەسەر دیمەنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێران دەبێت؟ ئایا ئاماژەیە بۆ ڕەقبوونی ئایدیۆلۆژی یان ئەگەری گۆڕینی سیاسەت؟

ناکۆکی لە ناو کۆماری ئیسلامیدا بەربڵاوە و لە کاتێکدا تا ئێستا خامنەیی توانیویەتی یەکگرتوویی خۆی بپارێزێت، بەڵام ئێستا دۆخەکە لە گۆڕاندایە، بۆ نمونە محەمەد باقر قالیباف نوێنەرایەتی لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی سێ قۆڵی نییە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا ئەو سێ لقە یەکبگرن، ئەم پرسە بۆ خۆی پرسیاری بەرچاو دەوروژێنێت و هەڵبژاردنی پیاوی ئایینی لەبری محەمەد باقر قالیباف ئاماژەیە بۆ سستی و ناسەقامگیریی ئێستای پێکهاتەی دەسەڵات.

 

ئێران خاوەنی هێزێکی مووشەکیی بەرچاوە، بەڵام توانای ئاسمانی و دەریایی سستە و لەم هەلومەرجەدا ناتوانێت سەرکەوتنێکی یەکلاکەرەوە بەدەستبهێنێت، لە ڕاستیدا سەرکەوتوو نییە و پێگەیشی ناجێگیرە، لەلایەکی دیکەوە، ترامپ داوای لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە کە بێنە سەر شەقامەکان و داوای گۆڕانکاری بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرەسەندنی فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕژێم.

 

دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە دوای کۆچی دوایی خامنەیی، ئەو کەسایەتیانەی هاوتەریبن لەگەڵ خامنەیی دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەگەر موجتەبا خامنەیی لە ژیاندا مابێت، پێدەچێت جێنشینی ببێتەوە، ڕەنگە ڕۆڵی پشت پەردە بگێڕێت، هەروەها ئامادەنەبوونی محەممد باقر قالیباف لەو گروپە گومانەکان دەوروژێنێت، لە بەرامبەردا ڕەزا عورفی بە کەسێکی توندڕەو دادەنرێت، ئەمەش پێشنیاری هەوڵێکی ئەگەری بۆ پاراستنی ڕێبازێکی توندڕەو دەکات،هاوکات ئەو ڕیفۆرمخوازانەی کە بەدوای گۆڕانکاری یان گۆڕینی ڕژێمدا دەگەڕێن، ڕووبەڕووی فشار دەبنەوە و پێناچێت بێنە سەر دەسەڵات، هەروەها مەسعوود پێشەشکیان کاریگەرییەکی کەمی هەیە و ڕۆڵی تاڕادەیەکی زۆر بە هێمای ماوەتەوە، دوو کەسایەتی دیکە لە دەسەڵاتدان، ئەرکی درێژەدان بە سیاسەتەکانی خامنەیییان پێسپێردراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبینین چۆن کارەکانیان ئەنجام دەدەن.

 

بە لەبەرچاوگرتنی بانگەوازی ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە کۆماری ئیسلامی لە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی دەرەکی کاریگەر و بوونی گروپە چالاکەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تا چ ڕادەیەک شەقامی ئێرانی یان ئەو ڕێکخراوانە خاوەنی توانای ڕاستەقینەی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکان و پێکهێنانی جێگرەروەی سیاسی بۆ ڕژێمی ئێستان؟

ئەزموونەکانی عێراق و لیبیا و ئەفغانستانمان هەیە و سەرەڕای جیاوازیی پێکهاتە و جوگرافیای ناوخۆ، بەشێکی هاوبەشی ڕوون هەیە: ئاژاوەگێڕی دەتوانێت ببێتە هۆی لەناوچوونی هەر وڵاتێک و زیانی گەورەی پێبگەیەنێت، لە عێراق بینیمان لە دوای ڕووخانی سەدام حسێن، سەرۆک کۆماری پێشوو، دۆخەکە باشتر نەبوو بەڵکو ئاڵۆزتر بوو، بەڵام دەزانین لە نێو دۆستانی ئێمە لە زینداندا، گروپی جیاواز هەن، لە پاشایەتیخوازەکانەوە تا دەگاتە ڕیفۆرمخوازە ڕادیکاڵەکان، کە باوەڕیان بە ڕووخاندنی دەسەڵات و بە فەرمی بوونی خۆیان ڕاگەیاندووە و ئەمەش شتێکی ئەرێنییە و شایەنی پشتیوانییە.

 

زلهێزە بیانییەکان بە هۆی نەبوونی بنکەیەکی گەلی فراوان لە نێوخۆی وڵات و لاوازی ئامادەبوونیان لە نێو نەتەوەکانی کە فارس نین و لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا، لە ڕۆڵی ڕاستەوخۆ لە سەرهەڵدانی ڕێمی ئێران، چ پاشایەتی یان کۆماری، ڕووبەڕووی ئاستەنگی دەبنەوە، هەر لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ ئەنجومەنی ستراتژیکی کۆمارییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکهێنانی خۆی ڕاگەیاند و ڕوونیکردەوە، کە ئامانجی دامەزراندنی حکومەتێکی ناناوەندی بتوانێت ڕێگا بۆ سیستەمی فیدراڵی خۆش بکات، ئەنجومەنەکە ئەندامانی نەتەوەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە تورک، کورد، فارس و ئەوانی تر. بەشێک لەو ئەندامانە بەندکراوی زیندانی ئێڤینن کە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا و لەو ماوەیەدا گەیشتنە ڕێککەوتن و بە ئاشکرا ناسنامەی خۆیان لە ناو زیندان و چ لە دەرەوەی زیندانەکە ڕاگەیاند، هاوکات پاڵپشتی نێودەوڵەتیشیان دەستەبەر کرد، هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بە هەڵبژاردنی ژنێک کراوە وەک وتەبێژی ئەنجومەنەکە، بەبێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکرێت.

 

هاوکات ڕژێمی ئێران بە قۆناغێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دەسەڵاتی سەرکردایەتی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و دووبەرەکی لە ناو سپای پاسداراندا زیادی کردووە، بە تایبەت دوای کۆچی دوایی عەلی خامنەیی سەرکردەی گەورەی ئینقلابی ئیسلامی. لەگەڵ بەردەوامی هەڵمەتی بۆردوومان لە ناوخۆی وڵاتدا، توانای ڕژێم بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی پێشووی خۆی سنووردار دەردەکەوێت.