پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بەردەوامەو ژمارەی کوژراوانی غەززە بۆ ٦٤٢ کەس بەرز بۆوە
ئاماری قوربانیانی غەززە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە لە ئەنجامی دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکانی هێزەکانی ئیسرائیل، ناوەندی غەززە بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ژمارەی کوژراوان لە دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەوە گەیشتووەتە ٦٤٢ فەڵەستینی کە ژن و منداڵیان تێدایە.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ژمارەیەکی زۆر لە ناوچەکانی سەرانسەری کەرتی غەززە شایەتحاڵی هێرشەکان بوون کە تۆپباران و تەقەی تێدابوو، لە ئەنجامدا کوژرانی نوێیان لێکەوتەوە، لەنێویاندا ژن و منداڵ.
سەرەڕای تێپەڕینی ١٣٦ ڕۆژ بەسەر واژوکردنی ئاگربەست، بەڵام هێزەکانی ئیسرائیل بەرەبەیانی ٢٣ی شوبات لە ناوچە جیاوازەکانی کەرتی غەززە بەردەوام بوون لە پێشێلکارییەکانی ڕێککەوتنی ئاگربەست، هێرشی ئاسمانی و تۆپباران و تەقەی توندیان دەستپێکرد و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی برینداربوون.
سەرچاوە پزیشکییەکان ڕۆژی ٢٢ی شوبات، هەواڵی گیانلەدەستدانی ژنێکی تەمەن ٢٧ ساڵی فەڵەستین بە ناوی ”بەسمە بەنات”یان ڕاگەیاند، کە لە نزیک گۆڕەپانی بەیت لاهیا لە باکووری کەرتی غەززە لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە تەقەی لێکرا.
ناوەندی غەززە بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندووە، کە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاگربەستەوە ڕۆژانە بە تێکڕا ١٣.٥ پێشێلکاری تۆمارکردووە و ئەم پێشێلکارییە دووبارەبووانە ڕێکەوتنەکە بێمانا دەکەن.
ڕوونیکردەوە، کە ژمارەی کوژراوانی فەڵەستین لە سەرەتای دەستپێکردنی ئاگربەستەوە گەیشتووەتە ٦٤٢ کەس کە ١٩٧ منداڵ و ٨٥ ژن و ٢٢ کەس بەتەمەن بوون، هاوکات ژمارەی بریندارانیش گەیشتووەتە هەزار و ٦٤٣ کەس کە ٦٠٤ منداڵ و ٣٣٠ ژن و ٨٩ بەتەمەن.
بەردەوامی گەمارۆدانی کەرتی غەززە و ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی یارمەتی و دەرمان، بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆرێک لە منداڵان، دوێنێ نیزال ئەبو ڕەبیع تەمەن دوو ساڵ دوای ئەوەی تووشی نەخۆشییەک بوو و نەیتوانی ئەو خاکە گەمارۆدراوە بەجێبهێڵێت بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی غەززە، گیانی لەدەستدا.
ناوەندی غەززە بۆ مافەکانی مرۆڤ هۆشداری دا لە بەردەوامی سنووردارکردنی هاتنە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان کە تەنها گەیشتووەتە ٤٣٪ی ئەو بڕە ڕێککەوتنەی لەسەر کراوە، گەیاندنی سووتەمەنی لە ١٥٪ تێپەڕ نەکردووە، سنووردارکردنی گەشتکردن لە ڕێگەی پەڕینەوەی ڕەفحەوە تەنها گەیشتووەتە ٤٠.٣٪ پابەندبوون، هەروەها ئەم ژمارانە ڕەنگدانەوەی بەئامانجکردنی گروپە پارێزراوەکانە و پێشێلکارییەکی گەورەی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی پێکدەهێنن، داوای لێکۆڵینەوەی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پێشێلکاریانە کرد.