ژنێکی گەنج میراسی ئەسمهان لە دڵی سوەیدا زیندوو دەکاتەوە
ڕەزان جغامی، ژنێکی گەنج خوێندنی ئەکادیمی لەگەڵ خولیای مۆسیقای خۆی تێکەڵ دەکات، ئیلهام لە میراسی ئەسمهان و کوالیتی دەنگی ناوازە وەردەگرێت، نوێنەرایەتی نەوەیەکی بەڵێندەر دەکات کە ڕەسەنایەتی مۆسیقای نەریتی عەرەبی و سەردەمی زێڕینی مۆسیقا زیندوو دەکاتەوە.
ڕۆشێل جونیور
سوەیدا – شاری سوەیدا لە سووریا پەیوەستە بە میراسێکی دەوڵەمەندی گۆرانی و مۆسیقا، کە ناوێکی بەرچاوی بە دیمەنی هونەری ناوە، لە ئەسمهان و فەرید ئەترەشەوە تا فەهد بلان و داود ڕەزوان، ئەمە جگە لە دەنگەکانی دیکە کە جێپەنجەی خۆیان لەسەر یادەوەری مۆسیقا بەجێهێشتووە، لە درێژەدان بەم میراسە، بەهرەمەندە گەنجەکانی شارەکە، بە ئیلهام وەرگرتن لە مۆسیقای عەرەبی ڕەسەن، ڕێڕەوی هونەری خۆیان دروست دەکەن، لە ئەزموونەکاندا کە خوێندنی ئەکادیمی و شوێنکەوتنی مۆسیقی تێکەڵ دەکەن، بەم شێوەیە پەیوەندی نەوە نوێیەکان بە میراسی هونەری خۆیانەوە دەپارێزن.
لە ماڵی ئەسمهان لە سوەیدا کە تا ئێستاش شایەتحاڵی بەشێک لە مێژووی ئەو ژنەیە، چیرۆکەکە درێژدەبێتەوە بۆ خێزانێکی هونەری هاوچەرخ کە پێکهاتووە لە چوار منداڵ کە دەستکەوتی ئەکادیمی لەگەڵ گۆرانی و ژەنینی ئامێری مۆسیقا تێکەڵ دەکەن، لە نێو ئەوانەدا ڕەزان جغامی، خوێندکاری قۆناغی یەکەمی ئامادەیی دیارە و دەنگی سەرنج ڕادەکێشێت و زۆرجار بە دەنگی ئەسمهان بەراورد دەکرێت.
خێزانێک کە زانست و هونەر تێکەڵ دەکات

کنوز حەلەبی، مامۆستایەکی خانەنشینکراوی زمانی ئینگلیزی، ژیانی خێزانیی لەگەڵ پیشەیی خۆیدا تێکەڵ بووە، چوار منداڵەکەی لە ژینگەیەکدا گەورە بوون کە حەزیان لە مۆسیقا و گۆرانی بوو، هانیان دەدرا لەگەل خوێندنیان پەرە بە بەهرەکانیان بدەن.
کنوز حەلەبی ئاماژەی بەوەشکرد، کە کچە گەورەکەی جگە لە خوێندنی ئۆرگ دەژەنێت، کچەکەی تریشی کە دەرچووی کۆلێژی گەشتوگوزارە، گۆرانی وتن لەگەڵ ژەنینی تەپڵ و کەمانچە تێکەڵ دەکات، کوڕەکەی کە خوێندکاری قۆناغی شەشەمی پزیشکییە، عودژەنێکی پیشەگەرە و دەنگێکی جیاوازە، لە کاتێکدا ڕەزان لە تراکی زانستیدا درێژە بە خوێندن دەدات و گۆرانی دەڵێت و کەمانچە دەژەنێت.
ڕوونیکردەوە، کە منداڵەکانی حەزیان لە هاوسەنگی لە نێوان خوێندن و هونەردا بووە، هەروەها حەزکردنیان بۆ مۆسیقا لەسەر حیسابی دەستکەوتە ئەکادیمییەکانیان نەبووە، بەڵکو توانیان ئەو دوو بوارە کۆبکەنەوە، ئەمەش بەهۆی پاڵپشتی خێزانەکەیان و پەروەردەکردنی بەهرەکانیان لە تەمەنێکی بچووکەوە، هەروەها بەهرەی مۆسیقاش لە ژیانی خۆیدا ئامادە بووە؛ ئەو زۆر حەزی لە گۆرانی وتنە و بەشداری لە بۆنە خێزانییەکان و کۆمەڵایەتییەکان دەکات، ئەمەش بەشداری کردووە لە دابینکردنی ژینگەیەکی هونەری بۆ منداڵەکانی، هانیان دەدات بۆ دۆزینەوە و پەرەپێدانی مەیلیەکانیان.
ئاماژی بەوەشکرد، کە منداڵەکانی لە تەمەنێکی بچووکدا بەهرەکانیان نمایش کردووە، بۆیە خێزانەکە حەزیان دەکرد ڕێنمایییان بکەن بەرەو ئامێری مۆسیقای گونجاو و هانیان بدەن بۆ مەشقکردن و بەشداریکردن لە چالاکییە هونەرییەکان، جەختی لەسەر گرنگی ڕاهێنانی تایبەتمەند دەکاتەوە لە پاڵاوتنی بەهرە و پەرەپێدانی تواناکانی دەنگی و مۆسیقا.
وتیشی: ئەو ڕاهێنانە ڕێگەی بە منداڵەکانی داوە کە ئاشنای شێوازە میوزیکییە جیاوازەکان بن، لەوانەش مۆشەحاتی ئەندەلوسی جگە لەوەی گوێیان لە بەرهەمی گۆرانیبێژانی بەناوبانگی وەک سەباح فەخری، فەیروز، پێشەنگەکانی تری مۆسیقای عەرەبی گرتووە، کە ئەمەش یارمەتیان دا کە زانیاری مۆسیقییان فراوانتر بکەن و خۆیان لە یەک ژانردا سنووردار نەکەن.
