ناسنامەی ٢٤٥ ژنی کوژراوی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا کرا

لەلایەن ڕێکخراوێکی ژنانەوە ناسنامەی ٢٤٥ ژنی کوژراوی خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئاشکرا کرا و هاوکات ١٢ ژنی دیکە دەستبەسەر کران.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنان لە تێکۆشانەکانیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئازادی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و مافەکانی ژنان ڕۆڵی سەرەکییان هەیەو بەردەوام پێشڕەوی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان دەکەن، بە وتنەوەی درووشمەکانی “ژن ژیان ئازادی”، “مەرگ بۆ خامنەیی و مەرگ بۆ دیکتاتۆر و ئەمساڵ ساڵی لابردنی عەلی خامنەییە” بۆ مافەکانی خۆیان دەجەنگن و چەندین جار دژی سوپای پاسداران و هێزە سەرکوتکەرەکانی دیکە بەرهەڵستیان کردووە، لە بەردەم ئۆتۆمبێلی سوپاکان وەستاون و شەقامەکانیان داخستووە و پاشگەزبوونەوەیان لە داواکارییەکانیان ڕەتکردووەتەوە.

 

بەپێی سەرچاوە خۆجییەکان، دەستبەسەرکردنی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە ئامانجی کپکردنی دەنگی ژنان و کوشتنی ڕۆحی بەرخۆدانیان مێژووەیەکی کۆنی هەیە، هەر بۆیە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا ١٢ ژن لە شارە جیاجیاکانی وڵاتەکە دەستبەسەر کراون و تا ئێستا چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە.

 

هەروەها ئەو ژنانە لە شارەکانی کرمان، کەرەج، بەندەر عەباس، دیواندەرە، ساری، تاران و گۆرگان لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کراون.

 

ناوی ژنە دەستبەسەرکراوەکان بریتین لە، فاتمە ڕۆهەندی پارێزەر، مەریەم میرزایی، نیکا مەحموودی، هودا فەوری، شوار کەریمزادە، سەبا ئەحمەدی، فەریبا قەهرەمانی، فەرزانە فەسیحی، مەهدیە زەراعی، نیرواانا تۆربەتی نەژاد، سای ئەمیرخانی.

 

هاوکات، بەپێی کۆمیسیۆنی ژنانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی بەرگریی ئێران، لە خۆپیشاندانەکانی گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ناسنامەی ٢٤٥ ژنی کوژراو ئاشکرا کراوە، کە لە خەباتی ئازادیی و یەکسانیی خۆپیشاندانی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا پیشەنگ بوون و سیمبولی ئیرادەی نەتەوەیەکن کە بۆ ئازادیی بەرخۆدانیان کردووە.