ژێوار مەحمود: بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردن مافێکی سروشتی و بنەمایەکی گرنگی پەرەپێدانە
ژێوار مەحمود وەک پێنجەمین هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل دەستیبە کار بوو، دەڵێت: بێگومان لە هەموو قۆناغێکدا سەختی و تەنگانە هەبووە، بەڵام ئێمەش خۆمان بە پابەند دەزانین بە بەردەوامیدان بەو ڕێبازە و خزمەتکردنی دانیشتووانی بناری قەندیل.
قەندیل
شارەوانی بناری قەندیل، وەک دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاریی ناوخۆیی، لە بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکە و وەڵامدانەوەی پێداویستییەکانی دانیشتوواندا ڕۆڵێکی گرنگی هەیە؛ ئەمەش وا دەخوازێت کە بەشداریی کۆمەڵگا، بە تایبەتی ژنان و کەسایەتییە پسپۆڕەکان، لە پڕۆسەی بڕیاردان و پەرەپێدانی ناوچەکەدا بەردەوام و کاریگەر بێت.
ژێوار مەحمود، وەک پێنجەمین ژن کە لە شارەوانی بناری قەندیل پلەی هاوسەرۆکایەتی وەر دەگرتووە، دەست بە کار بوو، لە یەکەم لێدوانی خۆیدا بۆ ئاژانسی نوژنها، جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بە کار و چالاکییەکانی شارەوانی، بەشداریی کاریگەری ژنان لە بەڕێوەبردن و بڕیاردان، پاراستنی سروشتی بناری قەندیل و هەروەها ڕۆڵی کەسایەتییە پسپۆڕ و خوێندەوارەکان لە خزمەتکردنی ناوچەکە کردەوە.
ژێوار مەحمود، ئاماژەی بەوەشکرد کە شارەوانی بناری قەندیل، کە لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە، تەنیا دامەزراوەیەک بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە نییە، بەڵکو دامەزراوەیەکە بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکان، پاراستنی ژینگە و سروشتی ناوچەکە و وەڵامدانەوەی پێداویستییە جیاوازەکانی گوندەکان.
وتیشی: شارەوانی بناری قەندیل لە ساڵی ٢٠٠٩ دامەزراوە و ئەرکی سەرەکیی بریتییە لە بەڕێوەبردن و خزمەتکردنی ناوچەکە. هەر گوندێک لە بناری قەندیل تایبەتمەندی و پێداویستیی تایبەتی خۆی هەیە؛ بۆیە ئەرکی شارەوانی تەنیا بەڕێوەبردنی کاروباری ڕۆژانە نییە، بەڵکو هەوڵدانە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و پاراستنی سروشت و جوانییەکانی بناری قەندیل. منیش وەک هاوسەرۆکی نوێ، بە هاوکاریی هاوکارانم هەوڵ دەدەم بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی ناوچەکەمان بکەین.
"بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردن مافێکی سروشتی و بنەمایەکی گرنگی پەرەپێدانە"
هەروەها بەشداریی ژنانی بە بنەمایەکی گرنگی پەرەپێدان و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا دانا و ئاماژەی بەوە کرد کە ژنان تەنیا بەشێک لە کۆمەڵگا نین، بەڵکو دەتوانن ڕۆڵێکی کاریگەر لە بڕیاردان، چارەسەرکردنی کێشەکان و بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر بگێڕن. وتی: بە بۆچوونی من، بەشداریی ژنان لە بەڕێوەبردن مافێکی سروشتی و بنەمایەکی گرنگی پەرەپێدانە. ژنان تەنیا بەشێک لە کۆمەڵگا نین، بەڵکو هێزێکی کاریگەرن لە دروستکردن، بڕیاردان و چارەسەرکردنی کێشەکان. بۆیە پێویستە بەشداریی ژنان لە دامەزراوەکاندا بەهێز بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانین داهاتوویەکی باشتر بۆ شارەوانی بناری قەندیل و دانیشتووانی ناوچەکەمان بنیات بنێین.
"ئێمە خۆمان بە پابەند دەزانین بە بەردەوامیدان بە خزمەتکردنی دانیشتووانی بناری قەندیل"
ژێوار مەحمود، سوپاسی هاوسەرۆک و کارمەندانی پێشووی شارەوانی بناری قەندیلی کردو جەختی لە گرنگیی بەردەوامیدان بەو ڕێبازەی کردەوە کە لە سەرەتای دامەزراندنی شارەوانییەوە بۆ خزمەتکردنی ناوچەکە گیراوەتە بەر وتی: من وەک پێنجەمین هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، پێویست دەزانم سوپاسی هەموو ئەو هاوسەرۆک و کارمەندانە بکەم کە لە ساڵی ٢٠٠٩ەوە و لە سەرەتای دامەزراندنی شارەوانییەوە، خزمەتی ئەم ناوچەیەیان کردووە. بێگومان لە هەموو قۆناغێکدا سەختی و تەنگانە هەبووە، بەڵام ئێمەش خۆمان بە پابەند دەزانین بە بەردەوامیدان بەو ڕێبازە و خزمەتکردنی دانیشتووانی بناری قەندیل.
بانگەوازی لە کەسایەتییە خوێندەوار و پسپۆڕەکانی ناوچەکە کرد کە لە هەر بوارێکدا کار دەکەن، بەشدارییەکی کرداری لە پەرەپێدان و خزمەتکردنی ناوچەکەیان هەبێت وتی: من خەڵکی بناری قەندیل و دانیشتووی گوندی بۆکریسکانم. لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، بە تایبەتی مامۆستایان، ئەندازیاران، دکتۆران و کەسایەتییە پسپۆڕەکان داوا دەکەم بگەڕێنەوە ناوچەی خۆیان و بە زانست و ئەزموون و تواناکانیان خزمەتی بناری قەندیل بکەن، ئەم ناوچەیە خاوەنی توانای مرۆیی و کەسایەتیی بەئەزموونە و پێویستە ئەم توانایانە بۆ پەرەپێدان و چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە بەکاربهێندرێن.
بانگەوازی بۆ ڕۆڵگێڕان لە پرۆسەی ئاشتی
لە کۆتایی قسەکانیدا ژێوار مەحمود ئاماژەی بە پێشکەوتنی پرۆسەی ئاشتی کرد و داوای لە کەسایەتییە خوێندەوار و پسپۆڕەکانی بناری قەندیل کرد کە لەم قۆناغەدا زیاتر ڕۆڵی خۆیان بگێڕنەوە و بە تواناکانیان خزمەتی ناوچەکە بکە.