کەژەکە داوای هەنگاوی بەپەلەی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پاراستنی شنگال و داننان بە خۆبەڕێوەبەرییەکەی دەکات

کەژەکە داوای چالاکی دیپلۆماسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەرفراوان بۆ پاراستنی شنگال و دەستەبەرکردنی داننان بە خۆبەڕێوەبەرییەکەی کردو هۆشداریدا لە مەترسییەکانی "پلانی نوێی جینۆساید" کە ناوچەکە دەکاتە ئامانج.

ناوەندی هەواڵ

 

شنگال لەم دواییانەدا شایەتی پەرەسەندنی گرژییەکان بووە بەهۆی زیادبوونی چالاکییە سیاسی و سەربازییەکان کە داهاتووی ناوچەکە دەکەنە ئامانج، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ترسی بەرفراوانی گشتیی هەیە لە گەڕانەوە بۆ هەڕەشە ئەمنییەکان، بە تایبەتی دوای پەرەسەندنی گفتوگۆکان سەبارەت بە پلانەکانی داڕشتنەوەی دۆخی بەڕێوبەری و ئەمنی شنگال بە شێوەیەک ڕاستە کە هێزە ناوخۆییەکان وەک هەوڵێک بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو دەستکەوتانەی دوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٤دا بەدەستیان هێناوە، هەستی پێدەکەن.

 

لە کاردانەوەکان گروپی سیاسی و ژنانی کورد تادێت داوای هەنگاوی بەپەلەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڵکشانێک کە بتوانێت هەڕەشە لە سەقامگیری ناوچەکە بکات یان زیندوو بکاتەوە بەو سیناریۆیە جینۆسایدانەی کە پێشتر ئێزدییەکان تووشی بوون.

 

ئەمڕۆ ٢٣ی شوبات، کەژەکە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای کرد بۆ پاراستنی شنگال و دەستەبەرکردنی دانپێدانانی بە خۆبەڕێوەبردنی شنگال، کردەوەی دیپلۆماسی و سیاسی و کۆمەڵایەتی فراوان بکرێت، هۆشداری دراوە لە مەترسییەکانی ئەو شتانەی کە بە "پلانی نوێی جینۆساید" پێناسەی کردووە کە ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

 

ڕێکخراوەکە لە سەرەتای ڕاگەیاندراوەکەدا جەختی لەوە کردەوە کە جیهان لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە قۆناغێکی بێ وێنەی "قەیران و ئاژاوە" بەخۆیەوە دەبینێت و ئاماژەی بەوەدا، کە "سیستەمی دەوڵەتی نەتەوەیی" چیتر کارا نییە و خێراتربوونی داڕمانی ڕێکخستنی نێودەوڵەتی کۆن ڕەنگدانەوەی قووڵایی قەیرانی ستراکتورییە.

 

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت کوردستانی کە بەسەر چوار بەشدا دابەشبووە، بە دەرەنجامی سیاسەتی تایبەت دەوڵەتە نەتەوەییەکان لە ناوچەکەدا، بووەتە ناوەندی جەنگی جیهانی سێیەم، لە درێژەی ڕاگەیامدراوەکەدا هاتووە: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ساتێکی گرینگدا تێدەپەڕێت، بەگوێرەی ئەو دیدگایەی ڕێبەر ئۆجالان چارەسەرێکی دیموکراتیک دەگرێتەبەر و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەکانی پەرەپێدەدات، یانیش لەسەر سیاسەتەکانی ئێستای نکۆڵیکردن بەردەوام دەبێت و مەحکوم بە هەموو جۆرە وێرانکارییەک دەکرێت.

 

ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی بە "پیلانی دووەمی ١٥ی شوبات" پێناسەیکردووە، کە بە هێرشی سەر ڕۆژئاوا دەستیپێکردووە، ئەمڕۆش لە ڕێگەی پلانێکەوە کە شنگال دەکاتە ئامانج بەردەوامە، هەروەها هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی یان هەوڵێک بۆ کۆتاییهێنان بە خۆبەڕێوەبردن لە ناوچەکەدا، هاوتایە لەگەڵ هێرشی دووەمی داعش بۆ سەر ئێزدییەکان.

 

"هێرشەکانی سەر شنگال جینۆساید دژی ژنان و کورد و بیروباوەڕی ئایینی پێکدەهێنن"

جەخت لەوە کراوەتەوە، کە شنگال نوێنەرایەتی سمبولێکە بۆ ژنانی جیهان و بۆ گەلانی ستەملێکراو و هەر هێرشێکی نوێ بۆ سەری بە واتای جینۆساید دژی ژنان و کورد و بیروباوەڕی ئایینی دێت.

 

کەژەکە داوای لە حکومەتی عێراق کرد نەکێشێتە ناو پیلانەکانی "هێزە پیلانگێڕەکان" کە بەگوێرەی ڕاگەیاندراوەکە هەوڵی دروستکردنی ناکۆکی ناوخۆیی لەنێو کورد دەدەن، جەختی لەسەر پێویستی پەسەندکردنی ئاشتییەکی ستراتیژی لەگەڵ گەلی کورد و باوەڕی ئێزدی کردەوە، هەروەها هەر هاوکارییەک لەگەڵ ئەو پلانەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا پێشنیاری کردووە بە دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی گەلی عێراق زانی.

 

دووپاتی کردەوە، کە تاکە ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە ئاژاوەگێڕی پاراستنی بوونی کوردە لە چوارچێوەی سیستمی دەستووری عێراق و بە فەرمی ناساندنی خۆبەڕێوەبەری شنگال.

 

داوا لە ژنانی کورد و گەلی کورد کراوە، بە هەمان شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا ڕووبەڕووی هەموو هێرشێکی ئەگەری بۆ سەر شنگال ببنەوە، هەروەها کورد و ژنان چیتر سیاسەتی لەناوبردن، قڕکردن، یان لێسەندنەوەی پێگەی یاسایی خۆیان قبوڵ ناکەن، هیچ چارەسەرێک لەدەرەوەی دروشمی ”ئازادی یان ئازادی” بەدەست ناهێنرێت، ئێمە ڕێگە نادەین ئەو کۆیلەکردنەی بەسەر ژنانی کورددا سەپێنراوە دووبارە بێتەوە، نە ڕێگەش دەدەین داگیرکاری ببێتە چارەنووسی خاکەکەمان.

 

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا، داوا لە سەرجەم ڕێکخراوەکانی ژنان و گروپە دیموکراتیک و چەپەکان کراوە، هاودەنگی لەگەڵ ژنان و خەڵکی شنگال بەهێزتر بکەن و ڕێگری لە هەر دووبارەبوونەوەی جینۆساید بکەن.

 

لە کۆتای قسەکانیدا کەژەکە داوای لە سەرجەم هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان کرد لە ئاستی دیپلۆماسی و سیاسی و بەرگریدا هەنگاو بنێن بۆ دەستەبەرکردنی دانپێدانان و پاراستنی خۆبەڕێوەبەریی شنگال و بەرخۆدانی گەلی کورد لە ڕابردوودا سەرکەوتوو بووە و جارێکی دیکە سەرکەوتوو دەبێتەوە.