زیندانییەکی سیاسی ڕووبەڕووی دۆسیەیەکی نوێ کرایەوە

ڕژێمی ئیران لە چەوساندنەوەی ژنانی وڵاتەکەی بەردەوامە بە مەبەستی کپکردنی دەنگی ژنان و لەو چوارچێوەیەشدا، زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئێڤین ڕووبەڕووی دۆسییەیەکی نوێی یاسایی کراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران، دەربارەی ژنە زیندانییەکی سیاسیی لە زیندانی ئەوین زانیاریی خستەڕوو.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئێران دۆسییەکی نوێ دژی فەرووغ تەقی پوور زیندانیی سیاسیی لە زیندانی ئەوین درووستکراوە و ڕووبەڕووی سەپاندنی ڕێوشوێنی یاسایی بووەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، فەرووغ تەقی پوور وەک سزایەک لە پەیوەندیکردنی تەلەفۆنی و بینینی کەسوکارەکەی بێبەشکراوە، ئەو کارانە وەک بەشێک لە زیادبوونی فشارەکان بۆ سەر زیندانییانی سیاسی دەبینرێن بۆ ئەوەی بێدەنگیان بکەن.

 

باس لەوەشکراوە، بڕیارە فەرووغ تەقی پوور بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” لە لقی دووی دادگای لێکۆڵینەوەی ناوچەی ٣٣، لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت.

 

جێگای ئاماژەیە، فەرووغ تەقی پوور لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٤ و دەرچووی بەشی ژمێریارییە، یەکەمجار لە مانگی ئاداری ٢٠٢٠ لەگەڵ دایکی دەستگیرکران و دوای دادگاییکردنەکەی سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا و تا شووباتی ٢٠٢٣ لە زیندانی ئەوین مایەوە و دوای ئازادکردنی تەنها چەند مانگێک لە دەرەوەی زیندان بوو.

 

دواتر لە ٢١ـی ئابی ٢٠٢٣ هاوکات لەگەڵ ساڵیادی خۆپیشاندانی شۆڕشی “ژن ژیان ئازادی” جارێکی دیکە دەستگیرکرایەوە و پاش گواستنەوەی بۆ زیندانی ئەوین لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تۆمەتی “یاخیبوون” سزای ١٥ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەم سزایە لە کاتی پێداچوونەوە بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواوەوە بۆ پێنج ساڵ زیندانیی کەمکرایەوە.