"گرنگ نییە چەندت دەستدەکەوێت، گرنگ ئەوەیە نەوەستیت و کار بکەیت"

شەهلا ژنێکی ڕەنجکێشە و لەگەڵ ماڵەکەیدا فرۆشگایەکیش بەڕێوەدەبات، ئەو دەیەوێت لەو ڕێگەیەوە بژێوی ژیانی خۆی دابین بکات و لەسەر پێی خۆی بوەستێت.

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- لە تەنیشت ماڵەکەی خۆی و لە فرۆشگایەکی بچوکدا بە ناوی "جوانکاری ڕۆژ"، ژنێک بەدیدەکرێت هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی ژیانی خۆی، ئەویش شەهلا فەتاح'ی خاوەن جوانکاری رۆژە، کە ماوەی دوو ساڵە ئەو فرۆشگایەی داناوە و بەڕێوەی دەبات.

 

شەهلا باس لەوەدەکات کە پاش ئەوەی پۆلی شەشی تەواو کردووە پێی خۆش بووە ببێتە خاوەنی ئابوری خۆی، فرۆشگاکەشی بە هەمان مەبەست داناوە و سەرجەم بابەتە جوانکارییەکانی ژنان و پیاوانی تێدا داناوە، لە ئەوروپا و سلێمانی و چەند جێیەکی دیکەشەوە بەرهەمی بۆ دەهێنێت.

 

شەهلا جگە لەوەی کارە دەستڕەنگینیەکانی خۆی دەفرۆشێت، کاری ژنانی دیکەش دادەنێت و بووەتە هاوکاری ژنان بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان، "کڵاو و پێداویستی ژنان، حێل و مێخەک دادەنێم، هەرچەندە کەم دەفرۆشرێت بەڵام هەرباشە و پێویستییەکان پڕ دەکاتەوە.

 

هەوڵدان دەتگەیەنێتە ئامانج

شەهلای ڕەنجکێش دەڵێت بەردەوام فرۆشگاکەم کراوەیە و ژنان و پیاوان دێنە سەردانی بۆ بازاڕ کردن، داواکاریشە لە ژنان هەوڵبدەن تاوەکو بە ئامانج دەگەن، "هیچ هەوڵدانێک بێ ئامانج نییە، بە هەوڵدانیش دەگەیتە ئامانج، بۆ هەر کارێکیش دەبێت بە متمانەوە بکرێت تا سەرکەوتوو بن".

 

ت.پ