دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایشی خۆراکی ناوچەکە دروست دەکات

باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەهۆی دابەزینی بەرچاوی ئاستی ئاوی ڕووباری فورات کە کاریگەری لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی کارەبا و ئاوی خواردنەوە هەیە، دۆخێکی نیگەرانکەری دروست کردووە.

نور ئەحمەد

 

ڕەققە- ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لەم دواییانەدا بە هۆی دابەزینی توندی ئاستی ڕووباری فورات، دۆخێکی دڵەڕاوکێ و کارەساتی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر هەردوو کەرتی کشتوکاڵ و ئابووری هەبووە، ئێستا دانیشتوانی ناوچەکە بەدەست ناتەواوی بەرهەمهێنانی کارەبا و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە دەناڵێنن، ئەمەش مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

 

توانای هەڵگرتنی ڕووباری فورات ١٤ ملیار مەتر سێجایە، بەهۆی کەمی ئاوی دەریاچەکە چوار ملیار مەتر سێجا لەدەستچووە، بەرزترین ئاستی ئاوی ڕووباری فورات ٣٠٤ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ئەمڕۆش ٢٩٧.٣٨ مەتر بەرزە، لەئەنجامدا دەریاچەکە شەش مەتری لەدەستداوە، لەلایەکی دیکەوە کەمی ئاو کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبای پێویست بۆ کارپێکردنی ٢٥ وێستگەی ئاودێری دروستکردووە، بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لێشاوی ئاوی ئێستا لە ٢٥٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا تێناپەڕێت، لەکاتێکدا لە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکەدا کە لە ساڵی ١٩٨٧ واژۆکراوە، ڕێژەی لێشاوی ئاوی ٥٠٠ مەتر سێجا لە چرکەیەکدا دیاریکراوە، ئەم کەمییە قەرەبوو نەکراوەتەوە وەک لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر وێستگەی کارەبا دەستکەوتوون، چوار یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ناوچەکەدا هەن کە ٤٤٠ مێگاوات بەرهەمدەهێنن، بەهۆی دابیننەکردنی بڕی دیاریکراوی ئاو، ئێستا ١٢٠ مێگاوات بەرهەمدەهێنن.

 

سیاسەتی تورکیای داگیرکەر بۆ ڕاگرتنی ئاو

سەبارەت بە سیاسەتی تورکیای داگیرکەر بۆ ڕاگرتنی ئاوی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، غوفران عەبدولسەلام، هاوسەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر سیاسەتی ڕاگرتنی ئاوی خواردنەوە وەک کارتێکی فشار لەسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەکاردەهێنێت، تورکیا پابەند نەبووە بەو ڕێککەوتنە کە مەرجی تێپەڕاندنی ئاوی ٥٠٠ سێجای مەتر لە چرکەیەکدا تێدایە، هەربۆیە چەند ساڵێکە بەردەوام بووە لە لێبڕینی ئاو لە ناوچەکە، تەنها نیوەی بڕی دیاریکراوی تێپەڕاندووە، لەم دواییانەدا بەنداوی فورات دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە بەهۆی بەکارهێنانی ئاو بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی وێستگە و کەناڵەکانی ئاودێری.

 

ڕوونیشیکردەوە، لەم دواییانەدا لەئەنجامی دابەزینی زۆری ئاستی ئاوی بەنداوەکە، بەرهەمهێنانی کارەبای بەکارهێنانی وێستگەکانی پەمپکردنی ئاو کەوتۆتە بەر ئاڵەنگاری، وتی: بەهۆی نەبوونی کارەباوە وابەستەی سوتەمەنی بووین و بەشێوەیەکی زۆر بەکاریدەهێنین، ڕێوشوێن سەبارەت بە تەکنەلۆجیای وزەی کارەبا لە هەرێم گیراوەتەبەر بە کەمکردنەوەی ئەو کاتژمێرانەی کارەبا.

 

ڕاگرتنی ئاو و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوچەکە

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەردەوام بێت لە ڕاگرتنی ئاوی ناوچەکە، ئەمە کاریگەری لەسەر کارپێکردنی کەناڵەکانی ئاودێری لە ناوچەکە و گوندەکاندا دەبێت، کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی فورات دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاستی ئاوی کەناڵەکانی ئاودێری و ئاوی ژێر زەوی کە دەکەوێتە لای ڕووبارەکە، لە ئەنجامدا کارکردنی کەناڵەکان پەکدەکەوێت یان بەتەواوی دەوەستێت، ئەمەش کاریگەری لەسەر کارکردنی ئەو وێستگانە دەبێت کە ئاوی خواردنەوە لێیەوە هاوردە دەکرێت، دەبێتە هۆی دروستکردنی ئاڵەنگاری لە دابینکردنی بڕی پێویستی ئاوی خواردنەوە بۆ داپۆشینی ئاوی خواردنەوەی پێداویستییەکانی ناوچەکە و گوندەکان، لە ئەنجامدا کەمیی توندی وێستگەکە و وەستانی ئاو، ڕێژەی ئەلکترۆلایت و خوێیەکانی تێدا زیاد دەکات.

