شاز نەجمەدین: نەوەستان لە هەوڵدان دەتگەیەنێتە ئامانج

پاش ئەوەی شاز خوێندن تەواو دەکات، بەڵام هەست بەوە دەکات خولیایەکی هەیە پێویستە کاری لەسەر بکات ئەویش دروستکردنی شیرینییە، هەر بۆیە هەوڵی دا تا توانی لە کۆتاییدا ببێتە شێفی شیرینی.

 

شنیار بایز

سلێمانی- شاز نەجمەدین، دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووریە لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی، ماوەی پێنج ساڵە سەرقاڵی دروستکردنی شیرینییە، بە هۆی هەوڵدانەکانییەوە ماوەی دوو ساڵە توانیویەتی ببێتە شێفێکی سەرکەوتوو لەو بوارەدا، لە ئێستادا بووە بە پیشەیەکی سەرەکی بۆی.

شاز باس لە سەرەتای کارکردنی دەکات و دەڵێت: "سەرەتا پارچەیەک شیرینیم دەخوارد دەمویست خۆم کەسێک بم کە بتوانم دروستی بکەم، هەر بۆیە لە ماڵەوە دەستم بە دروستکردنی شیرینی کرد، لەوکاتەی دەستمپێکرد وردە وردە حەزی گۆڕانکاریم لا دروست دەبوو، واتە حەزمدەکرد تامەکەی یاخود شێوازەکەی گۆڕانکاری تیادا ئەنجام بدەم بۆ ئەوەی شیرینییەکی جیاواز بەرهەم بهێنم، تا توانیم پەرە بە کارەکەم بدەم".

سەرەتا لە ڕێی پەیجێکی تایبەت بە خۆی بە ناوی "شاز کوین کەیک" شیرینی پێشکەش بە هاوڵاتیان دەکرد دواتر لە چەندین جێگەی وەک چێشتخانەکانی ئوتێل ڕامادا، سیتی ستار باکێری، توانی کار بکات و ئێستا لە پاشا سپۆرت شێفی شیرینییە.

لەکاتی کارکردنیدا زیاترین لایەن شاز گرنگی پێبدات پاک و خاوێنییە هەروەها بەکارهێنانی کەرەستەی باش و گونجاوە. 

شاز باسی لەوەکرد هەرچەندە ئەو پیشەیەی هەڵیبژاردووە دوورە لەو بەشەی کە ساڵانێکە بۆی خوێندووە، بەڵام دواجار توانیویەتی ئەو بەهرەیە لە خۆیدا بدۆزێتەوە کە دەتوانێت ببێتە یەکێک لە شێفە بەتواناکان لە دروستکردنی شیرینیدا.

 

"پشتیوانی خێزانەکەم هۆکارێک بوو بۆ سەرکەوتنم"

لەوکاتەی شاز دەستی کردووە بە دروستکردنی پارچەیەک شیرینی هەوڵی تەواوەتی داوە تا بتوانێت کارەکەی بەرجەستە بکات بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار تەماشای ڤیدیۆی یوتوبی کردووە و شیرینییەکانی خراپکردووە تا لە کۆتایدا بتوانێت شیرینییەکی نمونەیی بەرهەم بهێنێت، شاز دەڵێت: "لەگەڵ ئەو هەوڵ و ماندوبوونەمدا هیچ کات خێزانەکەم نەبوونەتە هۆکارێک بۆ ساردبوونەوەم لە هەوڵەکانم بەڵکو بەردەوام پشتگیرییان دەکرم، هەروەها چەندین هاوڕێ و شێفی دیکە هاوکارییان کردووم تا بگەم بەم ڕۆژە".

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، جگە لە پشتیوانی خێزانەکەی پشتیوانیکردنی کڕیارەکانی وای کردووە زیاتر هەوڵبدات.

 

"ژنان هەر کارێک ئامانجیان بێت دەتوانن پێی بگەن"

ژنان زۆر کات لە ماڵەکانی خۆیاندا کاری دەستی و دروستکردنی شیرینی ئەنجام دەدەن، کەمتر لە پیاوان دەرفەتیان بۆ دەگونجێت لە چێشتخانەکاندا ببنە شێفێک، لە بارەی ئەو جیاوازییەوە شاز وتی: "هەر ژنێک توانایەک لە خۆیدا بەدی دەکات هەوڵی بۆ بدات تیایدا بە ئەکادیمیانە کار بکات بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت بۆ گشت کۆمەڵگا، ژن وەک پیاو دەتوانێت کاری نمونەیی ئەنجام بدات و ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو".

ئاماژەی بەوەشکرد، نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ دروستکردنی شیرینی سەرەتا بووە کێشە بۆی بەهۆی ئەوە ئەو ماددانەی دەیویست لە هەرێمی کوردستان کەم بوون بەڵام دواجار لە هەوڵدان نەوەستا و لە ڕێی براکەیەوە توانی لەدەرەوەی وڵات ئەو کەرەستانەی دەست بکەوێت.

 

شێف شاز، شیرینییەکی تایبەت بە ناوی "چیز کەیک" دروست دەکات و دەڵێت: "گرنگترین خاڵ لە دروستکردنی شیرینی چەندێتی ماددەکانە لەگەڵ ئاستی باشی ماددەکان، و هەرکەسێک ورد بێت لە دروستکردنی دەتوانێت باشترین پێشکەش بکات".

شاز وەک شێفێک تەنها کار ناکات بەڵکو لەگەڵ یاریدەدەرەکەیدا ڕۆژانە نۆ کاتژمێر کار دەکەن و زیاتر لە ١٣ جۆر شیرینی دروست دەکەن، وتیشی "لەو جێگایەی من کاری تێدا دەکەن زۆر کات کڕیارەکان تایبەت سەردان دەکەن بۆ ئەوەی شیرینییەکانی من تام بکەن و و کڕیاری تایبەتیم هەیە".