کارگەیەکی نان لە چۆمان ژنان پێکەوە کۆدەکاتەوە

ژنانی شارۆچکەی چۆمان لە کارگەیەکی دروستکردنی ناندا کاردەکەن و بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابیندەکەن، گەشتیارانیش لە ناوچە جیاوازەکاندا بوونەتە کڕیاری سەرەکی بەرهەمەکانیان و لەگەڵ خۆیان دەیبنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

چۆمان

 

چۆمان یەکێکە لە شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر لە باشوری کوردستان، دەکەوێتە ١٦٠ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژھەڵاتی شاری ھەولێر، ژمارەی گوندەکانی ١١٦ گوندە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٤٧٠٠٠ کەسە.

 

هێرۆ کاکە ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی چۆمانە و تەمەنی ٣٧ ساڵە، لە ساڵی ٢٠١٧دا کارگەیەکی نانکردنی بە ناوی "شیرنەمەنی و هەویرکاری باڵەکایەتی" بۆ ژنان دامەزراندووە و تیایدا سێ جۆر نان دروستدەکەن "کولێرە، نانی تیری، نانی هەورامی"، ڕۆژانە هەشت ژن لە کارگەکەدا کاردەکەن لە هەر سێ شەفتی "بەیانیان، ئێواران، شەوان"، ئەو ژنانە بەشێکیان خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و پەیمانگان و بەشێکی دیکەیان ژنی ماڵەوەن و ڕۆژانە بە نزیکەی ٨٠٠-١٠٠٠ نان دروستدەکەن.

 

"ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار ڕوو لە شارۆچکەی چۆمان دەکەن"

هێرۆ کاکە باس لەوە دەکات گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شارۆچکەی چۆمان دەکەن و خواستێکی زۆریان لەسەر بەرهەمەکانیان هەیە و لێیاندەکڕن و دەیبەنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، وتی: "گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە شارۆچکەی چۆمان دەکەن و بەشیکی زۆری بەرهەمەکانمان لێدەکڕن، سەرەتا کارەکانم تەنها بۆ ناو چۆمان بوو بەڵام بەرهەمەکانمان خواستێکی زۆری لەسەرە و کڕیار لە چۆمان، سۆران، هەولێر، و ڕانیە و ناوچەکانی دیکەوە سەردانمان دەکەن، هەروەها بۆ ئەو کەسانەی ناتوانن سەردانمان بکەن گەیاندنمان هەیە."

 

" نانکردن کارێکی سەختە بەڵام ژنان بە جۆشەوە کارەکانیان ئەنجامدەدەن"

هێرۆ دەربارەی سەختی کاری نانکردن باسی لەوەکرد کە ئەو کارە پێویستی بە هێز و وزەیەکی زۆرە و ژنان لە کۆندا نانیان دروستکردووە، ژنانی گەنج کەمتر لێیدەزانن و نان دروستدەکەن، دەشڵێت: "نانکردن بازوو و وزەیەکی زۆری دەوێت و زیاتر ئەو ژنانەی لە کۆندا ژیاون دەزانن نان بکەن و ژنانی گەنج کەمترن کە بتوانن نان بکەن بەتایبەتی نانی هەورامی."

 

سەرباری ئەوەی کارکردن زەحمەتی تیایە و جەستە ماندوو دەکات بەڵام ژنان بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیانیان دێن و لە کارگەکەدا کاردەکەن و هێرۆ وتیشی: "ئەو ژنانەی کە شارەزای دروستکردنی نانن دێن و لە کارگەکەدا کاردەکەن و بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابین دەکەن و بەشێک لە ژنانی دیکە نایانەوێت سەرجەمی ڕۆژەکەیان بە بێکاری لە ماڵەوە بەسەربەرن بۆیە دێنە کارگە و ڕۆژەکانیان بە کارکردن بەسەردەبەن."

 

 هەر ژنێک ڕۆژانە بڕێکی زیاتر لە نان دروستبکات داهاتێکی زیاتری دەبێت، بەڵام وەک هێرۆ باسی کرد ژنەکان ئەوەندە کاردەکەن کە ماندوو نەبن، تەنها لە ڕۆژانی جەژن و بۆنەکاندا بەهۆی زۆری خواستی کڕیار بڕێکی زۆر نان دەکەن و ماندوو دەبن.

 

"پەیداکردنی بژێوی ژیان بۆ خێزانەکەم ماندووی کارکردنم دەڕەوێنێتەوە"

سولحیە محەمەد، ژنێکی دانیشتووی شارۆچکەی چۆمانە و خێزاندارە و خاوەنی شەش منداڵە، لە کارگەکەی هێرۆ کاکەدا کاردەکات و وتی: "ڕۆژانە لە کاتژمێر ٤ی بەیانییەوە دێمە سەرکار، تەنها ئەو ڕۆژانە نەبێت بەهۆی ئەرکەکانی ماڵەوە ناتوانم بێم."

 

دەربارەی کارکردنی لە کارگەکەدا باسی لەوەکرد وەک حەزێکی خۆی دەیەوێت کاربکات و ئەو کاتانەی بێکار بووە لە ماڵەوە هەستی بە دڵتەنگی و بە نەخۆشی کردووە "ڕاستە نانکردن کارێکی سەختە و هەست بە ماندووی و ئازاری جەستە دەکەیت سەرەڕای ئەوەی ئەرکی ماڵەوە و خێزانیشم لەسەرە، بەڵام کاتێک پشوو دەدەم و دەزانم بە کارکردنم بەشێک لە بژێوی خێزانەکەم دابین دەکەم ماندوویم دەڕەوێتەوە."

 

ت.پ