ژنانی شەڕڤانی ئەرمەنی: هێرش بۆ سەر کورد درێژکراوەی ڕێبازی جینۆسایدە
ژنانی شەڕڤانی ئەرمەنی دەڵێن: هەمان ئەو عەقڵیەتەی کە جینۆسایدی ئەرمەنی ئەنجامدا ئەمڕۆ لە پشتی بەئامانجکردنی گەلی کوردە، جەختیان لەسەر پابەندبوونیان بە بەرگری هاوبەش بە یەکڕیزییەکی بەهێز و ئیرادەیەکی بێوچان لە بەرامبەر ئەو هێرشانەدا کردەوە.
حەسەکە
لەگەڵ پەرەسەندنی هێرشەکان بۆ سەر ڕۆژئاوایکوردستان، چەتەکانی هەتەشە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن، یەپەژە وەک هێزێکی هێڵی پێشەوەی بەرگریکردن لە خەڵکی هەرێم سەرهەڵدەدەن، پابەندبوونی خۆیان بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و هەموو پێکهاتەکان لە بەرامبەر ئەم هێرشانەدا دووپات دەکەنەوە.
لە چوارچێوەی ئەو پێشێلکارییە بەردەوامانەی کە لەلایەن چەتەکانی هەتەشە بە تایبەتی دژی گەل و ژنانی کورد ئەنجام دەدرێن، ژنانی شەڕڤانی ئەرمەنی بە ئاژانسەکەمانیان ڕاگەیاندووە، کە هەمان ئەو گروپە جیهادییانە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیان ئەنجامداوە، هەروەها گۆڕینی ناویان هیچ گۆڕانکارییەکی لە عەقڵییەتی شەڕانگێزی ئەوان ناکات.
"یەکگرتوو دژی هێرشەکان"
تەمار سرکیس، سەرکردەیەکی ئەرمەنی لە کەتیبەی "شەهید میدیا قاسابیان" لە ناو یەپەژە، وتی: ئامادەبوونیان لە حەسەکە بە ئامانجی بەرگریکردنە لە دەستکەوتەکانی گەل و ژنانی ناوچەکە، لە ژێر ڕۆشنایی بە ئامانجکردنی سیستماتیکی گەلی کورد.
نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر ئەو هێرش و کۆمەڵکوژییانەی کە لە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێن دەربڕی و بە "جینۆساید" پێناسەی کرد، ئەوانەی هێرشیان کردە سەر ئەرمەنەکان و قڕیان کرد، ئێستا خودی بوونی گەلی کورد دەکەنە ئامانج و بەدوای لەناوچوونیاندا دەگەڕێن، هەروەها ڕەتکردنەوەیان لەم هێرشانە و ئیرادەیان بۆ بەرگریکردن لە خاک و گەلەکەیان دووپاتکردەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشەکان بۆ سەر شاری حەسەکە لە چەند ئاراستەیەکەوە ئەنجامدەدرێن، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی هاوبەش و هاوپشتی گەلییەوە، بەرپەرچدانەوەیان هەیە، هەروەها ئێمە بە یەکگرتوویی بەرامبەر هێرشەکان دەوەستینەوە، بەرگری لە گەلەکەمان و خاکەکەمان دەکەین و ڕێگە نادەین چەتەکان بچنە ناو خاکەکەمانەوە.
بەڵێنی درێژەدان بە بەرخۆدان و بەرگریکردن لە حەسەکە و هەر ناوچەیەک کە لە ژێر هێرشدایە، ئەو قوربانیانەی لە چواردە ساڵی ڕابردوودا شەهیدان لە پێناو پێکەوە ژیان و ئازادیدا دایان بیرهێنایەوە، وتی: ئێمە بەرەنگاری دەبینەوە، بە خۆڕاگریش دەمێنینەوە، بەرخۆدان تا دوا هەناسەمان بەردەوام دەبێت.
لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی ناوچەکە کرد و داوای هاودەنگی و یەکگرتوویی کرد لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی کە هەموو پێکهاتەکانی سووریا دەکەنە ئامانج، وتی: بەئامانجگرتن تەنها کورد نییە، بەڵکو دروز و ئێزدی و هەموو گروپەکانی دیکەی وڵاتیش دەگرێتەوە، پێویستە گەل بە یەکگرتوویی بمێنێتەوە، هەروەها ئەو هێزە جیهادییانە دروشمی ”اللەاکبر” دەڵێنەوە و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن، ئێمەش بە ڕێنمایی ویژدانمان گەلەکەمان ئازاد دەکەین و خۆمان دەپارێزین.
"بە یەکێتی، بەهێزتر دەبین"
سنیریش سەرێکانی، شەڕڤان لە کەتیبەی "شەهید میدیا قەسابیان" ڕایگەیاند، ژنانی شەڕڤان کورد و ئەرمەنییەکان لە بەرەکانی پێشەوە شان بە شانی یەکتر شەڕ دەکەن بۆ بەرگریکردن لە زێدی خۆیان، هەروەها لە بەرامبەر ئەو کەسانەی کە کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد ئەنجام دەدەن، پاشەکشە ناکەن، هەروەک چۆن بەرامبەر ئەرمەنەکانیان کرد، جەختی لە پابەندبوونیان بە بەرگریکردن لە شاری حەسەکە و درێژەدان بە بەرخۆدانی خۆیان لە دژی هێرشەکان بە هێز و ئیرادەیەکی بێوچان کردەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوژمن ناتوانێت ئیرادەمان بشکێنێت، ئێمە لەڕێگەی یەکێتییەکەمانەوە بەهێزتر دەبین، هێزمان لە گەلەکەمان وەردەگرین، بە مۆڕاڵێکی بەرزەوە لە هێڵی پێشەوە شەڕ دەکەین.
کەزی: ئامڕازی سەرکەوتنە
هاسمیک ئاراک، شەڕڤانی هەمان کەتیبە، دووپاتی کردەوە، کە ئەو هێرشانەی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن ڕەزامەندی زلهێزە نێودەوڵەتییەکانیان هەیە و دەوڵەتی تورکیا و داعش لە پشتەوەن، سەرەڕای ڕوونی ئەم ڕاستیانە، هێرشەکان بەردەوامن.
هەروەها سەرنجی بۆ ئەو تاوانە ڕاکێشا کە چەتەیەک بەرامبەر بە ژنە شەڕڤانێکی کورد لە ڕەققە ئەنجامی داوە و لەوێ کوشتوویەتی و کەزی بڕیوە، ئەم جۆرە کارانە نابێتە هۆی ترساندنی ژنانی شەڕڤان، هەزاران کەس، کورد و عەرەب بەهەمان شێوە، وەکو ئامڕازی سەرکەوتن و یەکڕیزی، کەزیەکانیان دەبەستنەوە.