 

غوفران عەبدولسەلام ئاماژەی بەوەشکرد، دابەزینی ئاستی ئاو کاریگەری لەسەر کوالێتی ئاوی ئاودێری دەبێت و بەشدار دەبێت لە گەشەکردنی ڕووەکی گژوگیا داگیرکەر و کێوییەکان، کە دەڕژێتە ناو بۆرییەکانی ئاوی خواردنەوە و کاریگەری لەسەر کوالێتییەکەی دەبێت، ئەمە جگە لە سەرهەڵدانی پەتا و نەخۆشییە مەترسیدار و ژەهراویەکان وەک ژەهراویبوون و هەوکردنی جگەر.

 

سەبارەت بە کاریگەری دابەزینی ئاستی ئاو لەسەر کەرتی کشتوکاڵ و ئابووری ڕوونیکردەوە، ئابووری هەرێم پشت بە خۆبژێوی دەبەستێت لە ڕێگەی بەروبوومی کشتوکاڵی وەک گەنم، جۆ، و پەتاتە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەرهەمانە پێویستیان بە ئاوی زۆرە، بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست، بیابانبوون و خوێکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان لەم دواییانەدا زیادی کردووە، کاریگەری لەسەر کوالێتی زەوی و هەروەها زۆرێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بۆ چاندن نەگونجاون، ئاژەڵداریش کاریگەرییان لەسەر بووە، ئەمەش مەترسی لەسەر نائاسایشی خۆراک لە ناوچەکەدا دروستکردووە.

 

سەبارەت بە کاریگەرییەکانی کەمی ئاو لەسەر کاری جووتیاران و تواناکان و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەیگرنەبەر، وتی: کەمی ئاو کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کاری جووتیاران داناوە و بارگرانییەکی دارایی بەرچاوی خستۆتە سەریان، بەو پێیەی جووتیاران ناچارن بۆری بۆ ڕاکێشانی ئاو لە بەنداوی فورات بە نرخێکی زۆر لە ڕادەبەدەر بکڕن لە پێناو ئاودێریکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و پاراستنی بەروبوومەکانیان.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەهۆی کەمی ڕۆیشتنی ئاو بۆ دەریاچەی بەنداوەکە و کشانەوەی ئاو لە دەریاچەکە بۆ ئاودێریکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی، ئاستی دەریاچەکە بەڕێژەی ٦ مەتر لە خوار ئاستی ئاساییەوە کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر بڕی پێویست بۆ ئاودێری لە لوتکەی سەرکەوتنی وەرزی هاوین و وەرزە چڕەکان پێکەوە هەیە، کە نزیکەی ٩٠ م٣/ چرکەیە، کەمی ئاو بۆ ئاودێری دانەوێڵە دروستبووە، کەمی ئاو دەگاتە سەرجەم جۆگەکان کە ژمارەیان /٣٧٥/ە و خزمەتی کشتوکاڵ و خواردنەوە و ئاژەڵداری دەکەن.

 

چارەسەری جێگرەوە

ڕوونیشیکردەوە، بەڕێوەبەرایەتی بەنداوەکە هەوڵی زۆر دەدات و چەند ڕێوشوێنێک دەگرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی فشار لەسەر ڕووباری فورات بە دۆزینەوەی ڕێگەچارەی جێگرەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، لەوانە وێستگەی کارەبا، غاز، و وزەی خۆر، جگە لە وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی خوێ و ئاوەڕۆ.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا، غوفران عەبدولسەلام، هاوسەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری داوای چارەسەری ئەم قەیرانە کرد، وتی: پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە مرۆییە پەیوەندیدارەکان بەخێرایی دەستوەردان بکەن و فشار بخەنە سەر دەوڵەتی تورکیا، بۆ پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەی لەسەر ڕووباری فورات واژۆ کراوە، هەروەها ڕێگەدان بە دابەشکردنی بڕی دیاریکراوی ئاو بەسەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا، بەردەوامی دابەزینی ئەم ئاوە دەبێتە هۆی کارەساتی ڕاستەقینە و هەڕەشە لە ناوچەکە و دانیشتووانەکەی دەکات.