"پیاوان ناهێڵن ژنان ئاسودەبن لە کارکردندا"

لە بازاڕی ئۆرزدی شاری سلێمانی سەحەر فرۆشیاری شەربەت و قاوەیە، ئەو دەڵێت ژنان لە کارکردندا هیچ ئاسودە نین و ڕەگەزی بەرامبەر هیلاکیەکەیان نابینن، بەڵکو وەک نمایشکار لێیان دەڕوانن.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنە فڕۆشیارێکی شاری سلێمانی ڕەخنە لە ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەگرێت و دەڵێت ژنان لە کارکردندا هیچ ئاسودە نین و ڕەگەزی بەرامبەر هیلاکیەکەیان نابینن، بەڵکو وەک نمایشکار لێیان دەڕوانن. پێشی وایە "کارکردن قورس نیە، بەڵکو قورسی ئەوەیە کە کە پیاو پارەت بداتێ".

 

سەحەر مینا فرۆشیاری شەربەت و قاوەیە، لە یەکێک لە بازاڕەکانی شاری سلێمانی و لە دیمانەیەکیدا بۆ ژنها ڕەخنەی ئاستی ڕۆشنبیری کۆمەڵگا دەکات و دەڵێت:"دەڵێن کۆمەڵگا پێشکەوتووە، بەڵام واینابینم، ئێمەی ژنان ئاسودەنین لە کارکردندا. بەدرێژایی ڕۆژ کاردەکەین ماندوو دەبین بەڵام ڕەگەزی بەرامبەر هیلاکیکیەکەمان نابینن، بەڵکو بەشێوازێک لێمان دەڕوانن کە لە بری کار بۆ خۆ نمایشکردن هاتووین"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەموو کارێک بۆ ژن زەحمەتە، بەڵام پێویستە ژنان خۆیان بەهێزبن.

 

ئەم گەنجە بەرلە فرۆشتنی شەربەت و قاوە چەندین کاری تری ئەنجامداوە وەک چێشتلێنەر و قاپشۆر لە چێشتخانەدا، هەروەها لە یەکێک لە پارکەکانی شاری سلێمانی فرۆشیار بووە. سەحەر باسی لەوە کرد ئەم پیشەیەی جیاوازە لەو کارانەی کە لە ڕابردوودا ئەنجامیداوە لەم پیشەیەیدا چەندان کەسی جیاوازی کۆمەڵگا لە هەردوو ڕەگەز سەردانی دەکەن.

 

هیچ کارێک قورس نیە، قورس ئەوەیە کە پیاو پارەت بداتێ

لەدوای کارکردن و ڕەنجدان وەرگرتنی یەکەم پاداشت هەستێکی جیاواز لە هەستە ڕۆتینیەکانی ڕۆژانە لای تاکە کەس دروستدەکات. سەحەریش وەک هار تاکێکی ڕەنجدەر وەرگرتنی یەکەم پاداشتی هەستێکی جیاوازی پێبەخشیوە. ئەو بە ژنانی نیشتیمانەکەی دەڵێت: "کارکردن قورس نیە، بەڵکو قورسی ئەوەیە کە پیاو پارەت بداتێ".

 

بە بڕوای ئەو کاتێک ژن کاری کرد و پارەی پەیداکرد ئیتر پێی ناوترێت "لاواز" بەڵکو مرۆڤێکە خۆی پارە پەیدا دەکات. پیاویش بۆیە لە ژن جیاکراوەتەوە چونکە هێزی خۆیان دەردەبڕن و دەڵێن "ئێمە پارە پەیدا دەکەین" لە کاتێکدا ژنانیش هەمان هێزیان هەیە.

 

ت.پ