مەهناز ئیبراهیمی مامۆستا و چالاکوانی پەروەردە لە شیراز دەستگیر کرا
لە درێژەی فشارەکان بۆ سەر چالاکوانانی پەروەردە لە ئێران، مەهناز ئیبراهیمی، مامۆستا و چالاکوانی یەکێتی مامۆستایانی پارێزگای فارس، بێ ئەوەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی ڕوون بکرێتەوە، لە شاری شیراز دەستگیر کرا.
ناوەندی هەواڵ
مەهناز ئیبراهیمی، مامۆستای بیرکاری و چالاکوانی یەکێتیی مامۆستایانی پارێزگای فارس، بەیانی ڕۆژی سێشەممە لە ماڵەکەی خۆی لە شاری شیراز دەستگیر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی یەکێتیی مامۆستایانی فارس، هێزە ئەمنییەکان چوونەتە ناو ماڵی مامۆستاکە، دەستگیریان کردووە و گواستیانەتەوە بۆ زیندانی عەدالابادی شیراز
مەهناز ئیبراهیمی لە بەشی پەروەردەی ناوچەی یەکەمی شیراز کار دەکات و لە چالاکییەکانی یەکێتیی مامۆستایاندا بەشداری دەکات. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنی، تۆمەتە ئەگەرییەکان یان دەزگای دادوەریی بەرپرسیار لە کەیسەکەیەوە بڵاو نەکراوەتەوە
یەکێتیی مامۆستایانی فارس ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکان بۆ ڕوونکردنەوەی هۆکاری دەستگیرکردنی ئەم چالاکوانەی یەکێتییە بەردەوامن، ئەنجومەنی هاوئاهەنگیی یەکێتییەکانی مامۆستایانی ئێرانیش نیگەرانیی خۆی لەبارەی دەستگیرکردنەکە دەربڕیوە و داوای ڕوونکردنەوەی باری یاسایی و زانیاریی ڕوون لەبارەی هۆکاری دەستگیرکردنەکەی کردووە.
هەروەها، ئەنجومەنەکە جەختی لە پێویستیی ڕێزگرتن لە مافە یاساییەکانی ئیبراهیمی و داننان بە مافی مامۆستایان بۆ چالاکیی سەندیکایی سەربەخۆ کردووەتەوە و داوای کردووە کە داواکارییەکانی یەکێتیی مامۆستایان بە توندوتیژی و پێکدادان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان وەڵام نەدرێنەوە
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم ڕاپۆرتە، هیچ زانیارییەکی زیاتر لەبارەی بارودۆخی دەستگیرکردنی مەهناز ئیبراهیمی، دەستگەیشتنی بە پارێزەر یان وردەکارییەکانی کەیسەکەی بڵاو نەکراوەتەوە.