کنوز حەلەبی یەکێک لە وێستگە سەرەتایییەکانی ئەزموونی کچەکەی، ڕەزان، دەهێنێتەوە یاد کاتێک تەمەنی پێنج ساڵ بوو، لە کاتی ئاهەنگێکدا لە سەر شانۆیی ناوەندی ڕووناکبیری، کە تێیدا داوای کرد سەربکەوێتە سەر شانۆ و لەگەڵ گروپی مۆسیقادا گۆرانی بڵێت، وتی: ڕەزان گۆرانییەکی بۆ فەیروز وت بێ ئەوەی پێشوەختە مەشق و ڕاهێنانی لەسەر ئەو بڕگەیە کردبێت، بوێرییەکی بەرچاوی نیشان دا سەرەڕای بچووکی تەمەنی.
دەنگێک کە لە مۆسیقا و گۆرانیی ڕەسەن ئیلهام وەردەگرێت

گەشتی گۆرانی وتنی ڕەزان جغامی لە منداڵییەوە دەستی پێکرد، لە ژێر کاریگەری گۆرانییەکانی منداڵان و گۆرانییە تەوەرەییەکانی کارتۆن، پێش ئەوەی ڕوو لە مۆسیقای کلاسیکی بکات و دواتر ڕووی لە مۆسیقای نەریتی بکات.
ڕەزان جغامی ڕوونیکردەوە، کە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە دەستی بە هەوڵدان بۆ پێشکەشکردنی گۆرانییەکانی فەیروز کردووە، سوودمەند بووە لەوەی کە لە خێزانێکی هونەریدا پەروەردە بووە، یارمەتیی داوە پەرە بە بەهرەکەی بدات و تواناکانی دەنگی بەرزتر بکاتەوە، هەروەها ئارەزووی گۆرانی وتن تەنها لە یەک ژێنەردا سنووردار نەبووە، بەڵکو گۆرانییەکانی میراسی ناوخۆیی پێشکەش کرد، لەگەڵ گۆرانییە کلاسیکەکان، کە پێی وایە ڕێگە بە گۆرانیبێژێک دەدات کە مەودای دەنگی و تواناکانی خۆی پیشان بدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆرێک لەوانەی گوێیان لە دەنگی ئەو بووە، سەرنجی کوالیتییەکی هاوشێوەی دەنگی ئەسمهانیان داوە، ئەمەش وای لێکردووە ڕاهێنانەکانی چڕتر بکاتەوە و کار لەسەر پەرەپێدانی نمایشەکەی بکات، وتی: هەوڵ نادات ڕاستەوخۆ لاسایی ئەسمهان بکاتەوە، بەڵکو حەز دەکات گۆرانییەکانی بە شێوازی خۆی پێشکەش بکات، بە شێوەیەک کە لەگەڵ مەودای دەنگی و تۆمارەکانیدا بگونجێت، لە هەمان کاتدا ڕۆح و ڕەسەنایەتی گۆرانییەکە بپارێزێت.
وتیشی: گوێگرتن لە بەرهەمەکانی ئەسمژان و گۆرانییە کلاسیکییە عەرەبییەکان پاڵنەرێکە بۆ بەردەوامبوون لە مەشقکردن و پەرەپێدانی دەنگی بۆ ئەوەی یارمەتی بدات لە پێشکەشکردنی نمایشەکان کە ڕەنگدانەوەی شێوازی هونەری ناوازەی خۆیەتی.
لە گۆرانی وتنی خێزانییەوە تا کۆری تالا
ئەزموونی ڕەزان جغامی تەنها لە گۆرانی وتن لەناو بازنەی خێزانەکەیدا سنوردار نەبوو، نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر پەیوەندی بە کۆری تالا کرد، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆدا لەسەر پلاتفۆرمی "Side by Side" ڕێگەی بە بینەرانی ناوچە جیاوازەکان داوە دەنگی ئەو بدۆزنەوە دوای ئەوەی پارچەیەکی کۆڕاڵی پێشکەش کرد، ئەمە جگە لە گۆرانی وتن بە تاکە کەسی.
لەم دەرکەوتنەدا دەنگی سەرنجی چەند بینەرێکی ڕاکێشا کە پەیوەندییان پێوەکرد بۆ ئەوەی لێی بپرسن، سەرنجیان دا بەو لێکچوونەی کە لە نێوان زەنگی دەنگی و دەنگی ئەسمهان هەستیان پێدەکرد.
ڕوونیکردەوە، کە ئەزموونی لەگەڵ کۆڕەکەدا توانای گۆرانی وتنەکەی دەوڵەمەند کردووە و هانیداوە بەردەوام بێت لە مەشقکردن، لە ئێستادا دیپلۆمی ئامادەیی لە بواری زانستدا بەدەست دەهێنێت، لە هەمان کاتدا کەمانچە دەژەنێت و خولیای دیکەش بەدوای خۆیدا دەهێنێت، لەوانە وێنەکێشان و شیعر نووسین.
ڕەزان جغامی لە پەیامەکەیدا، بۆ منداڵانی کچی خاوەن بەهرەمەندی هونەری، داوای پشتگوێنەخستنی ئەم بەهرانە دەکات، کارکردن بۆ پەرەپێدانیان لە ڕێگەی ڕاهێنان و پراکتیکەوە، جەخت لەسەر توانای ژنان دەکاتەوە بۆ ئاشتکردنەوەی خوێندن و بەهرە و بەرپرسیارێتیەکانی تر.