زۆری کرێی دوکان ئاستەنگی بۆ ژنانی خاوەن کار دروستکردووە

سەرەڕای ئاستەنگییەکان ژنان بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و پشت بە توانای خۆیان دەبەستن، بەڵام نەبوونی شوێنێک بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان و زۆری کرێی دوکانەکان کێشەی بۆ دروستکردوون.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- لە زۆربەی کۆمەڵگە داخراوەکاندا کار کردنی ژنان بە عەیبە دادەنرێت بەهۆی زاڵبوونی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دابوونەریتی کۆنەوە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش، ژنان وازیان لە بەهرە و توانای خۆیان نەهێناوە و بەردەوامن لەسەر کار کردن، بەڵام ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی شوێنێک بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکانیان و کرێی زۆری دوکان دەبنەوە، بۆیە بەشێک لە ژنان لە ماڵەوە کار دەکەن و بەوەش کارەکانیان ناناسرێت بە پێی پێویست.

 

"توانای ژنان بەربەستەکان تێکدەشکێنێت"

شاناز ئەحمەد، خاوەنی براندی شاناز جیولەری، ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی کەمتر لە ساڵێکە دەستی کردووە بە دروستکردنی خشڵ و لە سەرەتاشدا لە خولێکەوە دەستی پێکردووە، کە لەلایەن گروپەکەوە پشتگیریەکی زۆری لێکراوە و توانیویەتی پلەی یەکەم بەدەست بهێنێت، "ئەمویست دیزاینی هەموو شتێک بکەم، بەڵام بەشداری دەورەیەکی ئۆنلاینم کرد لەسەر خشڵ و دوای ئەوە حەزم کرد تەنها لە بواری خشڵدا کار بکەم، هیچ کارێک ئاسان نییە و بێگومان ڕێگری دێتە پێشەوە، بەڵام توانای ژن زۆر لەوە زیاترە کە ڕێگریەکان ببنە بەربەست لە بەردەمیدا.

 

"کارە دەستییەکانم مۆرکی کوردەواریان پێوە دیارە"

شاناز ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک دەستم کرد بە کار کردن خێزان و هاوژینەکەم پشتیوانیان کردم، پێشتر لە زۆر شوێن کارم کردووە، بەڵام ئێستا دەمەوێت لەسەر پێی خۆم بوەستم و گرنگی بە کارەکەی خۆم بدەم، لە ئێستاشدا وەکو ژنێک بژێوی ژیانی خۆم لەسەر کارەکەم دابین دەکەم، لە پلانیشمدا هەیە کە پرۆژەکەم گەورەتر بکەم تا دەگەم بەوەی کە خۆم دەمەوێت.

 

وتیشی: زیاتر ئەو خشڵانە دروستدەکەم مۆرکی کوردەواریان پێوە دیارە، لە ڕێگەی ئۆنلاین و پێشانگا و فێستیڤاڵەکانەوە کارە دەستییەکانم دەفرۆشم، ئێمە زۆر جار لایەنی دەروونیمان بۆ گرنگترە لە ماددی، کاتێک کڕیارێک ئیشەکانم دەبینێت و پشتگیریم دەکات لەسەر بەردەوام بوونم ئەوە زۆر خۆشحاڵم دەکات.

 

"کرێی دوکانەکان زۆرە و ناتوانین دابینی بکەین"

شاناز ئەحمەد باسی لەوەکرد کار کردن لە ماڵەوە بۆی گونجاو ترە، چونکە خێزانی هەیە، وتیشی: لە هەمان کاتدا ناتوانم کرێیەکی زۆر بدەم بۆ ئەوەی کارەکانم لە دوکانێکدا بکەم، ئەگەر دوکان بگرم بە کرێ ناچار دەبم کارە دەستییەکانیش بە نرخێکی زیاتر بفرۆشمەوە، بۆیە بۆمان گونجاو نییە.

 

"ماوەی ٥ ساڵە کاری دەستی دەکەم"

سروە عوسمان، ژنێکی دەست ڕەنگینی ترە و ماوەی ٥ ساڵە کاری دروستکردنی مۆم و نەخشی خەنە دەکات، ئاماژەی بەوەکرد، سەرەتای کارکردنم دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە کاتی خوێندندا چەندین بیرۆکەم هەبووە و دەرمنەخستووە، هەوڵمدا دەستبکەم بە بەرجەستەکردنی بیرۆکەکانم و توانای دەست ڕەنگینی خۆم دەربخەم، چەندین کارم کردووە سەرەتا بە کێشانی تابلۆ دەستم بە کار کردن کرد، هەموو کەسێک بە تایبەتی ژنان پێویستیان بەوە هەیە کار بکەن و پشت بە خۆیان ببەستن، هەرچەندە ڕێگری دێتە بەردەمی زۆربەمان، بەڵام نابێت بهێڵین زاڵ بێت بەسەرماندا.

 

"بە بیرۆکەکانمان ژیان جوانتر دەکەین"

سروە عوسمان ڕوونی کردەوە، من وەکو ژنێک گروپێکم داناوە و هەمووی لە ژنی خاوەن کار پێکهاتووە، چونکە پێکەوە یارمەتی یەکتر دەدەین و پشتگیری یەک دەکەین، ئێمەی ژنان زیاتر لە پێشانگاکاندا کارەکانمان ساغ دەکەینەوە، چونکە ناتوانین دوکان بگرین بە کرێیەکی زۆر و دەبێت بە گرانتر کارەکانمان بفرۆشینەوە بۆ خەڵک و ناتوانن بڕە پارەیەکی زۆر بدەن بەو کارانە، وەکو ژنێک داوا لە ژنانی تر دەکەم هەر بەهرەیەکیان تیایە دەستەوەستان نەوەستن، چونکە هەر کەسێکمان و بیرۆکەیەکی جیاوازمان پێیە و دەبێت بەو بیرۆکانە ژیان جوانتر بکەین.