ژنانی ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان لە باشوری کوردستان بۆ بژیوی ژیانیان کاردەکەن

لە کەشێکی پایزی و سارددا لە باخێکی هەناری گوندی گوڵەخانە ژمارەیەکی زۆر ژنی ڕەنجکێش بەدیدەکران، سەردانمان کردن و بینیمان بە دڵخۆشیەوە خەریکی کارکردن و کۆکردنەوەی هەناری گوندەکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- ئامینە محمد، ژنێکی ڕەنجکێشە و بۆ بژێوی ژیانی لە باخە هەنارەکانی هەڵەبجەدا کار دەکات، لە وچانێکی کورتیدا قسەی بۆکردین و باسی لەوەکرد کە خەڵکی کۆبانێ'یە و لە دوای هێرشی داعش بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستانە ئاوارەی باشوری کوردستان بوون و لە کامپی باریکە نیشتەجێیە، وتیشی: لە کامپەکەدا لەگەڵ دانیشتوانی کۆبانێ، عەفرین و قامیشلۆ نیشتەجێین و کارەکانمان پێکەوە دەکەین.

 

ئامینە ئاماژەی بە دانیشتوانی کامپەکەی خۆیان کرد و وتی ژنە گەنجەکان هەندێکیان، پارێزەر و دکتۆرن، بەڵام لەناو کامپەکەدا ناهێڵن ئیش بکەن و بێکارن، "بۆیە سەردانی سەیدسادق و هەڵەبجە و گوندەکانی دەوروبەریان دەکەین تا بژێوی ژیانی خۆمان دابین بکەین".

 

ئامینە سەرکارە و سەرپەرشتیاری زیاد لە ٣٠ گەنجە

ئەو ژنە ڕەنجکێشە، سەرکاری نزیکەی ٣٠ گەنجە، بەپێی وەرزەکان شاگردی و بژارکردنی باخەکان دەکەن کە زیاتر پێكدێن لە تەماتە، خەیار، پیاز و هەنار و چەندین بەروبوومی دیکە.

 

ڕۆژانە بە ٢٥ هەزار دینار کاردەکەم

بەناز یەکێکی ترە لە کرێکارەکان و باس لەوەدەکات کە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیان لە کامپەکانەوە بەڕێدەکەون بەرەو هەڵەبجە و گوندەکان، تاکو کاتژمێر ٤:٠٠ی دوانیوەڕۆ کاردەکەن و ڕۆژانەشیان ٢٥ هەزار دینارە.

 

کەمپی باریکە دەکەوێتە سنوری شارۆچکەی عەربەت و لە کەمپەکەدا ئاوارەی ڕۆژئاوای کوردستان هەن کەلە دوای شەڕی دژ بە داعشەوە ئاوارەی باشوری کوردستان بوون.

 

ت.پ