پڕۆژەی نوژیان هەموو ژنان له بەرامبەر قەیرانی ئابووری لە ئامێز دەگرێت

ژین بەکر، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنی شارەوانی هەرێمی جزیرە  لەبارەی گەشەپێدانی ئابووری ژنان و پڕۆژەی نوژیان، وتی: ئەو ژنانەی کە لە بارودۆخی ئابووری و ئەمنیدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ نوژیان.

سۆرگوڵ شێخۆ

 

قامیشلۆ- نوسینگەی ژنی دەستەی شارەوانی هەرێمی جزیرە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەو پڕۆژانەی کە گەشەیان پێدەدەن هەوڵدەدات کۆتایی بە بێکاری ژنان بهێنێت، لە لایەکی ترەوە، ئەوان منداڵانی شەهیدان پەروەردە دەکەن و کشتوکاڵ پەرەپێدەدەن، ئەو پڕۆژانەی کە لەلایەن نووسینگەی ژنانەوە لە کانتۆنی قامیشلۆ و حەسەکە پەرەپێدراون بریتین لە: چێشتخانەی چارچەلە لە دێرک، چێشتخانەی لیلیت لە قامیشلۆ، سەنتەری ئەدا بۆ فێربوونی زمان و کۆمپیوتەر لە قامیشلۆ، فڕنی شێرانیە لە تربەسپی، ٧ هەمبازگە و سێ باخچەی ساوایان، شوێنێک بۆ شوشتنی فەرش و شەتڵگەیەک لە ناوچەی تربەسپی، هەروەها ١٠ باخچەش کراونەتەوە، بەپێی پڕۆژەکانی نوسینگەی ژنان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، پڕۆژەی "نوژیان" هەیە، ژین بەکر، بەڕێوەبەری نوسینگەی ژنان لەدەستەی شارەوانی هەرێمی جزیرە، باسی پرۆژەی "نوژیان" و ئامانجەکانی کرد.

 

"چەندین پڕۆژەی دیکە لە هەرێم جێبەجێ کراون"

ژین بەکر ئاماژەی بەوەکرد، پڕۆژەکان بەگوێرەی ئەو پرۆسەیەی کە ناوچەکە لە بواری ئابووریدا تێیدایە پەرەپێدەدرێت و وتی: لەو وڵاتەی کە جەنگ تێیدا ڕوودەدات، بەدڵنیاییەوە گەمارۆیەک هەیە و قەیرانی ئابووری ڕوودەدات، هەروەها لە هەرێمەکانی ئێمەشدا،. ئەم قەیرانە لە کۆمەڵگەدا زەحمەتی ژیان دروست دەکات و دەبێتە بارگرانی بۆ ژنان، ئەو ژنانەی کە ناتوانن بەشداری لە دامەزراوەکاندا بکەن، بەپێی بارودۆخی خۆیان و پرۆسەکەی ناوچەکەمان پڕۆژەکانیان پەرەپێدەدەن. بە تایبەتی لە هەرێمی جزیرە، چەندین پڕۆژە دامەزراون و دەیان ژن سوودمەند بوون، ژنان دەیانەوێت هونەر و زانستی خۆیان لە هەموو بوارەکاندا نیشان بدەن. لەبەر ئەوە، چەندین پڕۆژە لە بوارەکانی کشتوکاڵ و بازرگانی و فراوانکردنی ئاسۆکان و فێربوونی زمان و تەکنیکەکان پەرەپێدراون، بە بەشداریکردن لەم پڕۆژانە و ڕۆڵەکانیان، ژنان دەتوانن ماڵئاوایی لە بێکاری بکەن و پێشوازی لە کاری نوێ و هەنگاوی نوێ بکەن بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە، ژنان ئەو ناوچانەیان ڕەنگ کردووە کە کاری تێدا دەکەن.

 

پڕۆژەی نوژیان

ژین بەکر تیشکی خستە سەر ئەو کێشانەی کە ژنان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ڕووبەڕووی دەبنەوە و وتی: یەکێک لەو ئاستەنگانەی کە ژنان ڕووبەڕووی دەبنەوە بریتییە لە کرێ و دۆزینەوەی خانوو. لەگەڵ ئەوەشدا، دۆزینەوەی بۆشایی و پاراستنی سەلامەتییان دەکرێت کێشە بێت، ئەم جۆرە شوێنانە پێویستیان بەوە هەیە کە ژنان بتوانن دوای کارکردن بژین و گرنگە کە ئاسایشیان هەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزکردنی متمانە بە ژنان و ئاسوودەیی دەروونی، بۆیە پڕۆژەی "نوژیان" یەکێک بوو لە بڕیارەکانمان لە ساڵی ٢٠٢٢دا. بۆ ماوەی ٨ مانگ لە قامیشلۆ دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، ئێمە چوار کۆمەڵەی نیشتەجێبوون دروست دەکەین، هەر بینایەک ١٢ شوقەیە، ئێستا بینایەک کۆتایی دێت بێگومان ئێمەش یاریگایەکی وەرزشی بۆ ژنان دروست دەکەین.

 

"پڕۆژەی نوژیان هەموو ژنان لە باوەش دەگرێت"

ژین بەکر وتیشی: پڕۆژەی نوژیان تەنها ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەخۆ ناگرێت، بەڵکو شوێنی هەموو ژنان لە هەموو پێکهاتەکان و ئایینەکان دەگرێتەوە، ئەو ژنانەی کە هاوژینەکانیان گیانیان لەدەستداوە و بە تەنیا دەژین و لە بارودۆخی ئابووری و ئاسایشدا ڕووبەڕووی کێشە دەبنەوە دەتوانن سەردانی نوژیان بکەن. ئەو ژنانەی کە دەیانەوێت ژیانێکی نوێ هەڵبژێرن و دەست بکەن بە ڕێپێوان و گەشتێکی نوێ بەڵام نیگەرانن لە دۆزینەوەی شوێنێک، نوژیان ڕێگەی بۆ ئەوان کردووەتەوە، بەکرێدانی خانوو و دابینکردنی باری ئاسایش بارگرانی ئەو ژنانەیە کە دەیانەوێت بە تەنها بژین، لە ناوچەکەدا خاوەن ماڵەکان خانوو بە کرێ نادەن بە ژنانی گەنج کە بە تەنها دەژین، بۆ ئەوەی ژنان بتوانن کارەکانیان بە شێوەیەکی ئاسوودە و دەروونی ئەنجام بدەن، ئەو پڕۆژەیەی ئێمە گەشەمان پێداوە چارەسەرە، هەروەها ئەم هەواڵە دڵخۆشکەرە بە ژنان دەدەین کە دروستکردنی بیناکان ٩٠% کۆتایی هاتووە، لە ماوەی ٦ مانگدا دەرگای نوژیان بۆ ژنان دەکرێتەوە، ئەو ژنانەی دەیانەوێت ناویان تۆماربکەن.

 

ژین بەکر وتیشی: لەوانەیە دەنگۆیەکی زۆر هەبێت لەناو کۆمەڵگەدا، لەوانەیە بوترێت کە ژنان لە خێزان جیادەکرێنەوە، بەڵام ئێمە بە ڕوونی دەڵێین کە ئەو ژنانەی کە پێویستیان پێیەتی دەگەڕێنەوە بۆ ئەم پرۆژەیە، هیچ ژنێک لە ماڵەکەی خۆی دەرنەهێندراوەو ناچار نەکراوە لە نوژیان بمێنێتەوە، بۆیە پێویستە کۆمەڵگە و بەتایبەتی خێزانەکان بزانن کە نوژیان ژیانی ژنان دەپارێزێت.